ئه‌گه‌ر به كورتیش بێ قسه له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و گۆرانییانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌خرێنه ناو بازاڕی بواره‌كه بكه‌ین و به‌راورد بكرێ به قۆناغه‌كانی رابردوو، جیاوازییه‌كه‌یان ئاسمان و رێسمانه. هۆكاره‌كان زۆرن كه رێ له هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان ده‌گرن، به‌ڵام له‌ناو هه‌موویاندا ئازادییه‌كانی تاك وایكردووه پێوه‌رێك نه‌مێنێ تا بتوانی هونه‌رمه‌ند و ناهونه‌رمه‌ند له یه‌كتر جیا بكه‌یته‌وه، بۆیه ئێسته له بواره‌كه‌دا ره‌خنه‌گر نابینرێت بۆ شه‌نوكه‌وی ئه‌وه‌ی هه‌یه، ته‌نیا بۆچوونی كه‌سه‌كانه كه ئه‌ویش یه‌ك دنیا بۆچوونی جیاجیا له‌خۆ ده‌گرن.
ئه‌گه‌ر به سهرچیغێكیش بێ قسه له‌سه‌ر به‌راورده‌كان بكه‌ین، ئه‌وه روونه له سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م تا ده‌گاته سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كان، به چاودێریی كه‌سانی شاره‌زا له موزیك و جۆره‌كانی ده‌نگ، تا ده‌گاته میلۆدی و تێكستیش نه‌بوایه، یه‌ك گۆرانیش نه‌ده‌بووه میوانی ماڵه‌كان و نه‌ده‌كه‌وته به‌رگوێ، بۆیه له‌و قۆناغه‌ی كه ئێسته له بواره‌كه‌دا باری كردووه، ده‌بوو بۆ تۆماركردنی یه‌ك گۆرانیش كه تایبه‌ت بۆ رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن تۆمار ده‌كران، لیژنه‌یه‌كی شاره‌زا له هه‌موو توخمه‌كانی گۆرانی بڕیار بدات، بڵاو بكرێته‌وه یان نا؟ بۆیه به‌راورده‌كه گه‌یشتووه‌ته ئاستێك كه ئازادیی تاك له‌م قۆناغه‌ی ئێسته تێیدا ده‌ژین، هه‌موو شاره‌زایانی بواره‌كه‌ی قۆڵبه‌ست كردووه و رێگریی له ده‌نگه ناجۆره‌كان به كه‌له‌پچه‌ی پۆڵایین، یه‌ك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی شێلووبوونی بازاڕی ئه‌مڕۆی گۆرانییه.
نموونه‌یه‌كی زه‌ق و به‌رچاو، جارێك هونه‌رمه‌ند "باكوور"ی خوالێخۆشبوو بۆی گێڕامه‌وه كه واده‌زانم له دیمانه‌یه‌كیشدا هه‌مان رووداوی خستبووه به‌ر رۆشنایی. كاتێك له كۆتایی ساڵانی په‌نجاكان بۆ تۆماركردنی گۆرانی سه‌ردانی رادیۆی كوردی له به‌غدا كردبوو، ئه‌وكات هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان سه‌رۆكی تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بوو، دوای گوێگرتن له ده‌نگی، عه‌لی مه‌ردان پێی گوتووه "ده‌نگی تۆ بۆ گوتنی مه‌قام ناشێ، بۆیه ته‌نیا ده‌توانی گۆرانی بڵێیت".
به‌پێی گێڕانه‌وه‌كه‌ی باكووری، شانازیی به‌وه‌وه ده‌كرد كه مامۆستایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك عه‌لی مه‌ردان، رێنوێنیی كردووه مه‌قام نه‌ڵێت و ده‌نگی ئه‌و بۆ ئه‌و بواره ناشێت، بۆیه تا مردیش ئاماده نه‌بوو یه‌ك كۆپله مه‌قام بخاته به‌رگوێی گوێرانی، ئه‌وه‌یش له‌لایه‌ك عه‌شقی هونه‌ریی ده‌گه‌یه‌نێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه رێزگرتن له مامۆستایه‌ك كه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كردووه، دواتر لێبوورده‌ییش ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه باكووری تا مردیش وه‌ك مامۆستایه‌كی گه‌وره له بواره‌كه‌ی خۆیدا، ته‌ماشا ده‌كرا.
ئه‌وه ته‌نیا نموونه‌یه‌كه و ده‌یان نموونه‌ی له‌و جۆره‌مان له به‌رده‌ستن، له ناویاندا هونه‌رمه‌ندان عادل جه‌عفه‌ر، قادر ئه‌حمه‌د، گوڵبه‌هار، محه‌مه‌د قه‌دری و زۆری تریش، ئه‌وان به‌پێی رێنوێنیی شاره‌زایان و مامۆستایانی بواره‌كه گۆرانی‌یان ده‌گوت، جۆرێك له عه‌شق بۆ بواره‌كه وای لێ كردبوون تا ماوه‌یه‌كی درێژ له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ده‌ربكه‌ون و دواتر هه‌ندێكیان ببنه مامۆستا و چه‌ندان قوتابی په‌روه‌رده بكه‌ن.
نموونه‌كان له‌لای من زیاتر له چوارچێوه‌ی هونه‌ری كوردیدا كۆ ده‌بنه‌وه، ئه‌گه‌رنا هه‌مان كێشه بۆ گۆرانیی عه‌ره‌بی و توركی و نه‌ته‌وه‌كانی تریش دروست بووه، له‌ناو گۆرانیی عه‌ره‌بی عێراقیشدا جیا له كازم ساهیر، نه‌توانراوه ده‌نگێكی گۆرانی له ئاست "نازم غه‌زالی" دروست ببێت، له هونه‌ری توركیشدا ده‌نگی گۆرانیی له ئاست زه‌كی موران" دروست نه‌بووه، بێگومان هه‌موو ئه‌وانه به‌پێی بۆچوونی ره‌خنه‌گرانی بواره‌كه كه له چه‌ندان نووسینی ره‌خنه‌ییدا ئاماژه‌یان پێ داون.
ئه‌گه‌ر به‌راورده‌كان بگه‌یه‌نینه قۆناغی ئێسته و جیاوازییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێ داوه، هۆی سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌ی ئێسته به‌ناوی ئازادیی تاكه‌وه وڵاتی ئێمه و هه‌موو دنیای گرتووه‌ته‌وه، بۆ هونه‌ری كوردیش نه‌مان یان كه‌مبوونی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی، هۆكارێكی تره كه وه‌ك مۆرانه خه‌ریكه ده‌گاته كرۆك، یان شێرپه‌نجه‌یه‌ك كه خه‌ریكه ته‌واوی جه‌سته ده‌گرێته‌وه، وه‌ك ده‌بینرێ كه‌مبوونی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی نه‌ك هه‌ر هونه‌ر، ته‌واوی بواره‌كانی تریشی گرتووه‌ته‌وه كه ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه له هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌ی ئه‌وه نییه هه‌موو شتێك به پاره به‌راورد ده‌كرێت. ئه‌گه‌رنا هونه‌رمه‌ندانی پێشتر نه‌ك هه‌ر چاوه‌ڕێی ده‌ستكه‌وتیان له كاری هونه‌ری نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو زۆر بوون ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان و خێزانه‌كانیان، ده‌یان به‌رهه‌می هونه‌ری له بواره‌كانی گۆرانی و دراما و تا ئاستێك سینهمایشیان خسته به‌رچاو و گوێمان.
هۆكارێكی تریش بۆ شێلووبوونی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كان، گه‌شه‌ی خێرای ته‌كنۆلۆجیایه كه له‌لای ئێمه زۆر به خراپی به‌كار ده‌هێنرێت، ئاسانترین شت كه ئه‌مڕۆ له كاری هونه‌ری به‌كار دێت، كۆمپیوته‌ره كه له ڕێیه‌وه ده‌نگی ناساز و ناجۆر، ساز ده‌كرێت و زۆرن ئه‌و گۆرانبێژانهی ئه‌مڕۆ گۆرانی بۆ ئێمه ده‌ڵێن و بوونه‌ته پاڵه‌وانی بواره‌كه، له بنچینه‌دا ده‌نگیان بۆ گۆرانیگوتن ناشێ و نابێ رێ بدرێ ئه‌و جۆره ده‌نگانه بكه‌ونه به‌رچاو و گوێ و ئه‌و بواره شێلوو بكه‌ن، به‌ڵام ئازادییه‌كه وایكردووه رێیهكانیان بۆ ئاسانتر بكرێته‌وه، دواتریش ده‌بێته هۆی ئه‌و ئاسته‌ی كه ئه‌مڕۆ له هونه‌ری كوردیدا ده‌یبینن.
راستیتان ده‌وێ ته‌نیا بواری گۆرانیی نییه كه ئه‌مڕۆ شێلوو كراوه، كۆمپیوته‌ر و به‌كارهێنانی بۆ ئێسته، وایكردووه ده‌ستكاری وێنه و تابلۆ شێوهكارهكانیش بكات. بۆیه ته‌كنه‌لۆجیا و گه‌شه‌پێكردنی ئه‌وه‌نده‌ی سوودی به كۆمه‌ڵگه‌كان كردووه، له به‌رانبه‌ریشدا كاتێك ئاوێته‌ی ئازادیی تاك ده‌بێت، دوو ئه‌وه‌نده زیانی پێ گه‌یاندووه، له‌به‌رئه‌وه‌یه كه نه چاودێریی له‌سه‌ر كاره هونه‌رییه‌كان و نه نووسینی ره‌خنه‌یش له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كان، ناتوانن ببنه رێگر له بڵاوبوونه‌وه‌ی كاره ناجۆره‌كان، بۆیه ئێوه ته‌ماشا بكه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی كارێكی هونه‌ریی باش ده‌بینین، چوار به‌رته‌قای ئه‌وه ئه‌و به‌رهه‌مانه ده‌بینین كه كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر زه‌وقی بینه‌ر و گوێگر كردووه.
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا هۆكاره‌كان بۆ شێلووكردنی بازاڕی گۆرانی زۆرن، ئه‌وه‌ی ئێمه به‌كورتی خستوومانه‌ته به‌ر رۆشنایی، ته‌نیا ئاماژه‌دانه و دۆخه‌كه بۆ شهنوكهوكردن زۆر له‌وه زیاتر هه‌ڵده‌گرێت، بۆیه وێڕای وێرانه‌یی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و جۆری به‌ڕێوه‌بردنی، ناكرێ هۆی شێلووبوونی بازاڕی هونه‌ر بكرێته ئه‌ستۆی ئه‌و وه‌زاره‌ته، به گشتی ئه‌وه‌ی بازاڕه‌كه و ئاستی به‌رهه‌مه‌كانی هێناوه‌ته خواره‌وه، ئه‌و ئازادییه‌یه كه له‌لایه‌ك بۆ ژیان پێویستمان پێی ده‌بێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه لێمان بووه‌ته شێرپه‌نجه و ئه‌سته‌مه پێمان چاره‌سه‌ر بكرێت.