هەندێك كورد نەبێت عێراقییەكان خۆیانیش عێراقی نین

AM:11:39:14/09/2022 ‌
هەرچەند سەیری حزبە سیاسییەكانی عێراق بكەیت، ناتوانی بنەما بابەتییەكانی ململانێ و دیموكراسیی بدۆزیتەوە، لە عێراقدا شتێك نییە بەناوی دیالۆگ، ئەوەی هەیە حەشامات لە یەكتر كۆ دەكەنەوە بۆ بەكارهێنانیان دژی ئایدۆلۆجیا ئاینی و مەزەوییەكانی یەكتر، ناتوانی هیچ تێبگەیت و كەس بە كەس نییە، گـۆڕەپانە سیاسییەكەی عێراق پڕ كراوە لەو كەسە كوێرە شوێنكەوتووانەی بێ بیركردنەوە، هەر كۆمەڵەیەكیان لایەنگری حەوزە ئاینییەكانی قوم و نەجەفن، ئەمانە ئەنجامی هەڵبژاردن قبووڵ ناكەن و هەرگیز دوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش ناتوانن باوەڕ بە دیموكراسییەت بێنن و لەسەر بنەمای دەنگی گەل حكوومەتێكی خزمەتگوزار بۆ هاووڵاتییانیان دروست بكەن، چونكە ئەوان لە بنەڕەتدا نیازی بنیاتنانیان نییە و هەرگیز هاوڕای كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی نین.

حزبە سیاسییەكانی عێراق زۆرینەی پێكهاتەكانیان خێڵەكی و مەزەوین و دەیانەوێ خەڵكی عێراق، قبووڵیان بكات و وەك عێراقییەك ددانیان پێدا بنێن، لە بنەڕەتدا تەنیا بە گوتار عێراقین. ئەگەر بێینە سەر واقیع، شتێكی تر دەبینن. لە دوای ساڵی 2003 و ڕووخانی حزبی بەعسەوە، ئەم حزبە عێراقییانە پابەندی دەستوور نین، تەنانەت هەموو لۆمەی دەستووریان كردووە و وەك مەترسییەك بۆ سەر خۆیان، بنیویانە.

ئەم فەوزا بەناو سیاسییەی عێراق، سنوورەكانی بەزاندووە و ئێستە لە خاڵی خۆسەپاندندایە و گەیشتووەتە ئاستێك، تەنانەت كەس نازانێ پێوەر و بنەما بۆ دروستكردنی حكوومەت لەو وڵاتەدا چۆنە و چییە، هەریەكە و لە ئاوازێك دەخوێنن و ئەوەی هەیە لە عێراقدا زۆرینەی دەنگ نییە، بەڵكو زۆرینەیەكی دەبەنگە، چونكە لە بنچینەدا دیموكراسی حەدی چییە یەكلاكەرەوەی پرسە سیاسییەكان بێت و بتوانێ زۆرینەی دۆڕاو دوور بخاتەوە. باشترین نموونەش هەڵبژاردنی ئەم جارەیە كە ئێستە دۆڕاوەكان بە پاڵپشتیی وڵاتان، دەیانەوێت خۆسەپێن و پێكهێنەری حكوومەت بن، خۆیان زۆر لە سەرووی دەنگی زۆرینەی خەڵكەوە دەبینن، هێزیش نییە بتوانێ سەركردە و پارتە دۆڕاوەكان دوور بخاتەوە.

ئەو بەناو سەركردانە هێزن لەناو هێزدا و بڕیاردەرن لەناو حكوومەت و دەوڵەتن لەناو دەوڵەتدا، زۆرجار ناچنە هەڵبژاردنەوە، بەڵام زۆر بەهێزترن لەو پارت و سەركردانەی زۆرینەی دەنگی خەڵكیان بەدەست هێناوە، بیركردنەوە بۆ گۆڕانكاریی عێراق لە كۆمەڵە گرووپێكی چەكداری خۆسەپێنەوە بۆ حكوومەت و گەلێكی دیموكراسی، زۆر ئەستەمە و خەیاڵێكە هەرگیز بەدی نایەت، ئێستە حزبە عێراقییەكان گەیشتوون بەو خاڵەی نە دەستوور و نە هەڵبژاردن، ناتوانێ دووریان بخاتەوە، كەچی ئەفسووس هەندێك لە حزبە كوردییەكان و سەرۆك حزب و كارەكتەرە سیاسییەكانمان، دەیانەوێ هەرێمی كوردستان تێكەڵ بە ناوەندی چەقی ململانێیە خێڵەكی و مەزەوگەراییەكەی عێراق بكەن.

پێم وانییە كارتێكی سیاسی لە عێراقدا هەبێت لە بەرژەوەندیی كورد بێت و نەسووتابێت، لەو بەناو وڵاتەدا سەرباری دۆخی ناهەمواری خۆیاندا، هێشتا سزای دارایی و نەتەوەییەكانی كوردیان لە بیر نەكردووە و بەردەوام پەرە بەو دژایەتییانە دەدەن، هەموویان كۆكن لەسەر برسیكردن و سزادانی هەرێمی كوردستان، بۆیە هەموو ئاماژەكان بۆ ڕووخانی عێراقن، ئێستە عێراق وەك وڵات و دامەزراوە و دەوڵەت لە ناوەڕۆكدا ڕووخاوە، ئەوەی هەیە تەنیا ناوێكی بێ ناوەڕۆكە، دەبێ ئەو حزب و كەسایەتی و كارەكتەرە كوردانە چ هیوایەكان لەسەر عێراقێكی ڕووخاو هەڵچنیبێت؟.

 ئەوەی ئێستە لە عێراقدا هەیە بەناوی دەوڵەت و حكوومەت و پەرلەمان، تەنیا پینەوپەڕۆیەكی كاتییە و بەپێچەوانە عێراق ڕووخاوە و پێویستە كورد بیر لە دوای عێراق بكاتەوە، خۆیان یەكبخەن، بۆ ئەم دۆخەی ئێستە كۆنفیدراڵی (سوننە - شیعە - كورد) باشترین شتە بۆ كورد. پێم وایە پارتی وەك حزب و كاك مەسعوود بارزانی وەك سەركردەیەكی كورد، زۆر لە مێژە لەم دۆخەی عێراق تێگەشتوون، باشترین بەڵگەش گشتپرسییەكەی كوردستان بوو، بەڵام هەندێك حزب و كەسایەتی و سەرۆك حزبەكانی كوردستان، خۆیان خزاندووەتە ناو ئەو گێژاوەی بەناو دەوڵەتەی عێراق و زۆر بەتوندی دژ بەخواستە نەتەوەییەكەی خۆیان وەستاون. دەڵێن ئێمە عێراقین، لە كاتێكدا عێراقییەكان خۆیانیش عێراقی نین.