چوار ساڵی مەسروور بارزانی

AM:10:38:06/07/2023 ‌
كاتێك مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بوو، هەرێمەكە لە قۆناغێكی زۆر مەترسیداری فەوزای سیاسی بەڕێوە دەچوو، حەشامەتێك لە تاك و گرووپی دەبڵ مۆراڵی چوار مووچەی قاچاخچیی كوردایەتیی، وەك مۆرانە چەندان ساڵ بوو بەربووبوونە گیانی حكوومەت و دەیانڕووتاندەوە، بەڵام بەناوی بەناوی جیاجیا وەك كەرتی تایبەت و لەپێناو بووژانەوە و ئاوەدانكردنەوەدا، گەشتبووینە قۆناغێك خەریك بوو وێران دەبووین، زۆرینەی خەڵك خرابوونە ناو دەستهاڕی كۆمەڵێك بەناو بازرگان و كۆمپانیا. 

ئەوەی جێی دڵخۆشی بوو، هەر لە سەرەتاوە ئەوە دەركەوت كە سەرۆكی حكوومەت دەیەوێ ئیدارە و بەڕێوەبردن و پێگە و دەستەڵاتەكەی، بەو جۆرە بەكار بێنێت كە لەسەریەتی، نەك وەك ئەوەی لەبەریەتی. بۆیە ئەو خاڵە جەوهەرییانەی دەبنە بنەما بۆ ئایندەیەكی باشتر و بەرەوپێشچوونێكی زۆرباش بۆ ئەم هەرێمە، لە حوكمڕانیی مەسروور بارزانیدا ڕەنگیان دایەوە.

* نەهێشتنی جیاوازییەكان و سەپاندنی ئیرادە بەسەر یەكتردا، توانی ئەوە بچەسپێنت كە بۆ هەمووان باشترە، تێگەشتنە نەك سەپاندن.
* تێگەیشتن و كاركردن و هەتا سازش، لەپێناو ئاشتەوایی و بەیەكەوە هەڵكردن.
* توانای قبووڵكردنی شتەكان وەك ئەوەی هەیە نەك وەك ئەوەی بەرژەوەندیی حزبی دەیخوازێت.

ئەم سێ خاڵە لە حوكمداریدا سێ خاڵی جەوهەرین تا بتوانرێت هەنگاوی باش و خێرا بۆ گۆڕانكاری بنرێت، لە چاكسازیدا دوای چەسپاندنی ئەو سێ خاڵە، وەك بنەما توانرا لەناو ئەو هەموو دژایەتییەی لەپێناوی بەرژەوەندیی كۆمەڵێك گرووپی سەرمایەدار و تاكی سوودمەند فرەمووچە، ئاهێك بە بەری خەڵكدا بكرێتەوە و ڕۆشناییەك بۆ ئایندە وەدیار بكەوێت، سەرەڕای هاتنی پەتای كۆرۆنا و گوشاری سیاسیی ناوخۆیی و گوشارێكی یەكجار زۆری عێراق لەڕووی داراییەوە بۆ سەر كابینەكەی مەسروور بارزانی، دروستكردنی یەك لەشكر میدیا و سۆشیال میدیا بۆ بەلاڕێدابردن و نانەوەی ئاژاوە و خوڵقاندنی دووبەرەكی، توانی دەیان دەستكەوتی باشی دارایی و خزمەتگوزاریی بەرهەم بێنێت و بخرێنە خزمەتی خەڵكەوە. 

لە چەند خاڵێكدا باسی بەشێك لەو كارانە دەكەم بۆ ئەوەی ڕوون بێت ئەم كابینەیە لە دوای ئەو هەموو گوشارانەی لەسەری بوون، دەستەوەستان نەبووە.

1-ڕێككردنەوەی مووچە بەشێوەیەكی باش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، دابەشكردنی لە كاتی خۆیدا، توانی ئاستی دارایی خەڵك بەڕێژەیەكی باش بەرز بكاتەوە و گۆڕانكاریی بەرچاو لە ژیانی مووچەخۆردا دروست بكات.
2-نەهێشتن و بڕینی دەیان هەزار مووچەی بندیوار و دوو مووچە و سێ مووچە كە لێكەوتە باشەكەی ئەم خاڵە بۆ خەڵك، بەڕێژەی 100% بوو، بەڵام هێشتا ماوە چاكسازیی و پێویستە حزبەكان بە تایبەت یەكێتی رازیبن تەواو بكرێت، چونكە بەرژەوەندی گشتیی گرنگترە لە بەرژەوەندی تایبەت و حزبی. 

3- نەهێشتنی بەهەدەردانێكی زۆری دارایی لەناو داودەزگاكانی حكوومەت و وەزارەتەكاندا، دابینكردنی پارە بەپێی پێویست بۆ ڕاییكردنی كاروباری ڕۆژانە نەك بەپێی خواستی بەڕێوەبەر و فەرمانگەكان. ئەمەیش كۆمەڵێك خەڵكی زویر و بێ تاقەت كرد لەوەی كە چیتر ناتوانن ڕۆژانە و مانگانە دەیان و سەتان ملیۆن دینار بخزێننە گیرفانی خۆیانەوە و تەخشان و پەخشانی پێ بكەن.

4-چەسپاندی باج بەسەر ئەو كۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارانەی چەندان ساڵ بوو تەنیا خەریكی پڕكردنی قاسەكانیان بوون، بێ ئەوەی یەك فلس باس بدەن بە حكوومەت، لە كاتێكدا هەرچی هەیانە لە سایەی حكوومەت بووە، كەچی باجیان نەدەدا.

5-توندوتۆڵكردنی سنوورەكان و چەسپاندنی بێ جیاوازیی خاڵی كۆنترۆڵ بۆ هاوردەكردنی هەموو كاڵا و دەرمانێك، نەهێشتنی بەخشینی كۆمپانیاكان و سەربەستكردنیان لە هێنانی ئەوەی دڵخواز و بەرژەوەندیی خۆیانە، بێ ڕەچاوكردنی ڕێنوێنییەكان، لەمەدا كەمێك دزی و سەرپێچی لە سنووری سلێمانی ماوە، هیوادارم ئەوانیش حوكمییانە بیر بكەنەوە و بزانن خەڵك ئاگای لە هەموو شتە و هیچ رێگەیەكی نایاسایی نەیەڵن و بیدەنە دەست حكوومەت.

6- زاڵكردنی دەزگا تەناهی و ئیدارییەكان بەسەر ئەو بەرپرس و سەرمایەدارانەی خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینی، نەهێشتنی هیچ ڕێیەك بۆ خۆسەپاندن تەنیا یەك ڕێ نەبێت، ئەویش دادگا و یاسان بۆ داواكاری و وەرگرتنی ماف. 

ئەمانە چەند خاڵێك بوون لەڕووی ئیداری و یاساییەوە، حكوومەت توانی بیانچەسپێنێت و خەڵك هەست بە پارێزراوی و یەكسانی بكەن. دەمەوێ چەند خاڵێكیش بخەمە ڕوو لەڕووی خزمەتگوزاریی ڕێگەوبان و تەندروستی و پەروەردە و كارەبا و كشتوكاڵەوە كە بوونە مێژوویەكی پڕسەروەری بۆ كابینەكەی مەسروور بارزانی.

یەكەم، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم سەرەڕای هەبوونی سەتان ئاستەنگ و دژایەتی، بەڵام لەڕووی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە توانی تا ئاستێك دڵخۆشكەر بێت و متمانەی خەڵك بۆ نەخۆشخانە حكوومییەكان بگەڕێنێتەوە. ئەگەر كەسێك نەخۆشێكی نەبێت و سەردانی نەخۆشخانە حكوومییەكان نەكات لە دهۆك و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە، نازانێت ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی چەندە ڕێژەكەی بەرزە. بۆ نموونە، نەحۆشخانەی منداڵبوون ئەگەر ئافرەتێك منداڵی ببێت، لە ئەهلی تێچووەكەی بەلایەنی كەمەوە یەك ملیۆن دینارە، بەڵام لە نەخۆشخانەی حكوومیدا بێ بەرانبەرە. ئەگەر منداڵەكەی پێشوەختە لە دایك بێت، لەڕووی ڕێنوێنیی تەندروستییەوە دەبێت 21 ڕۆژ لە ژووری غودەجدا بێت لەناو شووشە، مانەوەی ئەو منداڵە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا بۆ یەك شەو 250 هەزار دینارە، لە حكوومەت بەخۆڕاییە. ئەمانە یەكێكن لەو دەیان جۆرە خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی ڕۆژانە حكوومەت پێشكەشی خەڵكی ئەم هەرێمەی دەكات.

دووەم، خزمەتگوزاریی ڕێگەوبان لە سنووری جیۆگرافیای هەرێمی كوردستان، لە زاخۆوە دەست پێ دەكات بۆ كفری و هەڵەبجە و خانەقین، زاخۆ بۆ هەولێر ڕێیەكی بێ كەموكوڕی و بە ستانداردی جیهانی خراوەتە خزمەت خەڵكەوە، لە سلێمانی بۆ هەڵەبجە، لە سلێمانی بۆ ڕاپەڕین هەمان شت تەنیا دوو ڕێی سەرەكی ماون لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا دووساید نەبن، ئەویش ڕێی دووكان- هەولێر و كەلار- سلێمانییە كە ئەوانیش لە بواری جێبەجێكردندان و حكوومەت تەواوی فەرمانی خەرجەكەی دەركردووە و ماوەتەوە برادەرانی سلێمانی دەست لە پارەكەی حكوومەت بەردەن و رێگە بدەن خزمەت بكرێ. چونكە دواكەوتنی ئەو دوو ڕێگە سەرەكییە پێوەستە بەو دۆخە سیاسییە دروستكراوەی لە هەرێمی سەپێنراوە بەسەر حكوومەتدا، جێی داخە تەنیا خەڵك تێیدا زیانمەند بوون. 

هەروەها گەڕەكەكانی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم، قیرتاو و چیمەنتۆی سەردەمییانە كراون و خراونەتە خزمەت خەڵكەوە، سەتان پاركی گەورە و بچووك دروست كراون و كەم ڕێگەوبان هەن باخچە و جێی حەوانەوەیان نەبێت.

سێیەم، خزمەتگوزاریی كارەبا لە زاخۆوە بۆ كفری، یەك گوند و شارەدێ و شارۆكە نەما خزمەتگوزاریی كارەبای پێ نەگەیشتبێت، ئەگەر بەراوردێك بكەین لە پێدانی كارەبا لە نێوان ساڵانی ڕابردوو و ساڵانی دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆی حكوومەت، دەبینین بەتێچوویەكی زۆر كەمتر لە ساڵانی ڕابردوو، پێدانی كاتێكی زۆر زیاتری كارەبا بەتایبەتی دوای دابینكردنی پێوەری زیرەك كە خزمەتگوزارییەكی سەردەمییانەی ستانداردی جیهانییە و چاوەڕوانیمان لێی هەیە زیاتر رۆڵ بگێڕێ لە رێكخستنەوەی كارەبادا.

ستراتیجیترین كاری بواری كارەبایش ئەوەبوو كە پێشتر كۆمپانیاكانی بەرهەمێنانی كارەبا، ئەوەیان بەسەر حكوومەتدا سەپاندبوو كە وێستگەكانیان ئیش بكات و نەكات بە پارە لەسەر حكوومەت حساب بوو، بۆیە ساڵانە بەلای كەمەوە سێ ملیار دۆلاری كوردستانیان دەبرد، بەڵام مەسروور بارزانی ئەو غرور و بەهەدەردانەی راگرت و گرێبەستەكەی هەموار كردەوە و ئێستە حكوومەت تەنیا پارەی ئەو یەكانە دەدات كە كار دەكەن و بە گشتیش ساڵانە ناگاتە یەك ملیار دۆلار بەسەر بودجەی گشتییەوە، جا سەیری ئەو دەسكەوتە بكە، بەیەك هەمواری گرێبەست، دوو ملیار دۆلار بۆ حكوومەت گەڕاوەتەوە.

چوارەم،  خزمەتگوزاریی پەروەردە، لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆیشتنی قوتابیان بۆ قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكان بە ڕێژەیەكی بەرچاو تەشەنەی كرد، بەڵام دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆی حكوومەت و ڕێكخستنەوەی كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەو ڕێژەیە پێچەوانە بووەتەوە، ئێستە مەگەر خوێندكارێك خۆی حەز بكات بچێتە ئەهلی یان تەمەڵ بێت، ئەگینا حكوومەت هەمووی وەردەگرێت، ئەمە وایكرد ساڵی رابردوو چەند زانكۆیەكی كەرتی تایبەت خوێندنی یەكەم قۆناغیان كردە خۆڕایی تا خوێندكار ڕوویان تێ بكات، سەیركە چەند جیاوازی دروست بووە؟

پێنجەم،  خزمەتگوزاریی كشتوكاڵ، پێش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم، كەرتی كشتوكاڵ لە لێواری داڕمانی یەكجاریدا بوو، بەڵام بەرنامەی كابینەی نۆ و پێداگریی سەرۆكی حكوومەت بۆ بووژاندنەوەی ئەو كەرتە، توانی وزەیەك بدات بە جووتیاران و كشتوكاڵ، كە نەك لە مەترسیی داڕمان ڕەویەوە، بگرە بەرەو هەناردە دەڕوات و رۆژە بە رۆژ داهات و بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر دەبێت.

ئەوەیشی كە دڵخۆشكەر و گرنگە لە بواری كشتوكاڵدا، ئەو ساردخانە ناوەندییانەیە كە لە تەواوبووندان و نزیكەی ملیۆن تۆن بۆ كوردستان دەپارێزن و ئەوەیش داوا سەرەكییەكەی جووتیاران بوو كە ساڵان دەمانبینی لە شەقام بەرهەمەكەیان فڕێ دەدا و دەگریان بە دیارییەوە، بەڵام خۆ ئەوە نەما، بۆیە دەبێت شەرم نەكەین لەوەی پێزانینمان هەبێت بەرانبەر حكوومەتی خۆمان.

ئەم نموونانەی سەرەوە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە، دەیان خاڵی ئەرێنیی زۆرباشی تر هەن كە بەدەست هاتوون لە سەردەمی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، كە بواری باسكردنیان لە یەك وتاردا نییە.