ڕێگە ڕاستەقینەكەی مەسروور بارزانی

AM:10:03:03/08/2023 ‌
لە كاتی كێشەكاندا بژاردەكان زۆرن، بەڵا باشترین ڕێی عەقڵانی و سەردەمییانە گفتوگۆیە، ئەو ڕێیەیش كە بتوانێ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كۆتایی پێ بێنێت، بەردەوامیی گفتوگۆكانە، لە هەموو ئاریشە و گرژییەكدا، دیالۆگ توانیویەتی خاڵی ناكۆك وەلا بنێت و بەها هاوبەشەكان ببنە جێگرەوەی ناكۆكی و پێكدادان و بەرژەوەندییەكانی تاك و كۆ و حكوومەت و حزب جێگر بكات.

ئەو بنەما ڕاست و عەقڵانییەی مەسروور بارزانی گرتوویەتییە بەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق، لە لووتكەی تێگەیشتنێكی سەردەمیانەوەیە، بۆ چارەسەری كێشەكان و لە هەمووی گرنگتر، ئەو ئاوڕنەدانەوەیە بۆ ئەو دەنگە ناشازانەی بەرژەوەندییەكانیان دەكەوێتە مەترسییەوە لە كاتی ڕێككەوتنێكی گشتگیری نێوان هەولێر بەغدا كە چەندان ساڵە خەڵكی ئەم هەرێمە بەلاڕێدا دەبەن، لەو پشێوییە سیاسییەی دروستیان كردووە، تەنیا خۆیان سوودمەندن و هەرگیز گرنگ نەبووە بەلایانەوە ئەو هاندان و دووبەرەكینانەوە لە نێوان هەرێم و بەغدادا زیانمەندی یەكەم خەڵكە، بەڵام تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاراستەی گفتوگۆی بەردەوامە و پشتگیریی تەواوی سەرۆكی حكوومەت دەكەن لەو ڕووەوە.

 لەو بوارەدا ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستە هێزە نیشتمانی و حزبە كوردستانییەكان و كەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیرەكانی هەرێم، پشتیوانی تەواوی سەرۆكی حكوومەت و كابینەكەی بكەن، بۆ پەرەپێدان و بەردەوامیی گفتوگۆ و وەلانان و رسواكردنی ئەو دەنگ و هەلپەرستانەی بۆ دەستكەوتی كەسی و بەرژەوەندییە خێزانییەكانیان هەموو نەتەوەكە دەكەنە قوربانی هەڵمەتە سۆشیالمیدیاییەكانیان.

پشتگیری دایەلۆگ و چارەسەر لە بەرژەوەندیی خەڵكیدان، مادام حكوومەت رۆڵی نوێنەرایەتیی دەبینێت، بێگومان قازانج و زەرەر خۆی لێی بەرپرسە و هەرگیزیش كەس لە حكوومەت دڵسۆزتر نییە بۆ خەڵكەكەی. مەسروور بارزانی گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستووری، كردووە بە بنەما و ڕێچارەیەكی حەتمی، دەبێت هەموو لایەك لەوە دڵنیابن ڕاشكاوترین سەركردەی گەنجی كوردە لە مێژوودا هاتووەتە سەركردایەتیی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستانەوە. داكۆكیكارێكی سەرسەختە لەو مافانەی چەندان ساڵە لەلایەن كۆمەڵێك كاربەدەست و سیاسیی عێراقەوە پێشێل كراون كە كورد بەهاووڵاتیی پلە سێ دەبینن.

ئەو ڕاشكاوی و ڕاستگۆییەی بارزانی كوڕ، بناغەكەی لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە دانراوە، بە نەفسێكی عاقڵانە و پشوودرێژی لەگەڵ هەموو ئەو لایەن و حزب و نەتەوانەدا لە عێراق گفتوگۆ دەكات، خاڵی جێگیری مافەكانی گەلی كوردستانە، كردویەتی بە پێشینەی هەموو هەنگاوێك و ڕاشكاوانە بە سیاسی و كاربەدەستانی عێراقی دەڵێ، یان هەمووان براوە دەبین یان هەمووان بەیەكەوە دەدۆڕێین، ئەم خاڵە گرنگترین خاڵە بۆ گەیشتن بە چارەسەر و بەدەستهێنانی ماف.

مەسروور بارزانی تەنیا لە یەك خاڵدا تواناكانی چڕ نەكردووەتەوە، بەڵكو دیدە فراوانەكەی خستووەتە خزمەتی هەرێمی كوردستان و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرنامە چاكسازییەكەی كە بنەمای دروستبوونی حكوومەت بوو، پەرە پێ دەدات و دەیەوێ ڕێگڕ بێت لە هەر شتێك كە ببێتە هۆی پووكانەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێگر بێت لەو پیلانانەی دەیانەوێت وێرانكاری سیاسی و ئابووری و ئیداری لەناو هەرێمەكەیدا دروست بكەن. ئەو ڕژدە و ئێمەیش پشتیوانین، داهاتووی باشیش هەروا دروست دەبێ.