مێژوو ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كە ئه‌و مافانه‌ی به داگیركاری و سته‌م و هەتا یاسا، له خه‌ڵكی كوردستان زه‌وت كرابوون، له سه‌رده‌می شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان و له هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئهیلوول له‌سه‌ر ده‌ستی بارزانیی نه‌مر و دواتر به ڕابه‌رایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی، گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه بۆ خه‌ڵك.
له‌م سه‌رده‌مە نوێیەی داگیركاری و سته‌میشدا كە به‌شێوەیەكی تر بە یاسا كراون و ئه‌مڕۆ دژی هه‌رێمی كوردستان پێڕه‌و ده‌كرێن، به‌ره‌نگاریی خه‌بات و تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی و كۆڵنه‌دان بەشێوەیەكی مه‌ده‌نی و یاسایی، كەوتووەتە ئەستۆی مه‌سروور بارزانی و هەمووی لێی كشاوەتەوە، بەڵام ئەو لێهاتووە بۆ ڕێگری و به‌گژداچوونه‌وه‌ی دوور لـه توندوتیژی و پـێڕهوكردنی سیاسه‌تی دبلۆماسیی، بۆ مافی نه‌ته‌وه‌یی و لە ناویشەوە بێ وەستان خەریكی پتەوكردنی ژێرخان و پەرەپێدانی پشت بەخۆبەستنە.
ئه‌م سه‌ركرده گه‌نجه، هێز له‌و بنه‌ما و چه‌مكی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی و كولتوورییه بنهڕهتییانە وه‌رده‌گرێت كه سه‌تان ساڵه ماڵباتەكەی لە چوار نەوە پێش خۆیەوە خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ن و گه‌یاندوویانه به‌مه‌ی ئێسته هه‌یه. ڕاسته گه‌له‌كۆمه‌ی ناوخۆیی و هه‌ندێك جاریش هاریكاریی ناوچه‌ی و نێوده‌ڵه‌تیش هه‌یه، بۆ به‌هێزكردنی ئه‌و گەمارۆ و هەڵمەتانە دژی حكوومه‌تی هه‌رێم و تاكە قه‌واره دهستوورییەكەی كورد، به‌ڵام سه‌رۆكی حكوومه‌تێكی بەهێزیش هەیە كە وه‌ك چیای شیرینی نزیك گوندی بارزان، وه‌ستاوه و بەرەنگاریی دەكات و چەكی دەست و زمانیشی یاسا و دەستوورە.
ئه‌و سه‌ركرده گه‌نجه هه‌رچی بێ مانایی هه‌یه، مانای پێ دەبەخشێتەوە و ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشییه، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیش هاوڕا و پشتیوانی ده‌كه‌ن و نایانه‌وێ سازش بۆ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی كاتی و دارایی، لە بەرانبەر مافە نەتەوەییەكانماندا بكرێت، ئەویش هەروای كردووە.
له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه و له سەردەمی پاشایهتییەوە بۆ قۆناغی كۆماریی، تا ئه‌م به‌ناو عێراقه دیموكراسییه‌ی ئێسته‌یش، ڕقوكینه‌ی شۆڤێنی و بەرچاوتەنگی عەرەبییانە له هزری كاربه‌ده‌ستانی عێراقدا هه‌یه و ئیتر گەیشتین بەو بڕوایەی كە هیچ سەركردە و سەردەمێك لە عێراق بەدی نایەت كە بیركردنەوەی شارستانی بێت و بیر لە دەوڵەتی هاووڵاتیی بكاتەوە، بە پێچەوانەوە لەوپەڕی لاوازیشدا دەرفەتێك شك ببەن، دژی كورد سوودی لێ دەبینن، بەڵام جێی دڵخۆشییە كە كوردێكی سەرسەخت ڕووبەڕووی ئەو شێوازە نوێ و شاراوەی حوكمڕانی عێراقە كە لە رێبازیی بارزانی ئیلهام وەردەگرێت و كۆڵ نادات بۆ هیچ بەرژەوەندییەك و ئاگەداری دنیای سیاسەت و دباۆماسییەتە و بە زمانێكی پاراوی سەردەمیی پێداگیری لە مافەكانی كورد دەكات.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ده‌كانی ڕابردوو، ئه‌وه‌ی كورد داوای كردووه، ته‌نیا مافی نه‌ته‌وه‌یی بووه، له ساڵی بیسته‌كانه‌وه تا هه‌شتاكان، كورد نه‌وت و سنوور و هه‌رێمی نه‌بوو، ده‌بێت هۆكار چی بێت ده‌یان هه‌زار ڕۆڵه‌ی ئه‌م میله‌ته شه‌هید كراون؟ پێنج هه‌زار گوند ڕووخێنراون و دەیان هه‌زارمان ئه‌نفالن، هه‌زاران كورد به چه‌كی كیمیایی لەناو بران، ئاخۆ جگە لە شۆڤێنیەت و قبووڵنەكردنی جیاوازی چیتر وای لە دەسەڵاتەكانی عێراق كردووە كە كورد قڕ بكات؟ بۆیە رەوایە ئه‌م پرسیارانه له‌و به‌ناو ڕۆشنبیر و سیاسی و حزبۆكانه بكرێ كه چه‌پڵه‌لێده‌ری بچووككردنه‌وه و لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستانن و لەوە تێناگەن كە داگیركەر هیچ كات دۆست نییە و ئەگەر جامێك ئاویشت بداتێ، بۆ ئەوەیە لە دەرفەتێكی تردا ژەهرت دەرخوارد بدات.
دواتر ده‌ڵێم تا چنگی پڵنگئاسای مه‌سروور بارزانی بۆ به‌رگریكردن له به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان مابێت، ئه‌وه لووره لووری گورگه ده‌ركییه‌كان و نووزه نووزی ڕێوییه ناوخۆییه‌كان، ناتوانن خاكی كوردان بچووك بكه‌نه‌وه و مافی نه‌ته‌وه‌ییمان لێ زه‌وت بكه‌ن و ئازادی و سهرخۆییمان دیل و كۆت بكه‌ن. بەڵام هیوادارم هەموو كوردێك لەوە تێبگات كە دۆزی كورد زۆر گەورە و مێژوویی و هاوكات جیهانییە و بۆ مووچەیەك و سڵاوێكی گەرم، لێی پاشگەز نەبنەوە.