پڕۆژەی ئاشتكردنەوەی مەینۆشەكان

AM:10:50:28/12/2022 ‌
مەینۆشەكان، من دەزانم ئێوە چەند دەست و دڵپاكن، دەزانم بەشخوراو و ستەملێكراون، هەر هەمووان خۆیان دەكەن بەپاڵەوان بەسەرتانەوە و كەسێك نەبوو داكۆكیتان لێ بكات.

مەینۆشەكان، ئێوە كەوتوونەتەبەر تانە و تەشەر و هێرش و پەلاماری كۆمەڵگەیەكی نالەبار، پیاوان و مامۆستایان و زانایانی ئاینی و تەنانەت ئەو كەسانەی بانگەشەی ئازادی و دیموكراسی دەكەن.

مەینۆشەكان، هەر كەسێك هات و شەقێكی تێهەڵدان، كەسێك نەبوو ئەو دڵە جوانەی ئێوە رابگرێت و گوێتان لێ بگرێت یان گرنگیتان پێ بدات، بە هەموویانەوە هێرش دەكەنە سەرتان. بەڵام وا من پڕۆژەی ئاشتكردنەوەی مەینۆشەكانم راگەیاندووە و هەموو مەینۆشەكان لە باوەش دەگرم و ماچیان دەكەم، پێیان دەڵێم: نیگەران مەبن كە چەندان سەدەیە بە ناڕەوا هەڵسوكەوتان لەگەڵ دەكرێت، كەسێكیش نەبوو بوێری ئەوە بكات پاڵپشتی و داكۆكیتان لێ بكات، نەك رووڕەشی لای كۆمەڵگە بێت.

كۆمەڵگەی كوردی دەبێت رێز لە هەموو مرۆڤەكان بگرێت، هەرێمی كوردستان لە هەموو سەردەمەكاندا هەر وابووە، ئەمە رەسەنایەتیی كوردە و كورد هەمیشە بەوە جیا كراوەتەوە كە میانڕەوە و رێز لە مرۆڤەكان دەگرن، تكایە رەسەنایەتیش بەلاڕێدا مەبەن.

كۆمەڵگەی كوردی دەبێت لەو كەسانە بێزار بن كە گەندەڵی بەدەمارەكانیاندا رێ دەكات و كوردستانیان تاڵان كرد و بەشی هەموومانیشیان خوارد، نەك بە مەینۆشێك ئەگەر هیچ زیانێكی بۆ تۆ نەبێت.

مەینۆشەكان ئێوە ناكەم بە فریشتە، بێگومان ئێوەش كەسی خراپتان تێدا هەڵدەكەوێت، بەڵام كاتێك دەرگایان لێ داخستن و كەسێك نەهاتە دەنگ، كەسێك نەبوو بڵێ‌ ئەمانە پێشەنگی ئاشتەوایی و ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیانن، ئەمانە زمانی كوشتن و بڕین و توندڕەوی و تیرۆریستی و تۆقاندن و رقوكینە نازانن.

تێبینی یەكەم: 
لە قورئانی پیرۆزدا چەند ئایەتێك لەسەر مەینۆشین هەیە، هیچ كام لە ئایەتەكان باسی حەرامبوونی مەی ناكەن، بەڵكو لە ئایەتێكیاندا دەڵێت: گوناهێگی گەورەیە و سوودیشی بۆ خەڵك هەیە. لە ئایەتێكی تریشدا دەڵێت، نزیكی نوێژ مەكەنەوە بەسەرخۆشی، لەوی تریشیان دەڵێت: كاری شەیتانە و خۆتانی لێ بەدوور بگرن، لە كاتێكدا لە ئاینەكانی تردا وەك ئاینی مەسیحی، مەینۆشین رێپێدراوە.

تێبینی دووەم: 
كاتێك هاوەڵەكانی كەوتنە مەترسییەوە، پێغەمبەری ئیسلام فەرمانی پێ كردن كە بڕۆن بۆ حەبەشە، چونكە شایەك لە حەبەشەیە لە سایەی ئەودا هیچ كەسێك ستەمی لێ ناكرێت. لە كاتێكدا شای حەبەشە مەسیحی بووە و پێڕەوی ئاینی ئیسلامیان نەكردووە، واتا وەك ئەوەی پێغەمبەری ئیسلام پێمان بڵێت: دادپەروەری لە پێش هەموو شتێكەوەیە تەنانەت ئاینیش.