ڕه‌نگه له‌سه‌ر ژیان و که‌سایه‌تیی ئیدریس بارزانیی ڕه‌وانشاد زۆر شت وترابێت و هێشتایش زۆر شت مابێت باس بکرێت و ته‌نانه‌ت زۆر فیلم و ڕۆمان و کتێب، له‌باره‌یه‌وه ده‌بێت به‌رهه‌م بهێنرێت، به‌ڵام ڕازی نه‌مری و بێگه‌ردی که‌سایه‌تیی ئیدریس ته‌نیا له ئاماده‌بوونی له ته‌مه‌نێکی که‌مه‌وه له‌ناو جه‌نگه‌ی شۆڕش و ئاواره‌یی و خه‌باتدت نه‌بووه، به‌ڵکوو هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌م که‌سایه‌تییه له زاری بیانی و ناوخۆییه‌وه وێنه‌یه‌کی دره‌وشاوه و پیرۆزی دروست کردووه که به‌حه‌ق جێی ستایش و شانازیی نه‌ته‌وه‌ییه.
له‌م ڕۆژانه یه‌کێک له هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، شه‌هرام قادر ده‌نووسێت: کاتێک منداڵ بووم له شاری قوم کاک ئیدریس له‌گه‌ڵ کاک مه‌سعوود شه‌و له ماڵمان مانه‌وه به چاوی خۆم بینیم ڕۆژی دواتر، دوای خواردنی نانی نیوه‌ڕۆ، کاک ئیدریس لێنه‌گه‌ڕا که‌س دوای نانخواردن ئاوی به‌ده‌ست دا بکات و زۆر به زه‌حمه‌ته‌وه ده‌ست و چاوی خۆی شوشت، ئه‌مه له حاڵێکدا ئه‌و میوانی ئێمه بووه و لانیکه‌م هه‌ر ده‌بوو له‌به‌رئه‌وه بوار به ئێمه بدات، به‌ڵام نه‌فسبه‌رزیی ئه‌و ڕێگه‌ی به‌و کاره نه‌دا.
شەهرام بەردەوام دەبێت، بیرم دێت به یه‌کێک له براکانمی گوت: "کوڕم، زوو زوو ئاوه‌که بگره‌وه با خه‌سار نه‌بێت، من بیرم دێت هه‌ر جاره‌ی ئه‌م پیاوه‌م دیووه، به ڕوویه‌کی خۆش و پێکه‌نینه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ری منی منداڵێک‌دا دەهێنا و پێی دەگوتم تۆ پێشمه‌رگه‌ی منی.
ئه‌م هه‌ڵسووکه‌وت و ڕه‌فتارانه‌ی ئیدریس بارزانیی ڕه‌وانشاد له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌یه که که‌سایه‌تییه‌کی کاریزمایی و نه‌مر له زه‌ینی گشتیدا بۆ ئه‌و دروست ده‌کات.
هه‌روه‌ها ئێمه له ئه‌رشیڤی ڕۆژنامه‌کانی سه‌رده‌می ڕژێمی په‌هله‌وی ئێران‌دا، له هه‌واڵنێری تایبه‌تی ڕۆژنامه‌ی ئیتڵاعاتی فارسی که خۆی سه‌ردانی حاجی ئۆمه‌رانی کردووه و له نێزیکه‌وه کاک ئیدریسی بینیوه و وتووێژی له‌گه‌ڵ کردووه، ده‌خوێنینه‌وه:
(چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانی کوڕی جه‌نه‌راڵ بارزانی، به‌ر له نیوه‌شه‌وه و له شوێنێک بوو که ئه‌گه‌ر چه‌ند جاری دیکه بمبه‌نه‌وه بۆ ئه‌وێ قه‌ت فێر نابم. ڕوومه‌تی ئیدریس وا پێشان ده‌دات که 35 ساڵان بێت. شەش مناڵی هه‌یه چوار کوڕ و دوو کچ. دوو منداڵی دووانه‌ن. ئیدریس بارزانی که پیاوی ژماره دووی کورده‌کانی عێراقه، له به‌غدا خوێندنی ته‌واو کردووه. ساڵی 1961 هاتووه‌ته ڕیزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌وه. مرۆڤ له یه‌که‌م چاوپێکه‌وتندا شه‌یدای گه‌رمی، ساده‌یی و میهره‌بانیی ئیدریس ده‌بێت. تێگه‌یشتم که گه‌لێک زانا و شاره‌زایه. زانیاریی له‌سه‌ر بارودۆخی ناوخۆی عێراق و سیاسه‌تی جیهانیی به‌رفراوان و سه‌رنجڕاکێشه. به‌شی زۆری ته‌مه‌نی له‌ناو پێشمه‌رگه و شۆڕشگێڕ و پارتیزانانی کورددا بووه، له ناخی کوێستانه‌کاندا ژیاوه. که‌چی بۆ لێکدانه‌وه و تاوتێکردنی ڕووداوه سیاسییه‌کانی جیهان، شاره‌زاییه‌کی ناوازه‌ی هه‌یه.
ئه‌مه تێڕوانینی ڕۆژنامه‌نووسێکی تایبه‌ت و دیاره که جیا له لایه‌نی مه‌عریفی و سیاسیی کاک ئیدریس، بێگه‌ردی و ئه‌خلاقی جوان و ساکاری ئه‌و بۆ ئێمه ده‌خاته ڕوو و ده‌یگێڕێته‌وه.
ئیسمیت هه‌مپستۆن هه‌واڵنێری ئه‌مەریکایی که له پووشپه‌ڕی 1977 له تاران سه‌ردانی بارزانیی نه‌مر ده‌کات، له وتووێژ له‌گه‌ڵیدا که له ڕۆژنامه‌ی "ئاماریلۆ" بڵاو ده‌بێته‌وه، ده‌نووسێ:
له یه‌کێک له ڤیلاکانی باکوری تاران‌دا سه‌ردانی بارزانیم کرد. هه‌رچه‌ندە نه‌خۆشه و که‌متر قسه دەکات، نیگه‌رانی چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستانه. چاوه ڕه‌نگی و کاره‌باییه‌کانی بریسکه‌یان دەهات. به وریاییه‌وه له کاتی قسه‌کردندا، له‌سه‌ر خه‌باتی گه‌لی کورد بۆ سه‌ربه‌ستی، هەڵوەستەی دەکرد.
بەردەوام دەبێت: سێ ساڵ له‌مه‌وپێش، بارزانیم لە‌گه‌ڵ دوو کوڕه‌که‌ی -ئیدریس و مه‌سعوود- که وه‌کوو دوو شاباز له شاخه به‌رزه‌کانی کوردستان بوون، دیبوو. له‌و دیمانەیەدا بوو که ئیدریسی 33 ساڵان و مه‌سعوودی 31 ساڵانم بینی. به پێڕه‌وی له بیر و ئه‌ندێشه‌ی باوکیان به منیان گوت، ئێمه بۆ کوێستانه‌کانی کوردستان ده‌گه‌ڕێینه‌وه. باشتر ئه‌وه‌یه که له کاتی شه‌ڕ و له خاکی کوردستاندا بکوژرێین تا ئه‌وه‌ی که به دڵێکی شکاو له ئێران‌دا بمرین.
به‌شێکی تر‌ی نه‌مری و زیندووێتی هه‌میشه‌یی کاک ئیدریس سه‌فه‌ری مه‌رگێتی له‌گه‌ڵ بارزانیی نه‌مر و ده‌توانم بڵێم گه‌شته نه‌مره‌که‌ی گواستنه‌وه‌ی مه‌زاریانه له شاری شنۆوه بۆ بارزان که ئه‌مه‌ش سیمای کاک ئیدریس له‌ژێر تیشکی خه‌رمانه‌ی پڕ تیشکی مه‌لا مسته‌فادا زیاتر ده‌گه‌شێنێته‌وه و به ڕۆح و یاده‌وه‌ریی گشتیی نه‌ته‌وه‌ییمانه‌وه گرێی ده‌دات و له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان وێنه‌ی ئه‌م گه‌شت و سه‌فه‌ره نه‌مر و ئه‌به‌دییه، تۆمار و جاوید ده‌بێت. بۆیه با بگه‌رێینه‌وه ئه‌و چرکه ساته مێژووییه و شه‌پۆلانی تیشکی کاک ئیدریس زیاتر ببینین.
له کتێبی له‌سه‌ر ترۆپکی تۆفان بارام وه‌ڵه‌دبه‌گی ئاوا هاتووه:
مه‌لا مسته‌فا بارزانی، ڕێبه‌ری درێژخایه‌نترین و خۆڕاگرترین شۆڕشی کوردستان، پاش چه‌ن ده‌یه خه‌بات و تێکۆشان و ئاواره‌یی و ڕه‌نج و ئازار و به‌رخۆدان و پشوودرێژی له‌سه‌ر ڕێبازی ڕزگاری کوردستان، له رێکه‌وتی 1979/3/1 له نه‌خۆشخانه‌ی جۆرج تاونی واشینتۆن له ئه‌مەریکا، به‌ره‌و جیهانی هه‌ر‌مان کۆچی دوایی کرد.
مه‌لا مسته‌فا له ڕێکه‌وتی 1903/3/14 له بارزان چاوی به دنیا هەڵێنا و پاش 76 ساڵ ته‌مه‌ن، دوور له زێد و نیشتمان و ئاواته‌کانی، گیانی پیرۆزی بەرەو لای حەق بەڕێکەوت. سه‌رتاسەری کوردستان، هه‌ر له سنه‌وه بگره هه‌تا سلێمانی و دیاربه‌کر و ئیلام و قامیشلوو، له کرماشانه‌وه هه‌تا که‌رکووک و خانه‌قین و دهۆک و هه‌ولێر و مه‌هاباد، چاویان پڕ بوو له ئه‌سرین و دڵیان تژی له داخ و ده‌رد، بۆ له ده‌ستدانی ڕێبه‌ری خاوەن تەگبیر و دڵسۆزیان.
ئه‌م داخ و که‌سه‌ره له ئێران‌دا هاوکات بوو له‌گه‌ڵ شۆڕشی گه‌لانی ئێران و ڕۆژگاری بێبه‌زه‌یی بوون له ئاست جه‌سته‌ی شۆڕشگێڕ‌ی پیری کوردستان. به‌ڵام به‌شداری خه‌ڵکی کوردستان له بەڕێکردن و ئه‌سپه‌رده‌ی ته‌رمی پیرۆزی ئه‌ودا، ڕیفراندۆمێک بوو له به‌رانبه‌ر دژایه‌تی و تێنەگەیشتوویی که‌سانێک که بۆ هیچ و له‌خۆڕا ئه‌و کاره‌یان کرد. بێگومان ئه‌وانه‌ی ئه‌و بێبه‌زه‌ییانەیان ڕه‌وا بینی، ئه‌مڕۆ له به‌رانبه‌ر ڕاسته‌قینه‌ی مێژوو و ڕه‌نج و پشوودرێژی بارزانییه‌کاندا، ناتوانن له خۆیان خۆش بن.
رۆژی -1979/3/3، 000/300 که‌س له خه‌ڵکی وریا و به‌ئه‌مه‌گی کورد، له ئێران، تورکیا، سووریا، عێراق، ئه‌ورووپا و ئه‌مەریکاوه له شاری شنۆ کۆبوونه‌وه، تا قافڵه‌سالار و پیر و موراد و سیاسه‌توان و ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی کوردستان ڕەوانه‌ی دیاری نه‌مریی بکه‌ن.
ئه‌م ڕووداوه مێژووییه، به به‌شداری زۆربه‌ی که‌سایه‌تییه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌کانی هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان به ژیری و وریاییه‌کی سیاسییه‌وه به‌ڕێوه چوو و ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیان به‌جێ هێنا.
بارزانی له دواڕۆژه‌کانی ژیانی پڕ له شانازییدا له وتووێژ له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌مەریکای گوتبووی: بۆ من هیچ کوێ نابێته کوردستان. ئێستە که نه‌متوانی له کوردستاندا بژیم، با له کوردستاندا بمرم.
ئه‌مه دوایین هاواری هه‌ڵۆی به‌رزه‌فڕی کوردستان بوو که پاش ساڵانێک خه‌بات و ئاواره‌یی، زیکری کوردستانی ده‌گوته‌وه و ئه‌مه ته‌نیا شتێک بوو که ئه‌م ڕێبه‌ره له‌م دنیا بێ شه‌رت و بەقایەی دەخواست، تا بۆ مانه‌وه‌ی نیشتمانه‌که‌ی، دواین مه‌نزڵگەی، له‌لای خه‌ڵکی کوردستان بێ و بۆ هه‌تا هه‌تایه ئۆقره بگرێ.
هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ی خۆی گوتبووی: ئێستە له‌سه‌ر بارزان و کوردستان، دوژمنانی ئه‌م گه‌له زاڵن. له‌م به‌شه‌که‌ی کوردستان، له شاری شنۆ، له کوردستانی ئێران که به‌شی زۆری ته‌مه‌نم له‌گه‌ڵ گه‌وره‌پیاوانی مێژوو، له‌م خاکه‌دا خه‌ریکی خه‌بات بووم، بمنێژن تا ئەگه‌ر خوا بیه‌وێ، پاش ڕزگاربوونی کوردستان، له بارزانی ئاواته‌کانم ئۆقره بگرم.
بۆیه پانزده ساڵ پاش ئەسپەردەکردنی له شنۆ، له ڕۆژی 1993/10/6 ڕاسپارده و وەسیەتی ئه‌و ڕێبه‌ره بێ¬ وێنەیە بەجێ هات و له ڕۆژێکی مێژوویی‌دا، تەرمی ژەنەراڵ و کوڕی هەمیشە زیندووی، ئیدریس بارزانی له شنۆوه تا بارزان، به نیشانه‌ی ئه‌مه‌گ و پێ‌زانین بۆ دووه‌مین جار له سه‌رده‌ستی ڕێبه‌رانی سیاسی و ئاینی، سه‌رۆک بارزانی و ڕه‌وانشاد مام جه‌لال تاڵه‌بانی و ڕێبه‌رانی پارته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌کان و كەسایەتییەكانی تر و سه‌رۆک هۆز و عه‌شیره‌ت و به‌شداری خه‌ڵکی ئه‌مه‌گناسی سلێمانی، هه‌ولێر، که‌رکووک، دهۆک و خانه‌قین، بەرەو بارزان بەڕێ کرا و جه‌سته‌ی پڕ له ئازاریان به‌و ئاو و خاکه‌ی که تامه‌زرۆی بوون و تەمەنێک بۆ ئازادی و ئاوەدانی خەباتیان کردبوو، شاد کرده‌وه و له سێبەری دار به‌ڕوو و بارانی بارزاندا بۆ هه‌تا هه‌تایه حه‌سانه‌وه.
به‌م شێوه‌یه ژیانی سیاسی ئیدریسی هه‌میشه زیندوو تێکه‌ڵ به ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵسوکه‌وتی به‌رزی مرۆیی بوو و تیشکی ئه‌م ڕۆحه نوورانییه ڕه‌مزی نه‌مری و کاریزمایی هه‌میشه له سیمای بێوێنه‌ی ئیدریسی هه‌میشه زیندوو دەدات، له یاده‌وه‌ریی هه‌موواندا.