دواجار دادگای به‌ناو فیدراڵی له بڕیاردانی ئه‌مجاره‌یدا مووچه‌ی یه‌کلا کرده‌وه و له پاڵ ئه‌وه‌یشدا 11 کورسی کۆتاکانی سڕیوه‌ته‌وه. شێواز و ناوه‌رۆکی بڕیاره‌کانی دادگای فیدراڵی هێنده له سیاسه‌تێکی ئاژا‌وه‌گێڕانه پێڕه‌وی ده‌کات، به هیچ شێوه‌یه‌ک خه‌می کورد و پێکهاتەی ئیتنیکی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی کۆی عێراق ناخوات. ڕاستییەكەی هێشتا کورد له ڕوانگه و خه‌یاڵدانی عێراقدا نه‌ک هاووڵاتی نییه، به‌ڵکوو هه‌ر ئه‌و موخه‌ڕیب و تێکده‌ره‌یه که سه‌دام و به‌عسییه‌کان پێناسه‌یان کرد و جه‌یش و جاشه‌که‌ی په‌ره‌یان پێدا.
گومان له‌وه‌دا نییه مووچه و خواستی فەرمانبەران حه‌قێکی ته‌واو ڕه‌وا و بێ ئه‌ملاولایه، که‌س ناتوانێت به سووسه‌یه‌ک نکۆڵی ڕۆڵی مه‌زن و ده‌ر‌وه‌ستانه‌ی ئه‌وان له پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵگە و نه‌وه‌کانی ئێمه‌دا بێت، به‌ڵام کێشه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌وه‌یه ئێمه له‌ناو خۆماندا به درێژایی مێژوو پوازمان هه‌بووه و تا له برینێک ساڕ‌ێژ بووینه‌ته‌وه پوازێکی دیکه‌مان به ناوقه‌ددا چه‌قێنراوه. بۆیە پێم وایه مووچه‌ی مامۆستایان بۆ به‌غدای ئیحتیلال نه‌ک ئێستە، به‌ڵکوو هه‌میشه وه‌ک ئاوی ئاسان بووه، ئه‌و ده‌یتوانی ساڵی رابردوویش ئه‌مه بکات، به‌ڵام بۆچی نه‌یکرد؟ بۆ ئه‌وه‌ی باش موماره‌سه‌ی دۆخی ناوخۆیی ئێمه و هاوکێشه‌کانمان بکات، ئه‌وجار له پاڵ بڕیاری فریوده‌ری ناردنی مووچه‌دا، کۆمه‌ڵێک بڕگه‌ی تر له دژی هه‌رێمی کوردستان و ده‌سه‌ڵاته یاساییه‌کانی بخاته ڕوو.
کرۆکی ئه‌م جۆره بڕیارانه‌ی دادگای فیدراڵی ڕۆژ دوای ڕۆژ ده‌رخه‌ری ئه‌و پیلانه‌یه که ئامانجی دواجاری لێدانه له قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی کوردستان به مه‌به‌ستی کاڵکردنەوەی هه‌موو هێز و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و لاوازکردنی هه‌ستی کوردایه‌تی له کوردستان. هه‌ربۆیه له پاش بڕیاری هه‌ڵپه‌ساردنی پەڕلەمانی کوردستان، تا کاتی هه‌ڵبژاردن ئه‌م بریاره مه‌ترسیدارترین بڕیاره دژی کوردستان ده‌رکرابێت. ڕاسته مووچه‌یه‌ک ده‌نێرێت، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا سواخده‌ری ناوه‌ڕۆکی بڕگه‌کانی دیکه‌ی بڕیاره‌که‌یه و لادانی کۆرسی کۆتاکان و ده‌ستێوه‌ردان له شێوازی هه‌ڵبژاردن و گۆڕینی له یه‌ک بازنه‌وه بۆ فره‌بازنه‌یی، پیلانه سه‌ره‌کییه‌که‌یه.
لادانی کۆرسی کۆتاکان نه‌ک ته‌نیا دانانی تۆی ئاژاوه و لێدانه له پێکه‌وه‌ژیانێک که ساڵانێکه له ڕووی ئاسایش و سەقامگیری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چه‌تری هه‌رێم بووه، به‌ڵکوو ختووکه‌دانی هه‌ستی ناکۆکیی ناوخۆیی و دژبه‌رییه له ڕێگه‌ی تورکمان و... بێگومان وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ئه‌م بابه‌ته به قازانجی خۆیان و به زه‌ره‌ری هه‌رێم (نه‌ک عێراق) که‌ڵک وه‌رده‌گرن، که‌واته ده‌کرێت بڵێین ئه‌مه پوازێکی نرە به ماهیه‌تێکی دیکه‌وه که عێراقی ئیحتیلال له ناوقه‌دی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردستان، چه‌قاندی.
ئینجا گۆڕینی شێوازی هه‌ڵبژاردن له یه‌ک بازنه‌وه بۆ فره‌بازنه‌یی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی میدیا و به‌ناو تییۆریزه‌که‌رانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ده‌یڵێن، نه‌ک ته‌نیا هه‌نگاوێک نییه به‌ره‌و دیموکراسی ڕاسته‌قینه، به‌ڵکوو پلانێکه بۆ له‌تکردنی زیاتر و یاسا‌مه‌ندکردنی پارچه‌کردنی کوردستان و هه‌مان لامه‌رکه‌زییه‌تی بێ ناوه‌رۆک که به یارمه‌تی و پلانی ده‌رودراوسێ و ئیحتیلال، به گوێی به‌ڕێوه‌به‌رانی یه‌کێتیدا خوێندرا. ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێی ده‌ڵێن دیموکراسی دژوازییه، به سه‌رنجدان له پلانی عێراق بۆ لاوازکردنی هه‌رێمی کوردستان، به ئاسانی تێده‌گه‌ین نه‌ک ته‌نیا دیوکراسی نییه، به‌ڵکوو پلانێکی کارله‌سه‌رکراوی شۆڤێنییه که ته‌نیا منداڵان پێی ده‌خڵه‌تێن و به ناوی دیموکراسییه‌وه کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی له‌سه‌ر ده‌که‌ن!
پێویست ناکات هه‌موو لایه‌ن و بڕگه‌کانی بڕیاره‌کانی دادگه‌ی به‌ناو فیدراڵی لێره‌دا شی بکه‌مه‌وه، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه بڵێم به‌ڵێ هه‌موومان ده‌زانین کوردستان له قه‌یرانێکدایه که هه‌م حوکمڕانیی کوردی له 91ه‌وه تا ئێستە لێی به‌رپرسه و هه‌میش داگیرکه‌ران پلانیان بۆ داڕشتووه، ئه‌وه‌ی نه‌زانێت ڕه‌شۆی عێراق به ده‌ست کام لایه‌نی ئاینی و ئایدۆلۆجی ناوچه‌که‌وەیه بێگومان له خه‌وێکی خۆش و گه‌شدایه!
ڕاسته کورد تا ئاستی پێویست له قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئازار و پێداویستییەكانی کۆمه‌ڵگەکه‌یدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێک له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌کانی کوردستان و به تایبه‌ت کابینه‌ی نۆیه‌مەوە دراوه و ده‌درێت كە دامه‌زراندنی وڵات به‌و شێوه‌یه نییه که قه‌یرانێک هاته ئاراوه هه‌موو شتێک ته‌سلیم بکرێت و به‌ناوی مافگه‌ڕاندنه‌وه بۆ خه‌ڵک و دیموکراسییەوە، شوناس و کیان و هه‌موو شتێکت ڕاده‌ست بکه‌ی، به‌داخه‌وه ئه‌مه سیاسه‌تێکی هه‌ڵه و لاده‌رانه بووه که یه‌کێتی هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه تا ئێسته وازی لێ نه‌هێناوه.
ئه‌م سیاسه‌ته‌ی یه‌کێتی هه‌ر به نیسبه‌ت هه‌رێمی کوردستانه‌وه نییه و خه‌ریکه ڕچه ده‌شکێنێت به نیسبه‌ت کوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشه‌وه که هیچ لایه‌نێک له مێژوودا نه‌یشکاندووه، ئه‌مه ڕه‌نگه ئێستە بۆی بچێته سه‌ر، به‌ڵام ئه‌نجامی کوشنده و ڕووخێنه‌ری له داهاتوودا هه‌یه بۆی.
وه‌ک له سه‌ره‌تاوه وتم، دانی ماف به مامۆستا و ڕێز و حورمه‌تی هه‌میشه‌ییان، ئەركێكی کۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری هه‌موو کورد و تاکێکه، به‌ڵام به‌کارهێنانیان له یاری سیاسی و میدیاییدا، بابه‌تێکه لێبووردن هه‌ڵناگرێت و ڕووخسارێکی ناشیاو له کایه و یارییه‌که‌ی یه‌کێتیدا ده‌خاته ڕوو. مامۆستایان به درێژایی مێژوو چ ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌می پێش ڕاپه‌ڕین و چ ئه‌وانه‌ی پاش ڕاپه‌ڕین، له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی هوشیاری و حورمه‌تدا بوون، ئایا له سه‌رده‌می شۆڕش و شاخ سینگیان قه‌ڵغانی به‌رگری له پێشمه‌رگه و خاک و خه‌ڵک نه‌بووه؟ ئه‌ی چۆنە ئێسته بۆ مووچه‌یەك که مافی خۆیانە و عێراق نه‌یناردووه و یه‌کێتی له داهاته سنوورییه‌کان بێ به‌شی کردوون، به ئاوازێکی ئیحتیلال و پوازەكانییه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕن؟ ئایا ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕینه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه گوایه شادی ده‌رده‌بڕن چونکه مافی خۆیان وه‌ردەگرته‌وه؟ ئه‌مه یان دژوازییه‌که له لۆجیکدا یان کایه‌یه‌که ته‌وقیت کراوه.
ماف وه‌ک ماده و مووچه، بچووکترین حه‌قی مووچەخۆر و مامۆستایه، به‌ڵام ئه‌م یارییە‌ی یه‌کێتی به مامۆستایانی ئازیز و به حورمه‌تەوە که هه‌ندێکیان له ڕووی گوشار و تووڕه‌یی و هه‌ندێکیشیان له ڕووی نه‌بوونی هوشیاری پێویستەوە که‌وتنه داوییه‌وه، بابه‌تێکه هیچ شتێک قه‌ره‌بووی ناکاته‌وه و بریا ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕکێیه به بیانوویه‌کی تر له ده‌باشان بکرایە! ئه‌گه‌ر یه‌کێتی کێبەڕکێ له‌گه‌ڵ پارتی ده‌کات با له‌ناو هه‌رێمی کوردستان و کیانێکی کوردی‌دا بیکات و کارتی فرۆشتنی خاک و ئینتیما و که‌رامه‌ت به کار نه‌هێنیت.