شاندی حكوومەت و نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆ دەبنەوە

:: AM:09:52:27/04/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی بەغدا كۆ ببنەوە و دواین گفتوگۆ كە لەگەڵ بەغدا ئەنجام دراوە، باس بكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ شاندەكەی حكوومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت.

كۆمەڵێك زانیاریی پێشكەشی سەرۆك فراكسیۆنەكان كران
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتی، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجامی سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا تاوتوێ بكرێت، هەروەها هەوڵی فراكسیۆنەكانیش باس بكرێت.

شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، دوێنێ‌ سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و كۆمەڵێك زانیاریی پێشكەشی سەرۆك فراكسیۆنەكان كران.

بڕینی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە عێراق وەك بابەتێكی سیاسی لەلایەن بەرپرسانی عێراق ساڵانە دژی هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنرێت و هەر كاتێك كێشەیەك لە عێراق هەبێت، ئەوا بە بیانووی جیاجیا هەوڵی دروستكردنی كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دەدرێت.



وشە - رامیار جەواد