مەسیحیەكانی عێراق دژی بڕینی مووچەی كوردستانن.. بەغدا لەو جەنگە سەركەوتوو نابێ‌

:: PM:09:07:27/04/2020 ‌
هەنگاوەكانی بەغدا بۆ بڕینی مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان، كاردانەوەی جیا جیا لێكەوتووەتەوە و مەسیحییەكانیش لەگەڵ ئەوەدانین قووتی خەڵكی كوردستان بەسیاسی بكرێ.
 
بورهانەدین ئیسحاق، پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند،  داهاتی وڵات بۆ هەموو خەڵكەكەیەتی دەبێ مووچە و بودجەیش بۆ هەموو خەڵكی بێ بە بێ جیاوازی، بۆیە وەك مەسیحیەكان لەگەڵ بڕینی مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستاندانین و ناكرێت تیكەڵ بەهیچ كێشەكی سیاسی بكرێ.

بڕینی قووتی خەڵكی تاوانە
زیاتر گوتی، بڕینی قووتی خەڵكی تاوانە، خەڵك نابێ باجی هیچ ململانێیەك بدات و قووتی خەڵك بە سیاسی بكرێ.

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییەكان بەپێویست دەزانن كە رەشنووسەكەی لە ساڵی 2007وە پەسەند كراوە.

لای خۆیەوە ئومێد ئەحمەد، شارەزای ئابووری بڕوای خۆی پێشاندا، بەغدا چاوی بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت، بۆیە كێشەی سیاسی و ئابووری بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكات.

ئەو شارەزایە بۆ "وشە" گوتی، حكوومەتی عێراق لەم جەنگەی بەرانبەر بە كوردستان سەركەوتوو نابێ ،پێشتریش هەوڵی لەوشێوەیەدراوە و سەركەوتوونەبووە.

چەند رۆژێكە بەغدا بڕیاری راگرتنی ئەو نیوه مووچەیەی داوە كە مانگانە بە كوردستانی دەدا، ئەوە لە كاتێكدا لە یاسای بودجەی 2019 ئەوە جێگیر كراوە كە مووچەی كوردستان نەبەسترێتەوە بە هیچ كێشەیەكی سیاسییەوە، ئەمەیش یەكەمجار نییە و لە شوباتی 2014 بۆ ماوەی چوار ساڵ كۆی بودجەكەیان بڕی و بەردەوام بۆ سزادانی گەلی كوردستان مووچە وەك كارتی سیاسیی و نەتەوەیی دژی كورد بەكار دێنن، بەڵام ئەوەی زۆر جێی نیگەرانی خەڵكی كوردستانە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردن لە بەغدا لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، كە لەو دۆخەدا خۆشحاڵ دەردەكەون بە بڕینی مووچەی فەرانبەران.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم