پەرلەمانتارێكی كورد: هێزێكی شیعە دەیەوێ وەزارەتی دارایی ببات

:: PM:11:44:27/04/2020 ‌

لەو كاتەی پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی "فەتح"، بە سەرۆكایەتی هادی عامری، ئاشكرای كرد كە هێزە شیعەكان لەسەر دوورخستنەوەی كورد لە هەردوو وەزارەتی دارایی و دەرەوە رێككەوتوون، پەرلەمانتارێكی كورد ئەو رێككەوتنەی كەمبایەخ كرد و دووپاتی كردەوە كە هێزێكی شیعە چاوی لە وەزارەتی داراییە.
فوئاد حوسێن كاندیدی پارتی و كوردە بۆ وەزارەتی دارایی و كەس مافی رەتكردنەوەی نییە
موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری شیعە ئەمڕۆ دووشەم گوتی، هێزە شیعەكان لەسەر دوورخستنەوەی كورد لە هەردوو وەزارەتی دارایی و دەرەوە لە حكوومەتی عێراقی رێككەوتوون، دووپاتی كردەوە كە رێگە بە كورد نادەن وەزارەتی سەروەریان لەو حكوومەتە لە دەست بێت، روونی كردەوە، وا باشترە كاندیدی وەزارەتی دارایی لە بەغدا بێت و هی نەوتیش لە بەسڕە.

لەبارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق گوتی، كازمی رووبەڕووی كێشە بووەتەوە لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی، بەهۆی مەرجە سیاسییەكانی بۆی دیاری كراوە و سووربوونی هێزە سیاسییەكان لەسەر پۆستە ویزارییەكان.

لای خۆیەوە بەشار كیكی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، رەتكردنەوەی پێدانی كورد بۆ وەزارەتی دارایی یان هەر وەزارەتێكی تر، پێچەوانەی پرەنسیپی هاوبەشی نیشتمانییە لە پێكهێنانی حكوومەتدا، ئاماژەی كرد، هێزێكی شیعە هەیە، هەوڵی بەدەستهێنانی وەزارەتی دارایی دەدات لە رێگەی رێگرتن لە پێدانی بە كورد.

روونی كردەوە، پێشتر ئەو وەزارەتە بەدەستی شیعە بووە و هیچیان بۆ نەكراوە، بۆیە رێككەوتنی ئێستەیان لەوبارەوە بەرجەستەی ویستی خۆیان دەكات و كورد ماف و بەشی خۆی لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق هەیە، بۆیە ئەگەر هێزە شیعەكان وەزارەتی داراییان دەوێت، دەتوانن دەستبەرداری وەزارەتی نەوت بن بۆ كورد، دووپاتی كردەوە كە فوئاد حوسێن، كاندیدی پارتی و كوردە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و كەسیش مافی رەتكردنەوەی نییە.      




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل