بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ بۆ شوفێران جێبەجێ‌ دەكرێت

:: AM:08:38:10/06/2020 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆ ڕای دەگەیەنێت، پێویستە شوفێران و سەرنشینانی ئۆتۆمبێل دەمامك و دەستكێش بەكاربهێنن بۆ ئەوەی تووشی سزای یاسایی نەبن.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، تیمەكانی هاتوچۆ ئێستە لێپرسینەوە لە كەسانی كەمتەرخەم دەكەن بە تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلی پاس و تاكسییەكان كە هاووڵاتییان بەكاریان دەهێنن.

كارمەندانی هاتوچۆ بەردەوام ڕێنوێنی تەندروستی و هۆشیارییان بە شوفێران داوە
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر گوتی، كارمەندانی هاتوچۆ بەردەوام ڕێنوێنی تەندروستی و هۆشیارییان بە شوفێران داوە بۆ ئەوەی پابەندی رێنوێنییەكان بن.

باسی لەوەش كرد، پێویستە هاووڵاتییان و شوفێران خۆیان پابەندی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان بن، بەوەش ژیانی خۆیان دەپارێزن و تەندروستیان باش دەبێت و تووشی لێپرسینەوەی یاسایی نابن.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەر شوفێرێك پابەندی بەستنی دەمامك و لەدەستكردنی دەستكێش نەبێت، بە بڕی 50 هەزار دینار سزا دەدرێت و پێویستە سەرنشینی پاس و تەكسییەكانیش بەهەمانشێوە دەمامك بەكار بهێنن.

لە هەرێمی كوردستان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەموو ڕێیەك گیراوەتەبەر و چەندان بڕیار و ڕێنوێنی دەرچووە.



وشە - رامیار جەواد