بڕیاری نوێ بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان دەرچوو

:: AM:09:28:10/06/2020 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، بۆ ئەوەی قوتابییان پارێزراو بن و تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبن، چەند ڕێكاری پێویست بۆ دانەوەی ئەنجامەكان گیراوەتەبەر.

مامۆستاكان دەتوانن ئەنجامەكان بەڕێی ئەلیكترۆنی یان بە دایك و باوكی قوتابی بدەنەوە تا قوتابیان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبن
ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، بەشدار عەبدولخالق بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زۆر پێویستە قوتابیان پارێزراو بن و تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبن لەكاتی وەرگرتنەوەی ئەنجامەكان، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ڕێیەك دەگرینەبەر.

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر گوتی، بەڕێوەبەر و مامۆستاكان دەتوانن ئەنجامەكان بەڕێی ئەلیكترۆنی یان بە دایك و باوكی قوتابی بدەنەوە تا قوتابیان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبن.

باسی لەوەش كرد، قوتابییەكی زۆر لە كاتی وەرگرتنەوەی ئەنجامەكان كۆ دەبنەوە كە ماوەی چەند مانگێكیشە یەكتریان نەبینیوە، بۆیە ئەگەر یەكێكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت، ئەوا ئەوانی تریش تووش دەبن، ئامانجی پەروەردەش ئێستە ئەوەیە قوتابیان پارێزراو بن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، ماوەی سێ‌ مانگە خوێندن بە تەواوەتی وەستاوە، ئەوەیش وایكرد كە چەند بڕیارێك بدرێت تا قوتابیان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبن.


وشە - رامیار جەواد