له‌بیرمه ڕێك شه‌ش مانگ پێش ئه‌وه‌ى بابه‌تى هێرشى سەر ڕۆژئاوای کوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه ڕوو بدات و ئاڵۆزیى له‌نێوان كورد و تورك دروست ببێت، به‌ڕێوبه‌رى ده‌زگه‌ى ڕۆژنامه‌وانیى "وشه" بڕیارێكى ده‌ركرد، "لاپه‌ڕه‌ى كۆتایى ههفتهنامهكهى به خۆڕایى پێشكه‌ش كرد بۆ ئه‌و كارگه و به‌رهه‌مه ناوخۆییانه‌ى له كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، وه‌ك هاندان و وه‌ك ناساندیش بۆ بەرهەمی خۆماڵی".
سه‌رنووسه‌رى "وشه" پێش ئه‌وه‌ى به‌ڕێوبه‌ر بێت، هاووڵاتییه‌كى ئه‌م كۆمهڵگەیەیه، ئه‌و به‌پێى تواناى خۆى هه‌وڵى بۆ به‌رز نرخاندن و ناساندنى به‌رهه‌مى ناوخۆیى دا، ئه‌مه‌ى كه باسى ده‌كه‌م، ڕه‌نگه بۆ خاوه‌نى ئه‌م ده‌زگایه خۆش نه‌بێت و پێویستى به‌و درکاندنی ڕاستییە نەبێت، چونکە کوردایەتی لای ئەو منەت نییە و ئەرکە، به‌ڵام نموونه‌ى جوان و بوێرانه شایه‌نى باسكردنه و فێربوون لێیه‌وه گرنگە، چه‌ند كه‌س له ئێمه له بڕى به‌رهه‌مى وڵاتان دوو خووله‌ك به‌خۆمان ده‌ده‌ین بۆ هه‌ڵبژاردن و گه‌ڕان به‌دواى به‌رهه‌مى خۆماڵى له مارکێتەكان!.
دواى ڕووداوه‌كانى هێرشكردنه سه‌ر ڕۆژئاوا، ده‌نگۆى ئه‌وه بڵاوبووه‌وه كۆمه‌ڵێك گه‌نجى خوێنگه‌رم و زۆر نیشتمانپەروەریش هەڵمەتێکی بێ به‌رنامه‌یان به‌وه ده‌ست پێ كرد کە له هه‌ولێر كاڵاى توركى و له سلێمانى كاڵاى ئێرانى ناكڕن، هەڵمەتەکە دواتر لە سۆشیال میدیاش بەرفرەوان بوو، بەڵام نه به‌رده‌وام بوو نه سه‌رى گرت.
هۆكاره‌كانى سه‌رنه‌گرتنى پلانه‌كه ئه‌وه‌بوو سه‌ركرده‌یه‌ك و كه‌سێك نه‌بوو ئه‌م كاره به شێوه‌یه‌كى ڕێكخراو بكات و سووده‌كانى بۆ هاووڵاتییان شى بكاته‌وه، جگه له‌وه خه‌ڵك بڕواى به ئه‌و كه‌سانه نه‌بوو كه ده‌یانگوت بایكۆت ده‌كه‌ین، چونکە نەیاندەناسین و زیاتر ئەکاونتی فەیسبووک پردی پێوەندی بوو، بۆیە دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ده‌یانگوت بایكۆت ده‌كه‌ین، هەندیکیان وێنه‌یان له تاران و ئه‌سته‌نبووڵ بڵاو ده‌كرده‌وه. هۆكارى سێیه‌م بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌لایه‌ك ده‌یانگوت بایكۆت له حه‌فازه و میترۆ ده‌كه‌ین، به‌ڵام برنج و ڕۆن و شه‌كر و ئاویش له توركیا و ئێرانه‌وه ده‌هێنن و دهیانكڕى، واتا بایكۆته‌كه لای زۆرکەس ته‌نیا قسه‌ى بریقه‌دارى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو.
ڕاستییەکەی بایكۆت نه به سۆزداری ده‌كرێت نه به هاووڵاتییانى نیشتمانێك كه یه‌كگرتوو نه‌بن، بایكۆت و هه‌موو بابه‌تێك بۆى كاریگه‌رى هه‌بێت یه‌كگرتوویی و بەرنامەی نیشتمانی و خیانه‌ت نه‌كردن و خۆشویستنی خاكى ده‌وێت.
ئێسته كه هه‌موو جیهان ڕووى ده‌رگاى بۆ بارزگانى و ناردنه ده‌ره‌وه‌ى به‌رهه‌مى خۆى داخستووه یان بیر لە داخستنی دەکاتەوە، ته‌نانه‌ت خه‌ریكه پاره هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئێستە کاتی ڕاستەقینەی هەستانەوەی کوردستانە و فه‌رموون بایكۆتى خواردنى توركى و ئێرانى و هەر وڵاتێکى تر بكه‌ین.
ئایه ده‌توانن؟ به‌ڵێ ده‌توانن و ئێسته ئه‌وكاته ڕاسته‌قینه‌یە كه به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌س ئیحراج بكه‌ین و كه‌سیش ڕقى لێمان بێته‌وه، پلانى ڕووبهڕووبوونهوى تەنگژە به‌كار بێنین و هەر کەس لای خۆیەوە دەست پێ بکات و هانی کشتوکاڵ و ژیانی ڕەسەنی لادێ بدەین، تا له كۆتاییدا سووپاسى كۆرۆنا بكه‌ین کە بیرى هێناینه‌وه ئێمه ته‌نیا به‌كارهێنه‌رین نه‌ك به‌رهه‌مهێن.
جووتیاره‌كان با بگه‌ڕێنه‌وه لادێكانیان و ئه‌و شوێنانه‌ى داگیر كراون به فه‌رمانێكى سه‌رۆك وه‌زیرانى كوردستان با ته‌لبه‌نده‌كان لاببرێت، ماسى و ته‌ماته و بامیە و خه‌یار و په‌تاته و پیاز و شووتى و پرته‌قاڵ و لیمۆ و بیبه‌ر، به دوو مانگى تر پڕى عهلووهكانى كوردستان ده‌بێت، تەنانەت ده‌كرێت ههناردەى عێراقیشى بكه‌ین.
فه‌رموون با ئاشت بینه‌وه له‌گه‌ڵ خۆمان و سرووشت و وڵاتمان، فه‌رموون با ده‌ست بخه‌ینه‌وه ناو ده‌ستى یه‌ك و ئه‌مجاره كاتى بایكۆته و بایكۆتێك كه چه‌ندان نه‌وه‌ى داهاتوو سوودى لێ ده‌بینێت، ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران نییه كێشه‌ى گه‌وره‌مان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له هیندستانیشەوە كه‌لوپه‌ل بێت خۆ پاره‌ی ئێمە ده‌چێته ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌یش كاره‌سات ده‌قه‌ومێنێت.
با حكوومه‌ت هاوكار بێت و خه‌ڵكی ئاشت بێته‌وه، با تۆزێك ماندوو ببینه‌وه، ئه‌وانه‌ى بێكارن با ڕه‌نجى ده‌ستى خۆیان بخۆن، بیرتان له‌وه كردووه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر به یه‌كجارى لە توركیا و ئێران و دنیا خۆراك كه‌میی كرد چى ڕووده‌دات؟.
تازه‌ترین هه‌واڵ باسى ئه‌وه ده‌كات برنج كه له هیندستانه‌وه هاورده ده‌كرێت، وڵاتەکە خۆى ترساوه و ده‌ڵێت ناردنه ده‌ره‌وه‌ى برنج له مانگى ئایندە بۆ وڵاتانى عه‌ره‌بى ڕاده‌گرم، ئیتر كاره‌سات ده‌ست پێ ده‌كات!. به‌ڵام ئێمه خاوه‌نى چه‌ندان ناوچه‌ى بهراوین بۆ نموونە له درهبهندیخان كه برنجى كوردى دهرهجهیهكى لێ ده‌چێنرێت، هاوکات خاوه‌نى بازیان و ئاكرێ و پێنجوێنین كه وه‌ك كارگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى برنجن، بۆیه ترسى ناوێت ته‌نیا هێزى گه‌نج و بیرى باش و حكوومه‌تێكى به‌هێزى ده‌وێت. با دەستی یەک بگرین و ئەو ڕۆژە ببینین کە بەرهەمی خۆمان بەکار دێنین و پشت بەخۆمان دەبەستین، ئەمە ئەستەم نییە تەنیا دەست پێکردنی دەوێت، چونکە دەزانن زەوییە بەپیتە کشتکاڵییەکانی جیۆگرافیای عێراق بۆ گەنم و جۆ و تووتن، شارەزوور و هەریر و زاخۆن؟ کەواتە درەنگ نییە با دەست بە بنیاتنان بکەین.