خزمەتی حكوومەت و گلەیی بێ‌ بنەمای خەڵك

هیچ كات حەزم نەكردووە نە بەسەر هیچ دەسەڵاتێك هەڵبدەم و نە باسی هیچ لایەنێك بكەم بە باشی، چونكە دەزانم ئەوە سەرەتاترین مافی ئێمەیە لە كوردستان ئەگەر بێیتە سەر ڕاستی، لە هەمان كاتیشدا كە شتێكی جوان دەبینین و هەنگاو بۆ ئەوە دەنێیت كە وڵاتەكە بەرەو سیستم دەڕوات، زۆر دڵت خۆش دەبێت و حەز دەكەیت بۆ جارێكیش بێت باسی بكەیت، بۆ ئەوەی دەنگە ناڕەزایەتییە ناڕاست و گلەییە بێ بنەمایان پووچەڵ بكەیتەوە و ڕاستییەكان وەك ئەمانەتێك بگەیەنیت.

بەهۆی ئەوەی ڕۆژنامەنووس و پارێزەریشم، هەمووكات چاومان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و گلەیی هاووڵاتییان و پێشنیارەكانی لایەنی یاساییە، بەڵام هەندێك جار كە خۆت وەك هاووڵاتییەك دەبیتە بەشێك لەو گلەییانە و سەردانی شوێنێكی حكوومی دەكەیت، زۆر بە ئاسانی ڕاستی ڕووداوەكانت بۆ دەردەكەوێت كە گلەییەكان لە شەپۆلی دژە حكوومەت بووە و بۆ هەوڵی باشتركردن نەبووە، تەنیا قسە بووە بۆ قسە.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئاب، سەعات 9:10ی بەیانی، سەردانی بنكەی تەندروستی زانكۆم كرد لەسەر ڕێی كەركووك - هەولێر لە تەنیشت كۆلێژی زانست، بە مەبەستی پشكنین بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ گەشتی دەرەوی وڵات، پێش ئەوەی بچم، زانیارییەكانم لە سایتی وەزارەتی تەندروستی و پێگەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی فڕۆكەخانە لە فەیسبووك خوێندەوە كە چەندان زانیاریی گرنگی تێیدایە، وەڵامی هەموو پرسیارەكان دراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە جیاتی شوێنێك سێ‌ شوێن لەناو سەنتەری هەولێر دیاری كراوە تا قەرەباڵغی دروست نەبێت، هەروەها بەهۆی ئەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەشتی هەموو جیهانی بەردەستە، ڕۆژانی هەینی و شەمووانیش ئەو فەرمانبەرانە لە تەندروستی لەو شوێنانە بەردەوام كار دەكەن.

ئەمڕۆ كە سەردانی بنكەی تەندروستیی زانكۆم لە گەڕەكی زانكۆ كرد، سەرەتا بە ئۆتۆمبێل چوومە ژوورەوە بۆ ناو گەڕاجی تەنیشت بنكە تەندروستییەكە كە شوێنێكی تایبەت و بە كارمەندێك پارێزرابوو، بەخۆڕایی بەردەست بوو بۆ هاووڵاتییان، دواتر چوومە ناو بنكەكە و كارمەندێكم بینی پرسیارم لێ‌ كرد لە كوێ‌ دەست پێ‌ بكەم، كوڕێكی گەنج بوو زۆر بە ڕێزەوە كە چەندان هاووڵاتیی تر پێش منیش پرسیاریان لێ‌ كردبوو گوتی، برا گیان پشكنینەكەت بۆ گەشتی چ وڵاتێكە؟ پێم گوت و جارێكی تر پرسی كە پاسپۆرتم پێیە!، گوتم نەخێر بیرم چووە، گوتی وێنەیەكی پاسپۆرتەكەیشت پێ بێت هەر دەبێت لە تەنیشتمانەوە شوێنێك هەیە بۆت ڕادەكێشێت.

لەناو مۆبایلەكەم كۆپییەك هەبوو لەو شوێنە كە نووسینگەیەكی كۆپی بوو لەناو حەڕەمی زانكۆی زانست بوو، ڕامكێشا و گەڕامەوە پێم گوت چی بكەم ئێستە، جارێكی تر بە ڕێزەوە و بە دەنگێكی هێمن گوتی، "لە پرسگە ناوت تۆمار بكە". چوومە پرسگە دوو خاتوونی بەڕێزی لێ‌ بوو ژمارەیەكیان داپێم و گوتیان دانیشە تا ئەو پۆلیسە ژمارەكەت دەخوێنێتەوە و دەچیتە ژوورەوە، لە شوێنی دانیشتنەكە دوو فێنككەرەوە و سەلاجەیەكی پڕ لە ئاو بەخۆڕایی و دەمامك و تەعقیمی لێ‌ بوو، هاووڵاتییان دادەنیشتن و هیچ كێشەیەكم نەبینی، فەرمانبەرەكان زۆر بەڕێز و نەرمییەوە ڕێنوێنیی هاووڵاتییانیان دەكرد. بگرە دەمبینی هاووڵاتییان زۆر بێ‌ سەبر و بەوپەڕی ناپابەندییەوە مامەڵە دەكەن و دەنگیان زۆر بەرز دەكردەوە.

16 خولەك چاوەڕێم كرد، دواتر ژمارەكەم لەلایەن پۆلیسەكە بە زمانی كوردی و عەرەبی خوێنرایەوە، كە چوومە ژوورەوە، چەندان ژوور هەبوون بۆ خۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەواوی فەرمانبەرەكانیش خۆیان بە ڕێكی و ڕێنوێنییەكانی تەندروستی پاراستبوو، زۆر بە ئارامی و تەواوی ڕێنوێنی و هاوكاریی هاووڵاتییان دەكرد.

پیاوێكی بەتەمەن هات بەرەو ڕووم و گوتی، "تۆ قوتابیت"، گوتم بەڵێ‌ بۆ خوێندن دەچمە دەرەوە، بە خەندە گوتی ئەگەر بەڵگەنامەی قوتابیت پێیە، فەرموو بۆ قوتابیان ژووری تایبەت هەیە و بە خۆڕایی پشكنینەكە دەكرێت، منیش بەڵگەنامەكانم پێشكەش كرد و بەخۆڕایی پشكنینەكەم كرد، پێیان گوتم هەمان ڕۆژ سەعات حەوتی ئێوارە لەسەر سایتی فەرمی وەزارەتی تەندروستی ئەنجامەكەی دەتوانی بە ئۆنڵاین وەربگریتەوە.

ئەوەی سەرنجی دام خێرایی و دڵسۆزیی ئەو كارمەندانە بوو لە كاركردن، تەواوی كارمەندەكانی ئەو بنكە تەندروستییە وەڵامی دەیان پرسیاری دووبارەی هاووڵاتییانیان دەدایەوە، زۆر هێمن و لەسەرخۆ بوون، ڕاستە ئەوە كاری ئەوانە و لە بەرانبەر هەر پشكنینێك بە خۆڕایی بۆ قوتابیان و بۆ هاووڵاتییان تەنیا 40 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ ئەوان ببن بە خزمەتكار بۆ هەر تاكێك كە بۆ ئەوێ دەچن. ئەمە جگە لەوەی دوو فەرمانبەر بەردەوام لەناو هۆڵی چاوەڕوانی دەسووڕانەوە و هاوكاری هاووڵاتییانی بیانی و كوردستان و عێراقیان دەكرد كە چۆن گەشت بكەن و بەڵگەنامە تەندروستییەكانیان چۆن پێشكەش بكەن.

خۆشە هاووڵاتییان كە شتێكی جوان لە هەر فەرمانگەیەكی حكوومەت دەبینن، باسی بكەن و ئەوەیان لە پێش چاو بێت كە كاری جوانیش كراوە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵی باشتركردنی بارودۆخ و خراپییەكانی 27 ساڵی ڕابردوو كابینەكانی تریش دەدرێت.

قورسە 27 ساڵ بەشێوەی ناسیستم كار بكەیت و لەپڕ ببیت بە سیستم و دادگەری لە نێوان تاكەكان جێبەجێ‌ بكرێت، بۆیە كە بە خێرایی چەندان شتی جوان دەبینی و كاریگەریی ئەو جووڵە خێرا و پڕ وزەیەی كابینەی نۆ، ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەم سێكتەرانە دڵخۆشی بە مرۆڤ دەدات و هیوا بۆ باشتركردنی تەواوی سێكتەرەكانی حكوومەتت پێ‌ دەدات.

ڕووم دەخەمە هاووڵاتییان بە تایبەت ئەوانەی بۆ گەشت سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن، تكایە پابەندی پاكوخاوێنی و ڕێنوێنییەكانی تەندروستی بن و دەنگتان بەسەر كارمەندەكان بەرز مەكەنەوە، ئەوان ماندوون و بۆ خزمەتی ئێمە لەوێن و هەمووان كەسوكاری ئێمەن. كاتێك شتێك هەڵەیە و كەمتەرخەمییە، بە گوێیان بكە بۆ ئەوەی كارەكەت ڕایی ببێت، چونكە ئەوان حەز ناكەن تۆیش ماندوو ببیت، بەڵام ڕێنوێنییەكان ئەوەیە بۆیە پێت دەڵێن. تكایە پێویستیش ناكات كەسێك گەشتی دەرەوە دەكات، پێنج كەسی تر بۆ خۆشی لەگەڵ خۆی بەرێت، لەوێ‌ قاقای پێكەنین و جگەرەكێشان و دەنگ بەرز بكەنەوە، چونكە ئەو شوێنە بنكەی پشكنینی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنایە بۆ گەشتی دەرەوەی وڵات، نەك پارك و مۆڵ و دیوەخان و كافتریا.