ئه‌و ڕووداوه‌ی له توركیا ڕوو ده‌دات، دوور نییه له هه‌رێمی كوردستان و شار و شارۆكه‌كانی دووباره بێته‌وه، به‌ڵام ده‌بێ بپرسین سووتاندنی دارستان تاوانه؟ ئایا یاسا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سووتان ده‌كات و بكه‌ر یان هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه له یاسادا چۆنه؟
زۆربه‌ی ڕووداوه‌كانی سووتان به‌هۆی كه‌می دارستان له‌لای ئێمه بابه‌تێكی ئه‌وه‌نده گه‌وره نه‌بووه، به‌ڵام ڕووداوی سووتانی ڕه‌ز و باخ و ده‌غڵودان بابه‌تێكی جێی مشتومڕه و به‌رده‌وام له ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌یبینین، ساڵانه ده‌یخوێنینه‌وه كه سه‌تان یاخۆ هه‌زاران دۆنم پووش و پاوان سووتاون له كوردستان، له وڵاتانیش دارستان و ناوچه چڕه‌كانی سه‌وزایی ده‌سووتێن.
تاوانی سووتاندنی دارستان و ژینگه له هه‌رێمی كوردستان، ساڵانه دووباره ده‌بێته‌وه، به‌ڵام كه‌س سزا نادرێت و هیچ كه‌سێكیش له‌باره‌ی یاساكه‌وه زانیاریی وردی نییه، ڕه‌نگه شیكردنه‌وه و باسكردنی یاساكه كه‌مێك وا له هاووڵاتی بكات به به‌رپرسیارێتییه‌وه هه‌نگاو بنێن بۆ داهاتوو، بۆیه لێره‌دا به كورتی حوكمه‌كانی سووتانی دارستان ده‌خه‌مه ڕوو.
سووتاندنی دارستان و ژینگه له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی تری دنیاش، زۆرتر له وه‌رزی هاوین یان ساڵی وشكهساڵدا دووباره ده‌بنه‌وه، زۆر له ڕووداوه‌كانیش گومان ده‌كرێ ئه‌نقه‌ست بن و ده‌ستێكیان له پشت بێت، خه‌ڵكانێك به‌هۆی هه‌ست نه‌كردن به به‌رپرسیارێتی ئاگره‌كه بكه‌نه‌وه، یان هۆكارن ناڕاسته‌وخۆ و نازانن، له كوردستان حاڵه‌تی زۆریش هه‌یه به‌هۆی تۆپبارانی توركیا و ئێران زیانی گه‌وره له پووش و پاوان و باخی هاووڵاتییان و دارستانی سروشتی كه‌وتووه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه له ڕووی یاساییه‌وه تاوان و ده‌ستدرێژین بۆ سه‌ر موڵكی گشتی، یاسا ئه‌نجامده‌رانی سزا ده‌دات.
له هه‌رێمی كوردستان یاسای ژماره 10ی ساڵی 2012، یاسای دارستان، به‌ركاره كه كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی داناوه بۆ پاراستنی دارستانه‌كانی هه‌رێمه‌كه و زیادكردنی ڕووبه‌ری سه‌وزایی.
سووتاندنی دارستان به ئه‌نقه‌ست: به‌پێی ماده‌ی 22ی یاساكه، سزاكه‌ی به‌م شێوه‌یه دیاری كراوه، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌بنه هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه به ئه‌نقه‌ست یا سووتاندن:
یه‌كه‌م/ سزا ده‌درێت به به‌ندكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێت و پێبژاردنێك له پێنج ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت. هه‌ر كه‌سێك هه‌ستا به:
1/ بڕینه‌وه یان سووتاندنی داره به ته‌مه‌ن یان ده‌گمه‌نه‌كانی دارستان یاخۆ لێكردنه‌وه‌ی توێكڵه‌كانیان یان شێواندنیان، به هه‌ر جۆرێك بێت.
2/ به ئه‌نقه‌ست بوو به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه یان ئاگر تێبه‌ردانی دارستان و زه‌وییه دارستاناوی و پارێزراوه‌كان و ناوچه‌كانی خۆپارێزی و له‌وه‌ڕگه‌كان.
3/ چاندن و سوودوه‌رگرتن له زه‌ویی دارستان و پارێزراو.
سووتاندنی دارستان به هه‌ڵه: به‌پێی بڕگه‌ی سێیه‌می ماده‌ی 22 ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی هه‌ڵه و سه‌رپێچی له یاسا و ڕێنوێنییه‌كان ده‌بنه هۆی ڕوودانی ئاگركه‌وتنه‌وه له دارستانێكی گشتی یان تایبه‌ت، سزا ده‌درێن به به‌ندكردن كه له سێ مانگ زیاتر نه‌بێت و پێبژاردنێك له 500 هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت.
یارمه‌تینه‌دان و نه‌كوژاندنه‌وه‌ی ئاگر تاوانه: كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری دارستانه‌كان به‌پێی یاسای دارستانی كوردستان، ئه‌ركه و هه‌ر كه‌سێكی نزیك له ڕووداوه‌كه ده‌بێت به‌شدار بێت له كۆنتڕۆڵكردنی ئاگر. به‌پێچه‌وانه‌وه به‌پێی خاڵی دووه‌می بڕگه‌ی سێیه‌م له ماده‌ی 22، هه‌ر كه‌سێك خۆی به‌دوور بگرێت له پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگرێك كه كه‌وتبێته‌وه له دارستان و له شوێنه‌كه نزیك بێت، یان به‌بێ پاساو یارمه‌تیدان ڕه‌تی بكاته‌وه. ئه‌وا سزا ده‌درێت به به‌ندكردن كه له سێ مانگ زیاتر نه‌بێت و پێبژاردنێك له 500 هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت.
تاوانی به‌رهه‌مهێنانی خه‌ڵووز: به‌رهه‌مهێنانی خه‌ڵووز ده‌بێ به‌پێی مۆڵه‌تێكی فه‌رمی بێت له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، كه كۆمه‌ڵێك مه‌رج و ڕێوشوێن هه‌ن بۆ پێدانی مۆڵه‌ته‌كه، به پێچه‌وانه‌وه به‌رهه‌مهێنانی خه‌ڵووز به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی و مۆڵه‌تی لایه‌نی فه‌رمی له حكوومه‌ت، تاوانه. ئه‌ویش به‌پێی بڕگه‌ی دووه‌م له ماده‌ی 22، سزا ده‌درێت به به‌ندكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له سێ مانگ كه‌متر نه‌بێت و له ساڵێك زیاتر نه‌بێت و پێبژاردنێك له پێنج ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت، هه‌ر كه‌سێك به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌ت و لایه‌نی فه‌رمی و پێوه‌ندیدار، خه‌ڵووز به‌رهه‌م بهێنێت. هه‌روه‌ها به‌پێی بڕگه‌ی چواره‌می هه‌مان ماده، سزا ده‌درێت به به‌ندكردن بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێت و پێبژاردن به بڕی دوو هێنده‌ی به‌های ماده‌ی خه‌ڵووزه‌كه، هه‌ر كه‌سێك هه‌ستا به گواستنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵووزه و بردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه.
بۆیه تكایه پێش ئه‌وه‌ی تووشی سزای یاسایی ببین، بزانن چ كارێك ده‌كه‌ن، سووتاندنی دارستان و سه‌وزایی له خاكی وڵات ئه‌گه‌ر یاسایش پێی نه‌زانێت، ئه‌وه تاوانێكی ویژدانییه و پێویسته ڕۆڵه‌كانمان له‌سه‌ر پاراستنی ئه‌و سامانه نیشتمانییه فێر بكه‌ین.