"وشە" ناوی ئەو شوێنانە ئاشكرا دەكات نرخی خزمەتگوزارییەكانیان كەم کراوەتەوە

:: AM:11:10:01/07/2020 ‌

 

بە بڕیارێكی پارێزگای هەولێر لەسەر كەمكردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەكان، ئەمڕۆ نۆ شوێن نرخەكەیان دابەزێنرا، خاوەن نووسینگەیەكیش دەڵێت لە ئایندە نرخ بۆ پڕۆژەكانی تریش دیاری دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز، ڕێباز دەروێش خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بە بڕیاری فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بە نووسراوێكی فەرمی بڕیاری داوە بە كەمكردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەكانی شاری MRF و شاری MRF دەرەوەی وەبەرهێنان و گوندی ڤیتاڵ، رۆیا تاوەر و گوندی ئینگلیزی و ئیمپایەر وۆڵد، دریم سیتی و پارك ڤیو و شوقەكانی ئیسكان.

لە ئایندەیەكی نزیكدا نرخی خزمەتگوزاریی پڕۆژەكانی تریش دیاری دەكرێت 
ڕوونی كردەوە، ئەو نرخانەی دیاری كراوە لەسەر بنەمای خزمەتگوزاریی پڕَۆژەكان دەبێت نەك میزاجی و بڕیاری تایبەت.

باسی لەوەش كرد، وەك هەنگاوی یەكەم نرخی خزمەتگوزاری نۆ پڕۆژەیان دیاری كردوون و لە ئایندەیەكی نزیكدا نرخی خزمەتگوزاریی پڕۆژەكانی تریش دیاری دەكرێت و لیژنەی تایبەت سەردانیان دەكات، ئەو پڕۆژانەی ناویان هاتووە و ئەوانەشی لە داهاتوو نرخیان بۆ دیاری دەكرێت، هەر پڕۆژەیەكیش پابەند نەبێت، رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەبێتەوە و سزا دەدرێت.

لە ئەمڕۆوە چاكسازی لە سەرجەم سێكتەرەكان دەست پێ‌ دەكات و سەرجەم پڕۆژەكان و شوێنەكان و مووچەی فەرمانبەرانیش دەگرێتـەوە بە تایبەت مووچەی پلەباڵاكان.

بەپێی یاسای چاكسازیش ئەمڕۆ جێبەجێكردنی‌ یاساكە‌ دەچێتە قۆناغێكی‌ تر، یاساكە جێبەجێ دەكرێ‌ و مەسروور بارزانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان سەرپەرشتی‌ دەكات، هاوكات پەرلەمانی‌ كوردستانیش مانگانە داوای‌ ڕاپۆرتی‌ حكوومەت لەبارەی‌ هەنگاوەكانی‌ جێبەجێكردنی‌ دەكات.

پەرلەمانی‌ كوردستان ڕۆژی‌ 16ی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ 2020 یاسای چاكسازی‌ لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەكانی‌ خانەنشینی‌ لە هەرێمی‌ كوردستان پەسەند كرد. ئەوەیش دوای‌ ئەوەی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان پڕۆژەكەی‌ رەوانەی‌ پەرلەمان كرد و دوای‌ پەسەندكردنیشی‌ سەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستان واژووی‌ لەسەر كرد.

رۆژی شەشی‌ شوباتی 2020، رۆژنامەی وەقایعی كوردستان كە رۆژنامەی فەرمی بڵاوكردنەوەی یاساكانە لە هەرێمی كوردستان، یاساكەی‌ بڵاو كردەوە و پرسی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان لە بانگەشە و پڕۆژەوە قۆناغێكی گرنگی بڕی.
 
 


 



وشە - رامیار جەواد