راوێژكارێكی كازمی: هەڵبژاردنی پێشوەختە بڕیارێكی سیاسییە

:: PM:05:06:01/07/2020 ‌

هەڵبژاردنی پێشوەختە لە داواكارییەكی خۆپێشاندانەكانی عێراق بووە خاڵێكی سەرەكیی بەرنامەی حكوومەتی مستەفا كازمی، ئەو هەڵبژاردنەی هەمووان لێی دەترسن و دەیان بەربەستی دەخەنە پێش، راوێژكارێكی كازمی ددانی پێدا دەنێت كە ئەنجامدانی پێوەستە بە بڕیاری سیاسی و 15 هەموواركردنەوەیش چاوەڕوانی یاسای هەڵبژاردن دەكات.
پێویستە یاسای هەڵبژاردن تەواو بكرێت
حوسێن هنداوی، راوێژكاری مستەفا كازمی بۆ كاروباری هەڵبژاردن ئەمڕۆ چوارشەم روونی كردەوە، حكوومەت ئاماژە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات، بەمەرجی تەواوبوونی دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، بۆیە سەرۆك وەزیران سوورە لەسەر ئەنجامدانی وەك رێزگرتنێك لە خواستی هاووڵاتییان. 

زیاتر گوتی، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێوەستە بە بوونی بڕیارێكی سیاسی بەوەی ئامادەسازی بۆ بەڕێوەچوونی هەیە، ئاماژەی كرد، ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردن چەند لایەنێك دەگرێتەوە، لەوانە بوونی یاسای هەڵبژاردن پێوەست بە شێوە و كڕۆكی سیستمی هەڵبژاردن، ئێستە ئەو بابەتە گفتوگۆیەكی چڕی لەسەر هەیە لەنێوان هێزە سیاسییەكانەوە و لەناو پەرلەمانیش، جیا لە رووناكبیر و خۆپێشاندەران.

هنداوی روونی كردەوە، دوای تێپەڕكردنی لەناو پەرلەمان بە شەش مانگ، تا ئێستە یاسای هەڵبژاردن تەواو نەكراوە و پێویستی بە دیاریكردنی خشتەی بازنەكانی هەڵبژاردن و دیاریكردنی شوێنی دەنگدەران هەیە، بۆیە پرۆسەكە پێویست بە تەواوكردنی یاساكە لەلایەن پەرلەمانەوە دەكات. 

ئەو راوێژكارە ئاشكرای كرد كە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێویست بە رێككەوتنی سیاسی نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەكات و حكوومەت ئامادەیە پێشنیاز بدات بۆ تۆكمەكردنی یاساكە و پێشنیازەكانی ئێمە ئامادەیە و چاوەڕوانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەكەین بۆ تاوتوێكردنی ئەو بابەتە كە ژمارەی مادەكانی پێشنیازی گۆڕینی دەكەین 10-15 مادەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل