مەیادە نەجاڕ: یاسای نەوت و گاز كێشە نەوتییەكانی هەرێم بەغدا چارەسەر دەكات

:: PM:10:09:01/07/2020 ‌

تا ئێستە یاسای نەوتی و گاز لە عێراق نییە، ئەوەیش چەندان كێشەی بۆ ئەو وڵاتە نەوتییە دروست كردووە، لەوانە كێشەی نەوت لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دووپاتی كردەوە كە بوونی یاساكە، زۆرینەی كێشە نەوتییەكانی هەردوولا چارەسەر دەكات.
یاساكە لە بەرژەوەندی چەند لایەنێك نەبووە بۆیە تێپەڕ نەكراوە
مەیادە محەمەد نەجاڕ، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە"وشە" راگەیاند، تا ئێستە دۆسیەی نەوت و گازی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر نەكراوە، هۆكارەكەیشی بۆ نەبوونی یاسایەكی تۆكمەی نەوت و گازە، چونكە ئەگەر ئەو یاسایە لە پەرلەمانی عێراق پەسند بكرێت، زۆرینەی كێشەكانی ئەو دۆسیە چارەسەر دەبێت.

زیاتر گوتی، لەكاتی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا باسی لەوە كرد كە دەبێت بەزووترین كات ئەو یاسایە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەی كێشەی نەوت و گازی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێت.

نەجاڕ دووپاتی كردەوە، هۆكاری پەسندنەكردنی ئەو یاسایە لە خولەكانی پێشووی پەرلەمان روونە، لە پەرلەمان دەرچوونی یاسا بە زۆرینەی نیوە كۆ یەك دەبێت، لە عێراق زۆرینەی شیعەیە، بۆیە ئەگەر بیانویستبا ئەو یاسایە تێپەڕ بكەن، دەیانكرد، بەڵام دەرچوونی یاساكە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی بەشێك لە هێزەكانیان ناكات، بۆیە پێیان باش نییە ئەو یاسایە تێپەڕ بێت.

نەبوونی یاسای نەوت و گاز لە عێراق وەك هەر بابەتێكی تر پێوەستە بە بەرژەوەندی ناوخۆیی و دەرەكییەوە، بەدرێژایی خولەكانی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەوڵ هەبووە بۆ داڕشتنی یاساكە، بەڵام كێشەی تێكەوتووە، دواجار ئەو بابەتە وەك چارەسەرێك بۆ كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە بواری نەوت ئاماژەی بۆ كراوە.

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی، دووپاتی كردەوە كە رەشنووسێكی یاساكە لە 2007 هەبووە، بەڵام بەهۆی چەند كێشەیەكەوە دواخراوە، بەڵام دەیگەڕێنەنەوە ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بەمەبەستی كاراكردنەوەی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل