"كەسانێك بەناوی نوێنەری كورد لە بەغدا چاویان بە هەرێمێكی كوردستانی بەهێز هەڵنایەت"

:: PM:10:49:04/07/2020 ‌

شارەزایان و كەسانی دیاری سلێمانی باس لەوە دەكەن، ئەو كار و هەڵوێستانەی ژمارەیەك نوێنەری كورد لە بەغدا دژی هەرێمی كوردستان و حكوومەتەكەی دەیكەن، زیانگەیاندنە بە خۆیان و نەتەوەكەیان، ئەوان بۆ بەرژەوەندی دوژمنان كار دەكەن و سوود بە خەڵكی هەرێم ناگەیەنن.
هەركات هەرێم و بەغدا لە رێككەوتن نزیك بوونەوە كار بۆ تێكدانی كراوە
نەوزاد شێخ كامل، كەسایەتی دیار لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان، كە ئێستە بەرەو ئازادی هەنگاوی دەنێت، بەرەو دیموكراسی دەڕوات و هاووڵاتی بە ئازادی بیروبۆچوونەكانی دەردەبڕێت، دەبێت كەسانێك بە شێوەی ئۆپۆزسیۆن قسە بكەن، لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنێكی سەردەمیانە.

زیاتر گوتی، بەڵام ئەگەر كاتێك هاتە سەر ئەوەی گرووپێك بەهۆی حزبێكەوە، پۆستێكی وەرگرت و ئیستیغلالی ئەو پۆستە بكات بەوەی دژایەتی خۆی دەرببڕێت بەرانبەر میلەتەكەی، ئەوە ئاسایی نییە بەرانبەر قوتی میلەتەكەت قسە بكەی یان پێگەی حكوومەتەكەت، ئەمە كارێكە بەدەر لە هەموو كارێكی مرۆڤانەیە.

شێخ كامل روونی كردەوە، ئەو كارەی ئەو پەرلەمانتارانە دەیكەن، دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانی، ئەو كەسانەی بەوشێوەی ئێستە بیر دەكەنەوە و لە بەغدا دژی حكوومەت و هەرێمی كوردستان كار دەكەن، دەچێتە چوارچێوەی بەكرێگیراوییەوە.

لای خۆیەوە نەزیرە جاف، پارێزەری راوێژكار بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانەی لە بەغدان، خۆیان چونكە هاووڵاتی كوردستان دەنگیان پێ داون و خۆشیان كوردن، ئەگەر سەر بەهەر حزبێك بن، حزبەكان بۆ خزمەتكردن دروست بوون، پێویست بوو خزمەت بە هاووڵاتییان بكەن و كار بۆ پێگەی حكوومەت بكەن لە بەغدا نەك لاوازبوونیان.

دووپاتی كردەوە، پێگەی كورد پێگەیەكی دەستوورییە، ئەگەر چۆن دژی قەوارەی هەرێم و حكوومەت بوەستنەوە، ناتوانن كار بكەنە سەر پێگەی كورد، تەنیا خۆیان و كەسایەتی خۆیان و حزبەكانیان پێ ناشرین دەبێت.

ئەنوەر مام حوسێن، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانە جاشایەتی كە دروست بوو هێنرایە ناو مێژووی كوردەوە، مەبەست لەو جاشایەتییەوە ئەوە بووە هەمیشە كورد ناڵاندوویەتی بەدەست ئەو دەستانەی كە لە ناوخۆی خۆیدا دروست بووە، چونكە هەمیشە دەستی خیانەت لەناو خۆماندا بووە.

باسی لەوەیش كرد، ئەو پەرلەمانتارانە بە ئاوازی دوژمن دەژەنن، هەركات كوردستان لەگەڵ بەغدا رێككەوتنی كردبێت و گەشتبێتە ئەنجام، لەژێرەوە كار بۆ تێكدانی دەكەن، لەناو كوردان ئەوانەی رۆشنبیرن تێدەگەن لە كاری ئەو پەرلەمانتارانە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل