ئێران هەناردەكردنی دەمامكی قەدەغە كرد

:: PM:12:07:06/07/2020 ‌
زۆریی پێویستیی ناوخۆیی لە ئێران بە هۆی زیاتر تەشەنەی ڤایرۆسەكە، وایكردووە حكوومەت بۆ رێگریكردن لە زیاتر گرانبوونی دەمامك، هەناردەكردنی بۆ دەرەوە قەدەغە بكات.

جەمشید گۆلپوور سەرۆكی ناوەندی سەندیكاكان و بازرگانانی وەزارەتی پیشەسازی ئێران بڵاوی كردەوە، بەهۆی خراپتربوونی دۆخی كۆرۆنا لە زۆر پارێزگای ئێران، بڕیاریان داوە رێ لە هەناردەی دەمامك بگرن.

ئەو روونی كردەوە ئەو بڕە دەمامكەی لە كارگە جیاجیاكانی ئێران بەرهەم دەهێنرێن، بەشی پێداویستی ناوخۆ دەكەن، بەڵام ئەگەر هەناردە بكرێ، ئەوا بەش ناكات.

پێداگری لەوە كردووە كوالێتی دەمامكەكان بەرز بكرێتەوە
بەگوێرەی مێهرنیوز، بەرپرسەكەی وەزارەتی پیشەسازی ئێران داوای لە وەبەرهێنەران و خاوەن كارگەكان كردووە لە بەرهەمهێنانی دەمامك هەنگاوی زیاتر بنێن. هاوكات پێداگری لەوە كردووە كوالێتی دەمامكەكان بەرز بكرێتەوە و بە نرخێكی نزم لە بازاڕەكان ساغ بكرێنەوە.

پێویستە بگوترێ لە ئێران ژمارەیەكی زۆری خەڵك تووشی كۆرۆنا بوون، ئامارە نافەرمییەكان لەو ئامارانە زۆر زیاترن كە بە فەرمی بڵاو دەكرێنەوە.

دوو رۆژ لەمەوبەر بەرپرسێكی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران ئاشكرای كرد، توێژینەوەكان ئەوە دەردەخەن سەرووی 18 ملیۆن كەس كە دەكاتە 20%ی دانیشتووانی ئێران تووشی كۆرۆنا بووبن، لەكاتێكدا ژمارە فەرمییەكان 240 هەزار تووشبوو و 11 هەزار و 500 قوربانین.


وشە - سلێمان تاشان