ئاگرێکی گەورە لە چیای ئەزمەڕ کەوتەوە

:: PM:02:48:06/07/2020 ‌
پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ  ئاگر لە چیای ئەزمەڕ کەوتەوە و بەهۆیەوە بەشێکی چیاکە ئاگری گرت و زیانی زۆر بە دارو سیمای شاخەکە گەیاند، پۆلیس لە بارەی کەوتنەوەی ئاگرەکە زانیاری دەخاتەڕوو.
تا ئێستە هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە روون نەبۆتەوە

ئەمڕۆ دووشەم شەشی تەمووز، هێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمرۆ بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی رێژەیەکی زۆر لە پوش و داری شاخەکە سووتاوە و زیانێکی زۆری بە شاخەکە گەیاندووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، تەواوی تیمەکانی پۆلیسی دارستان  بەهاوکاری پۆلیسی بەرگری شارستانی، ئاگر کوژێنەوە و هاووڵاتییان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، تا ئێستا نازانرێت هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە چی بووە.

گوتیشی، بەهۆی ئەو ئاگرەوە تا ئێستا  200 دۆنم لە شاخەکە سوتاوە و زیانێکی زۆری داوە لە سرووشت و دار و سەوزاییەکانی شاخەکە و بەردەوامن لە کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

بەپێی هەندێ زانیاری باس لەوە دەکرێت، گوایە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بۆ فڕێدانی جگەرە دەگەڕێتەوە لە لایەن سەردانیکەرانەوە بۆ شاخەکە، بەڵام بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت، لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە هۆکارەکەی و تا ئێستا نازانین راستی کەوتنەوەی ئاگرەکە چییە.


ساڵانە لە وەڕزی هاوین و وشکبوونی گیا، جەندین حالەتی کەوتنەوەی ئاگر لە چیای ئەزمەڕ و گۆیژەی سلێمانی روودەدات و بەو هۆیەوە زیان بەر سیمای ناوچەکە دەکەویت ئەگەرچی دوو ساڵە ئاگربڕ لە شاخەکان دروست دەکرێت.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - هیدایه‌ت جان