پشكنینی گشتی دەستی پێ‌ كرد

:: AM:08:52:08/07/2020 ‌
بەرپرسێكی تەندروستی شەقڵاوە ڕای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ تیمەكانی تەندروستی دەست دەكەن بە وەرگرتنی سامپڵ لەناو شارۆكەی شەقڵاوە تا ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بزانرێت.

دوو لە تووشبووان كارمەندی تەندروستین
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، موحسین قەسرۆكی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی تەندروستی شەقڵاوە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تەنیا لە سەنتەری شەقڵاوە دوێنێ بۆ  یەكەمجار هەشت حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراون، ئەوەی جێی داخە لە سنووری شارۆكەی شەقڵاوە لە 24 سەعاتی ڕابردوو نزیكەی 26 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوون، دوو لە تووشبووان كارمەندی تەندروستین.

باسی لەوەش كرد، تیمەكانی تەندروستی بەردەوامن لە پشكنین و وەرگرتنی (سامپڵ) لە كەسانی بەركەوتە و گومانلێكراو.

ڕوونی كردەوە، تیمەكانی تەندروستی سەر بەدیوانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شەقڵاوە، رۆژانە سامپڵ لە خەڵك وەردەگرن، جگە لە تیمەكانی تەندروستی دیوانمان، هیچ تیمێكی تر لە سەنتەری شەقڵاوە بۆی نییە سامپڵ وەربگرێت، لەبەرئەوەی تەنیا تیمی چاودێری تەندروستی لە ناو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شەقڵاوە، بەو كارە هەستاون.



وشە - رامیار جەواد