وەزارەتی تەندروستی: كەسانێكی مەترسیدار لەناو كۆمەڵگەدا هەن

:: AM:10:47:08/07/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، كەسانێكی مەترسیدار لەناو كۆمەڵگەدا هەن و هەموو نیشانەكانی كۆرۆنایان لێیە و ناچن بۆ سەنتەرەكانی پشكنین و چارەسەر.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئامارەكانی دوێنێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، پێمان دەڵێن گەیشتووینەتە حاڵەتێكی مەترسیدار و ڤایرۆسەكە لەناو كۆمەڵگە بڵاو بووەتەوە.

كەسانێك كە سەرجەم نیشانەكانیان هەیە، كەچی سەردانی سەنتەرەكانی چارەسەری كۆرۆنا ناكەن
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، دوو هۆكاری سەرەكی هەیە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، ئێستە بەشێك لە دامەزراوەكانی گشتی و تایبەتی پابەندی تەواوی ڕێنوێنییەكان نین، هۆكاری دووەمیش بریتییە لە تووشبوونی كەسانێك كە سەرجەم نیشانەكانیان هەیە، كەچی سەردانی سەنتەرەكانی چارەسەری كۆرۆنا ناكەن و ئەوانیش لەناو كۆمەڵگەدان، ئەوەیش مەترسیدارە.

لەبارەی هۆكاری نەهاتنی ئەو كەسانە بۆ سەنتەرەكانی چارەسەری ڕای گەیاند، دەنگۆی ناڕاست لەناو كۆمەڵگە بڵاو دەكرێتەوە گوایە لەو سەنتەرانە زیندانی دەكرێن، شتی وانییە، ئێمە دەمانەوێ ئەو كەسانەی تووش بوونە چارەسەر بكرێن و بە تەندروستییەكی باش بگەڕێنەوە ناو كەسوكاریان.

ڕوونی كردەوە، ئەگەر ژمارەی تووشبووان وا بەخێرایی بڵاو ببێتەوە، بێگومان لە ئایندەدا ڕەوشەكە لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت.

شەوی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی ئامارێكی بڵاو كردەوە كە لە یەك ڕۆژدا ژمارەی تووشبووان لە 500 كەس نزیك بووەتەوە، ئەوەیش بۆ هەرێمی كوردستان ژمارەی پێوانەیی بوو لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.






وشە - رامیار جەواد