"وشە" نهێنی پشت هاتنی هەزاران دەروێش لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات

:: PM:09:40:09/07/2020 ‌

خەڵكی پێنجوێن گومانیان لە هاتنی دەروێشەكان هەیە و بە پیلان و رێككەوتنێكی نوێی نێوان باڵی لاهور جەنگی و ئیتڵاعاتی ئێرانی دەزانن، ئەوان پێیان وایە لێكەوتەكانی رووداوی هاتنی دەروێشەكان و بڕینی سنوور، بێ هۆ نییە و لەپاڵ رووداوی كۆچكردنی كەسایەتییەكی ئاینی و كۆمەڵایەتی، خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت.
بەشێكیان بە فارسی قسەیان كردووە و شیعەن لەوكاتەی تەریقەتی قادری سوننەیە
كەریم محەمەد، چاودێری سیاسی لە پێنجوێن، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەوەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ رووی دا، لەكاتێكدا بوو كە هێشتا مەترسی و نیگەرانیی هاووڵاتییانی كوردستان بەگشتی و پێنجوێنییەكان بەتایبەتی نەڕەویتەوە، هاتنی هەزاران كەس بەناوی دەروێش و شێخ بۆ بەشداریكردن لە پرسەی كەسایەتییەكی دیاری ئاینی، پێم وانییە ئاسایی بێت.

زیاتر گوتی، لێنەپرسینەوە لە هاتنی ئەو كەسانە و كردنەوە سنووری مەرزی باشماخ، بێ ئەنجامدانی رێكاری تەندروستی دژی كۆرۆنا و شكاندنی قەدەغەی هاتنی گەشتیاران، جێی خۆیەتی كە بەزووترین كات حكوومەتی هەرێم و هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ روونكردنەوەیان هەبێت و بێنە دەنگ، چونكە ئەوە پێوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی و تەندورستی تاك بە تاكی كوردستانەوە هەیە.

ئەو چاودێرە سیاسییە روونی كردەوە، ئێستە و لەگەڵ نزیكبوونەوەی سەركەوتنی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم بەسەر كۆرۆنادا، ئەگەری زۆرە باڵی لاهور جەنگی، كە هەموو خەونی ئەوەیە كۆنترۆڵی جومگە گرنگ و هەستیارەكانی یەكێتی و كوردستان بكات، لەگەڵ ئیتڵاعاتی ئێران رێككەوتبن، تا ئەو كەسانەی كە زۆرینەیان لە تلیاككێش و سیخوڕ دەچن، بە هاتنیان بۆ ناو خاكی هەرێم، مەرامە شاراوەكانی خۆیانیانی پێ جێبەجێ بكەن.

هاوكات هونەر عەلی، دانیشتووی پێنجوێن، بۆ "وشە"، دووپاتی كردەوە، ئەمڕۆ لەكاتی چوونم بۆ مەرزی باشماخ، تووشی شۆك بووم، كاتێك بینیم كاروانی هەزاران كەس بەپێ كە شمشێر و چەقۆیان پێ بوو بەرەو پێنجوێن دەهاتن، بەلامەوە زۆر نامۆ بوو، ئەو كەسانە بەشێكیان بە فارسی و بە گوتنەوەی دروشمی ئاینی شیعەكان كە ئیمام عەلی و عەباس و فاتیمە و حوسێن بوو، دیار بوون كە كورد نەبوون و شیعە بوون، لەكاتێكدا رێبەری تەریقەتی قادری سوننەیە نەك شیعە.

ئاماژەی بەوەیش دا، بۆ ئێمەی پێنجوێنی زۆر سەرسوڕهێنەر بوو ئەم هەموو كەسە بتوانن وا بە ئاسانی بێنە هەرێمەوە، ئیتر چی پێویست دەكات قوباد تاڵەبانی داوای داخستنی مەرزی باشماخ بكات، لەكاتێكدا ئێستە مەترسییە گەورەكە رووی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەموو هەرێمی كوردستان كردووە.

حەمزە تۆفیق، هاووڵاتییەكی تری پێنجوێنە، بۆ "وشە"، ئەوەی خستە ڕوو، هاتنی بەلێشاوی دەروێش و مورید و خەلیفەكانی سەر بە تەریقەتی قادری، بەبێ مۆڵەت و پاسپۆرت و بە نایاسایی، پێمان دەڵێت لەم قۆناغە مەترسیدارەی كۆرۆنا، پێنجوێن سنوورێكی یەكجار فراوانی هەیە لەگەڵ ئێران، پێویستی بە لیوایەك پێشمەرگە هەیە بۆ چاودێری و پاراستنی و بەرگرتن لەهەر ڕووداوێكی نەخوازراو، هەروەها بوونی ئەجێندای سیاسی و تەناهی و هەواڵگری، ناكرێت ئەمە تەنیا وەك ڕووداوێك سەیر بكرێت، تایبەت بەپرسەیەك دەكرێت، چەندین كار و ئەجێندای تر لەپشت ئەم ڕووداوە بێت.

دووپاتی كردەوە، ئێران بۆ وای كرد، ئایا توانای رێگری نەبوو؟، بێگومان توانای هەبوو، مەبەستی هەبوو لەپشت ئەو كارەوە، دەبێت حكوومەت بە وردی لە هۆكارەكانی پشتی ئەم ڕووداوە بكۆڵێتەوە. ئەگەر هەموو ئەو كەسانە بچوونایە بۆ زڕگوێز و كۆیە، بۆ لای حیزبە كوردییەكانی ئێران، ئێران هەر توانای رێگری نەدەبوو؟

شایەنی باسە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم، هەزاران شێخ و دەروێش، هەردوو دەرگای یەك و دووی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخیان شكاند و هاتنە ناو خاكی هەرێمەوە، كە مەرزەكە تەنیا شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و لە رێككەوتی 21ی شوباتی رابردووی ئەمساڵەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، كاروباری گەشتیاری تیا راگیراوە.

پێنجوێن/ تایبەت 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل