هاووڵاتییانی سلێمانی: پڕۆژەی 100 مەتری دەبێتە گەورەترین نیشانەی ئاوەدانی كابینەی نۆ

:: PM:09:37:11/07/2020 ‌

سەرەڕای تەنگژەی دارایی و بێ هیوایی هاووڵاتییان، هاتنی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ سلێمانی و دانانی بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی ستراتیجی، هیوای بەخشییەوە بە دڵی دانیشتوانی شارەكە، بەوەی كابینەی نۆیەم سەرەڕای ئەركە سەختەكانی و سەرقاڵی بە چاكسازی، گرنگی بە ئاوەدانكردنەوەی شارەكەیان دەدات.
بووژانەوەیەكی باشی ئابووری ڕووم لەم شارە دەكاتەوە
ئەمڕۆ شەموو 11ی تەمووز، مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم سەردانی شاری سلێمانی كرد و بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی دانا، كە پڕۆژەی شەقامی 100مەترییە.

زیاد كاكە ڕەزا، جێگری سەرۆكی لیژنەی پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەم تەنگژە داراییە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بێ هیوایی هاووڵاتییانی هەرێم و شاری سلێمانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە هاتنی بۆ شاری سلێمانی و دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری، جارێكی تر هیوای بۆ خەڵكی ئەم شارە گەڕاندەوە.

زیاتر گوتی، هاتنی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ سلێمانی، پەرۆشی و خەمخۆری ئەوان بۆ ئەمشارە پێشان دەدات و نیشانەی هاتنی دەستی زیاتری ئاوەدانییە بۆ سلێمانی، جیا لەوەی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە لە سلێمانی، سەدان هەلی كار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت، بەمەیش بووژانەوەیەكی باشی ئابووری ڕووم لەم شارە دەكاتەوە.

لای خۆیەوە نەزاكەت حوسێن، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاتنی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ سلێمانی و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی ستراتیجی و گرنگ، هەنگاوێكی باشە، دەرخەری ئەوەیە چەندە بەدواوداچوون هەبێت و كۆنتاكتی حكوومەت لەگەڵ پارێزگاكان بەهێز بێت، ئیشوكارەكان باشتر بەڕێوە دەچن.

زیاتر گوتی، دەبوو ئەم سەردانانەی سەرۆك وەزیران تەنیا بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژە نەبوایە، بەڵكو لە زۆربەی بوارەكانی تریشدا هاتنی سەرۆك وەزیرانی هەرێم گرنگ و پێویستە، چونكە هاتنی ئەمڕۆی سەرۆك وەزیران بۆ سلێمانی بووەتە مایەی دڵخۆشی هاووڵاتییان، بەوەی كە لەم تەنگژە داراییەدا پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیجی دەست پێ دەكات.

كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم لەماوەی ساڵێكی تەمەنیدا، سەرەڕای هاتنە بەردەمی كۆسپ و لەمپەرەكان و تەنگژەی دارایی و هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام لێبڕاوانە چۆكی دانەدا و توانی هەنگاوەكانی چاكسازی بخاتە سەر ڕێچكەی خۆی، بەجۆرێك دەستی بۆ كارێكی گەورە و گرنگ برد كە كابینەكانی پێشتر نەیان كردووە.

لەتیف ئەحمەد، هاووڵاتییەكی سلێمانی بە "وشە"ی گوت كە گوتەكانی ئەمڕۆی سەرۆك وەزیرانی هەرێم زۆر دڵی خۆش كردووە، بەوەی سەرەڕای تەنگژەی دارایی، پڕۆژەیەكی گرنگی بۆ شارەكە كردەوە، كە دەبێتە گەورەترین نیشانەی ئاوەدانی لەسەر دەستی كابینەی نۆیەم.

ئەو هاووڵاتییە پێی وابوو، هاتنی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ سلێمانی زیاد لە پەیامێكی لەخۆ گرتووە، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە كە سەرۆك وەزیران بە بایەخەوە دەڕوانێتە شاری سلێمانی و دەستی ئاوەدانی بۆ درێژ دەكات.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل