دەرگایەكی نوێ بازرگانی لە مەرزی شۆشمێ- تەوێڵە كرایەوە

:: PM:10:08:19/07/2020 ‌

 مەرزی شۆشمێ- تەوێڵە لە سنووری شارەدێ بیارە سەر پارێزگای هەڵەبجە، ڕۆژانە نزیكەی 150 ئۆتۆمبێلی هاوردە و هەناردەی پێدا تێدەپەڕێت، بەڕێوەبەری شارەدێ بیارە دەڵێ، دەرگایەكی نوێی بازرگانیان كردووەتەوە و لەمەولا ئاستی بازرگانی بەرز دەكرێتەوە.
جووڵەی بازرگانی لەو مەرزە زیاتر بێت
 حەمید بارام، بەڕێوەبەری شارەدێ بیارە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بە مەبەستی زیاتر چالاككردنی بازرگانی مەرزی تەوێڵە- شۆشمێ، پاش ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسەمان كرد، دەرگایەكی نوێمان لە خوار دەرگای سەرەكی كردەوە، لایەكی شاخ بوو لە هەردوو دووی ئێمە و ئێران، بڕیمان و ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەردوو قایمقامی شارۆكەی پاوە و ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، دەرگا نوێكەمان كردەوە.

 زیاتر گوتی، كردنەوەی دەرگاكە لە مەرزی شۆشمێ- تەوێڵە، وا دەكات جووڵەی بازرگانی رۆژانە زیاتر بێت، ئێستە ڕۆژانە نزیكەی 150 بارهەڵگر هاتوچۆ دەكات، لەمەودوا چاومان لەوەیە جووڵە بازرگانییەكە لەو مەرزە زیاتر بێت.

بەڕێوەبەری شارەدێ بیارە ئاماژەی كرد، دەرگای بازرگانی شۆشمێ– تەوێڵە، دەرگایەكی بچووك بوو، بە كردنەوەی ئەم دەرگا نوێیە، كارئاسانی زۆر دەكات بۆ بارهەڵگرەكان، كە ئیتر دوو دەرگا هەیە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەرۆنە دیوی ئێران و دەگەڕێنەوە باشووری كوردستان.

 مەرزی شۆشمێ- تەوێڵە دەكەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و هاوسنوورە لەگەڵ شارۆكەی پاوەی سەر بە پارێزگای كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، مەرزێكی بازرگانی نیوچە فەرمییە و حكوومەتی ئێران ڕەزامەندی داوە بیكاتە نێودەوڵەتی و تەنیا مۆڵەتی فەرمی حكوومەتی عێراقی ماوە.

 هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل