ئابووری و ئاسایشی نەتەوەیی.. دوو پاڵنەری هەڵگیرسانی جەنگی لیبیا

:: PM:05:30:21/07/2020 ‌

لەوەتەی رژێمی موعەمەر قەزافی، سەرۆكی كوژراوی لیبیا لە 2011 هاتە رووخان، ئەو وڵاتە بەهۆی دەستوەردانی دەرەكییەوە ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، ئێستە نوێترین دۆخی ئەو وڵاتە لەبەردەم جەنگێكی سەختە ئەگەر دەست پێ بكات، چاوەڕوان دەكرێت ببێتە یەكێك لە جەنگە گەورەكانی ناوچەكە.
لیبیا لە نێوان دوو جەنگی سەربازی و ئابووریدا
ئێستە هەریەك لە توركیا و میسڕ حكوومەت و پەرلەمانی لیبیایان دابەش كردووە، حكوومەتێك لە تەرابلووس كە توركیا راستەوخۆ و قەتەڕ پاڵپشتی لێ دەكەن، بەرانبەر بەوان سوپای نیشتمانی لیبیا لە رۆژهەڵات كە میسڕ راستەوخۆ و ئیمارات و رووسیا و وڵاتانی ئەوروپا پاڵپشتی دەكەن، هەریەك لەو وڵاتانە جیا لەو دوو بەرە ناوخۆییە، ئەجیندا و خواستی خۆیان هەیە، لە نێوان ئابووری و ئاسایشی نەتەوەییەوە. 

ئێستە چاوەكان هەموو بە ئاراستەی لیبیان، كە هەموو لایەنەكان چەكەكانیان ئامادە دەكەن بەر لە جەنگێكی چاوەڕوانكراو لە یەكێك لە ناوچە ستراتیجییەكانی ئەو وڵاتە، كاتێك میسڕ سرت بە هیڵی سوور دادەنێت، لەوكاتەی حكوومەتی ویفاق كە توركیا پاڵپشتی دەكات، خەریكی كۆكردنەوەی هێزی زیاترە لە ناوچەكە وەك ئامادەسازی بۆ جەنگە گەورەكە.

لە 20ی ئەم مانگە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسڕ رای گەیاند كە سرت و جفرە هیڵی سوورن بۆ میسڕ، دوێنێش پەرلەمانی میسڕ بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی سوپای میسڕ لە دەرەوەی سنوورەكانی ئەو وڵاتە رازی بوو، واتە دەستوەردانی سوپای مسڕ لە لیبیا زۆر نزیك بووەتەوە.

لیوا هیشام حەلەبی، راوێژكار لە ئەكادیمیای باڵای ناسڕی سەربازی ئاماژە دەكات، هیڵی سرت- جفرە، گرنگییەكی گەورەی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی میسڕ هەیە، بەتایبەتی بۆ گەیشتنی تیرۆریست و بەكرێگیراوان بۆ نزیك سنوورەكانی میسڕ و تەنیا چەند رۆژێك لە سنوور دووریان دەخاتەوە، بۆیە كەوتنی ئەو دوو شوێنە، مانای كەوتنی تەواوی لیبیایە بە دەستی بەكرێگیراو و تیرۆریستان، ئەوەیش مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی میسڕ و هەمان سیناریۆی جەنگەكان سووریا و یەمەن لە ناوچەكە دووبارە دەبێتەوە.  

سرت دەكەوێتە دووری هەزار كیلۆمەتر لە سنووری رۆژئاوای مسڕ، هەرچی بنكەی جفرەیە، یەكێكە لە گەورەترین بنكە ئاسمانییەكانی لیبیا و دەكەوێتە دووری 300 كیلۆمەتر لە باشووری سرت و شوێنی هەڵفڕینی نوێترین فڕۆكە سەربازییەكانە، سرت دەروازەی رۆژئاوای هیلالی نەوتی لیبیایە و رێگەیەكە بۆ هەر لایەنێك بیەوێ دەستی بە بەندەركانی زوێتینە و رەئس لانووف و سدرە و برێقە بگات، كە لەو ناوچەیە 11 هیڵی گواستنەوەی نەوت و سێ كەناڵی گازی هەیە و 45 ملیار بەرمیل نەوت 52 ترلیۆن پێی سێجا گاز لەخۆ دەگرێت، ئەوەیش وا دەكات ببێتە یەكێك لە گەورەترین كۆمەڵگەكانی پڵاوتنی نەوت و بەندەری هەناردن بۆ دنیا. 

هەروەها كۆنترۆڵكردنی سرت كە دەكەوێتە ناوەڕاستی كەناراوەكانی لیبیا، دەبێتە ئاسانكاری بۆ هەڵكوتانە سەر ناوچەیەكی كەناراوی بە درێژایی 350 كیلۆمەتر هاوتا لەگەڵ رێگەی بەنغازی، كە پڕە لە هیڵی گواستنەوەی نەوت و پاڵاوگە و وێستگە و ئەمباری هەڵگرتنی نەوت، بۆیە جیا لە گرنگی جوگرافی، كەوتنی سرت، مانای كەوتنی تەواوی بیرە نەوتییەكانی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیە بە داهاتەكەیانەوە، ئەوكاتیش ئەگەر هەیە هەمان شت دروست بێت، وەك ئەوەی لە سووریا رووی دا بە كۆنترۆڵكردنی داعش بۆ بیرە نەوتەكانی دێرزوور و توانی چەكی زۆر بكڕێت، بەوەیش كاریگەری تیرۆر بۆ سەر لیبیا و ناوچەكە زیاد دەكات. 

لەلایەكی تر رۆژنامەی "جۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە هێزەكانی رۆژهەڵاتی لیبیا بە سەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر، ئێستە دوای شكستەكانی سەربازی دواییان بەرانبەر حكوومەتی ویفاق، ستراتیجیەتی جەنگیان گۆڕیوە، لە جەنگێكی سەربازی بۆ جەنگی ئابووری، كاتێك حەفتەر پشت بە گەمارۆی نەوت و گەیشتنی پاڵپشتی بۆ حكوومەتی تەرابلووس دەبەستێت، چونكە هێزەكانی كۆنترۆڵی كیڵگەكانی نەوت دەكەن، كە شادەماری ئابووری لیبیایە، هەروەها كۆنترۆڵی بەشی زۆری كەناراوەكانی لیبیا دەكەن، بەوەیش رێگری لە كەشتییە نەوتهەڵگرەكان دەكەن لە بردنی نەوت لە رێگەی دەریای سپییەوە.

رۆژنامەكە روونی كردەوە، ئەو ستراتیجیەتە سادە سەرچاوەی سەرەكی پاڵپشتی حكوومەتی ویفاقی پچڕاندووە و ئابووری لیبیای لە رۆژئاوا وێران كردووە، كە بانكی ناوەندی لیبیا زیانەكان بەهۆی ئەو سیاسەتە لە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت، لەوكاتەی بەر لەو گەمارۆیە لیبیا رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، كەچی ئێستە دەگاتە 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بۆیە ئەگەر گەمارۆكە بەردەوام بێت، حكوومەتی ویفاق لە رووی ئابوورییەوە دەڕووخێت و دۆخەكە دەگۆڕێت.  

رۆژنامەكە ئاماژە دەكات، حەفتەر باش دەزانێت ئێستە جەنگی سەربازی لە بەرژەوەندی ئەودا نییە، بەڵام خەریكە بە فرۆشتنی زیڕ بە ڤەنزوێلا، ئەمەریكا دەكاتە دوژمن و رەنگە فڕەنسایش هەڵوێستی بەو هۆیەوە بگۆڕێت، واتە ئەمەریكا بە فەرمی پاڵپشتی لە حكوومەتی ویفاق بكات، بۆیە یەكێك لە ئەگەرەكان گۆڕینی خەلیفە حەفتەرە بە فەرماندەیەكی تری سوپای نیشتمانی لیبیا، لە كۆتادا رۆژنامەكە دەڵێت، حكوومەتی ویفاق بژارەی زۆری لەپێش نییە، ئەگەر گەمارۆی ئابووری نەوەستێت لە رووی ئابوورییەوە دەڕووخێت، حەفتەریش گەمارۆكە هەڵناگرێت، چونكە دەزانێت ئەگەر ویفاق هێرش بكاتە سەر سرت بۆ شكاندنی گەمارۆكە رووبەڕووی سوپای میسڕ دەبێتەوە، لەو ناوەیش توركیا و ویفاق دەیانەوێ بەر لە چوونە ناو ئاگربەست لەو وڵاتە كۆنترۆڵی بیرە نەوتەكان و شكاندنی گەمارۆكە بكەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل