سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتوونه‌ته ڕێككه‌وتن، بۆ پلاندانان و جێبه‌جێكردنی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی هاوبه‌ش به ئامانجی ڕیشه‌كێشكردنی پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كانی نێوان هه‌ردوولا.
ماڵپه‌ڕی "
سپۆتنیك"ی رووسی بابه‌تێكی له‌وباره‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، كه فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه و به‌رگری عێراق چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌یان كردووه و هه‌ماهه‌نگی باش له نێوانیان دروستبووه‌ته‌وه، تا ئێسته‌یش چوار كۆبوونه‌وه‌ی گشتگیریان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له هه‌ر چالاكی و جووڵه‌یه‌كی پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بكه‌ن، له سنووری ئێرانه‌وه تا ده‌گاته سنووری سووریا له‌و ناوچانه‌ی كه ناكۆكییان له‌سه‌ره.
جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سپۆتنیكی ڕاگه‌یاندووه، له‌و چوار كۆبوونه‌وه فره‌وانه‌ی كه له نێوان فه‌رمانده مه‌یدانییه‌كانی هه‌ردوولا كراوه، به هیچ شێوه‌یه‌ك باس له بڵاوكردنه‌وه‌ی هێز له هیچ ناوچه‌یه‌ك نه‌كراوه.
زیاتر گوتی، له دوا كۆبوونه‌وه باس له سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كرا، كه یه‌كه‌میان بریتی بوو له دروستكردنی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی و ته‌ناهی له نێوان هه‌ردوولا، دووه‌میان چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه ته‌ناهییه‌كان له سه‌نگه‌ره‌كانی نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی فیدرالی، سێیه‌م ته‌وه‌ریش باسكردن بوو له ده‌ستكردن به ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی هاوبه‌ش دژ به تیرۆریستانی داعش و پاشماوه‌كانیان له ناوچه‌كان.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه له كۆبوونه‌وه‌ی باڵا بڕیار درا، له ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهه‌نگی سه‌ركرده سه‌ربازییه مه‌یدانییه‌كانی هه‌ردوولا ده‌ست به گفتوگۆ و پلانڕێژی بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش و بڕی هێز و چۆنیه‌تی به‌شداریكردنی هێزه‌كان و یه‌كخستنی زانیارییه‌كانی هه‌ردوولا و ده‌ستكردن به ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، سه‌رجه‌میان له‌لایه‌ن سه‌ركرده مه‌یدانییه‌كانه‌وه ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێ و دواتر به گوێره‌ی پلانی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كرا‌و بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
فه‌رمانده مه‌یدانییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێ ده‌درێ تا ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش له‌كاتی پێویست ئه‌نجام بده‌ن
یاوه‌ر زانیاری زیاتریشی خستووه‌ته ڕوو و ڕوونی كردووه‌ته‌وه، كه له كۆبوونه‌وه‌كان توانیومانه ئه‌و ناوچانه دیاریی بكه‌ین كه چه‌كدارانی داعشی لێیه، كه له ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی پارێزگه‌ی دیاله‌وه ده‌ست پێ ده‌كات له سنووری ئێرانه‌وه به كه‌ركووك و مووسڵ درێژ ده‌بێته‌وه تا ده‌گاته سنووری سووریا، هه‌موو بڕیارێكیش ده‌درێته ده‌ست سه‌ركرده سه‌ربازییه مه‌یدانییه‌كان، بۆ بڕیاردان له ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش، له هه‌ر ناوچه‌یه‌ك كه زانیاری هه‌واڵگری له‌سه‌ر هه‌بێ، كه جموجۆڵی چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی تێدایه، هه‌موو ئه‌وانه‌یش له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی باڵا له نێوان فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق و هێزه‌كانی پاسه‌وانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا، كه له 20ی ته‌مووز/یۆلیۆ كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌نجام درا.
پێشتر فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق له‌وباره‌وه ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه و دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی عێراق به گشتی و پێشمه‌رگه‌یش به تایبه‌تی له هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری به‌رده‌وامدان له بواری ڕیشه‌كێشكردنی تیرۆر و نه‌هێشتنی كه‌لێنه ته‌ناهییه‌كان كه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه ده‌قۆزرێته‌وه و كرده‌ی تیرۆریستی لێ ئه‌نجام ده‌درێ، به تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كه‌وتوونه‌ته نێوان سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی فیدرالی عێراق، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش میكانیزم و شێوازی كاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگی بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه و به هاوبه‌شی هه‌وڵی سه‌پاندنی ئارامی و ئاسایش له ناوچه‌كانی نێوان سوپا و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌ده‌ن، له هه‌ر جووڵه‌یه‌كی تیرۆریستانیش به شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی وه‌ڵامی توندیان دژ به چه‌كدارانی داعش ده‌بێت.
له‌سه‌ر ئاستی باڵا هه‌ماهه‌نگییه‌كان كراون و كه‌لێنه ته‌ناهییه‌كان پڕ ده‌كرێنه‌وه
ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق له كاتێكدایه كه پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش تا ئێسته‌یش گرفت و كێشه‌یه‌كی گه‌وره و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیدارن بۆ سه‌ر دۆخی ئاسایشی عێراق و به به‌رده‌وامیش ماوه ماوه كرده‌ی تیرۆریستی له ناوچه جیا جیاكانی عێراق ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دوێنێ له ئه‌نبار فه‌رمانده‌ی لیوایه‌كی سوپای عێراقیان تیرۆر كرد، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی به‌رده‌وامن له هه‌ڵكوتانه سه‌ر گوند و ناوچه داگیركراوه‌كانی كوردستان كه له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 خرانه‌وه ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی عێراق، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه له هاوینی 2017 حكوومه‌تی عێراق به فه‌رمی كۆتایی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی له عێراق ڕاگه‌یاند، به‌ڵام تا ئێسته‌یش چه‌كدارانی ئه‌و گرووپه له ناوچه جیا جیاكانی عێراق هاتوچۆ ده‌كه‌ن و چالاكی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و كۆتایی‌یان نه‌هاتووه.
پێشتر میدیایه‌كی ئه‌مه‌ریكی و به‌رپرسێكی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه عێراق تا ئێسته‌یش پێویستی به هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان هه‌یه و تیرۆریستانیش پلان و ستراتیجی نوێیان هه‌یه و خۆیان مه‌ڵاس داوه تا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق بكشێنه‌وه، یان توندوتیژی له نێوان هاوپه‌یمانان و میلیشیاكانی ئێران له عێراق دروست ببێ، كه ئه‌و دوو هه‌نگاوه به ته‌واوی خزمه‌ت به پلانی داهاتووی تیرۆریستان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ سوود له‌و ده‌رفه‌تانه وه‌ربگرن و جارێكی تر ناوچه جیا جیاكانی عێراق كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه.