زیقاڕ.. خۆپێشاندەران بارەگەی میلیشیایەك دەسووتێنن

:: PM:04:13:08/08/2020 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگەی زیقاڕ لە باشووری عێراق ئاماژەی كرد كە ژمارەیەك خۆپێشاندەر بارەگەی گرووپێكی حەشدی شەعبیان سووتاندووە، ئەوەیش دوای ئەوەی ئەندامێكی گرووپەكە بە هێنانی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بۆ ناو شاری ناسڕییە، سەنتەری ئەو پارێزگایە، تۆمەتبار كراوە.
هەوڵی تەقاندنەوەی گۆڕەپانێكی خۆپێشاندەرانیان داوە
سەرچاوەكە روونی كردەوە، دەیان خۆپێشاندەری توڕە لە پارێزگای زیقاڕ ئەمڕۆ شەموو ئاگریان لە بارەگای بزووتنەوەی ئەنساروڵای ئەوفیا، لە شاری ناسڕییە بەرداوە، كە گرووپێكی حەشدی شەعبییە، دوای ئەوەی دەركەوت كە ئەو كەسەی ئۆتۆمبێلە بۆمڕێژكراوەكەی پێ گیراوە، ئەندامێكی ئەو گرووپەیە.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، خۆپێشاندەران هەستاون بە سووتاندنی بارەگاكە دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە، ئەو ئۆتۆمبێلەی هەفتەی رابردوو لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە پووچەڵ كراوەتەوە، هەروەها شوفێری ئۆتۆمبێلەكە سەر بە بزووتنەوەكەن.

دوێنێ هەینی شانەی راگەیاندنی تەناهی دووپاتی كردەوە كە ئەوكەسەی ئۆتۆمبێلەكەی لێخوڕیوە بۆ هێنانی بۆ ناو شاری ناسڕییە، خەڵكی پارێزگەی زیقاڕە، ئەوەیش دوای ئەوەی بڵاو كرایەوە كە ئۆتۆمبێلەكە لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە هێنراوەتە ناسڕییە بۆ تەقاندنەوەی لە گۆڕەپانی حبووبی، كە یەكێكە لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندەران.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل