به‌رپرسانی عێراق و ئه‌مه‌ریكا دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه فڕۆكه‌كانی ئێف16ی عێراق چیتر توانای ئه‌نجامدانی فڕینیان نه‌ماوه و به ته‌واوی له ئه‌ركه‌كانیان بۆ بۆردمانی تیرۆریستانی داعش وه‌ستاون، به‌هۆی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و بوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له پرۆسه‌ی پڕچه‌ككردن و به‌كارهێنانیان.
پێگه‌ی "
عێراق ئیل ریپۆرت" بڵاوی كرده‌وه، كه بنكه‌ی به‌له‌دی ئاسمانی له باكوری به‌غدا كه ته‌واوی فڕۆكه‌كانی ئێف 16ی عێراقی لێیه و له‌وێوه هه‌ڵده‌ستن و ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به ته‌واوی تووشی ئاڵۆزی بووه و 12 به‌رپرسی عێراقی و ئه‌مه‌ریكی قسه‌یان بۆ پێگه‌كه كردووه و ناوی خۆیان به‌هۆی ته‌ناهی ئاشكرا نه‌كردووه و زانیاری نهێنی و ورد ده‌خه‌نه ڕوو.
له ڕاپۆرته‌كه هاتووه، كه فڕۆكه‌وانه‌كان چیتر ناتوانن به ئێف 16 بچنه ئاسمانه‌وه و تیرۆریستان بۆمباران بكه‌ن، هۆی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یش بۆ تێچكوونی پێوه‌ندییه ته‌ناهییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و عێراق و گه‌نده‌ڵی گه‌وره له هێزی ئاسمانی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌هۆی ڕۆیشتنی ڕاوێژكاران و تیمی ته‌كنیكی ئه‌مه‌ریكا فڕۆكه‌كان په‌كیان كه‌وتووه
تا ئێسته عێراق 34 فڕۆكه‌ی ئێف 16ی به عێراق فرۆشتووه و كۆمپانیای سالی پۆرت گلۆبال كه كۆمپانیایه‌كی ته‌ناهییه و باره‌گه‌كه‌ی له ویلایه‌تی ڤیرجینیای ئه‌مه‌ریكایه ئه‌ركی پاراستنی ته‌ناهی فڕۆكه‌كانی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ، بۆ ئه‌وه‌ی له دزینی ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆجیا بیپانپارێزت، سه‌رجه‌می فڕۆكه‌كانیش له بنكه‌ی بهلهدن و تیمه‌كانی كۆمپانیای لۆكهید مارتنی دروستكه‌ری فڕۆكه‌كه‌یش به‌رده‌وام له بوونی كێشه چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی ئه‌و فڕۆكهیانهیان كردووه، به‌ڵام به‌هۆی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كه، له مانگی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ڕابردوو سه‌رجه‌م تیمه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ربازگه‌كه كشانه‌وه.
ئێسته 90%ی ڕاوێژكار و تیمه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق كشاونه‌ته‌وه، بۆیه كاركردن به فڕۆكه‌كان گرفتی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌م دروست بووه و وه‌كو ئه‌وه وایه كه به ته‌واوی فڕۆكه‌كان په‌كیان كه‌وتبێ و توانای فڕینیان نه‌مابێت.