ئیدارەی گەرمیان بە وەکالەت لەلایەن قایمقامێکەوە بەڕێوە دەبرێ

:: PM:02:47:26/08/2020 ‌
پاش 10ساڵ لە بەرێوەبردنی پۆستی ئیدارەی گەرمیان لەلایەن سەڵاح کوێخاوە و ڕەخنەیەکی زۆر لە درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی، قایمقامی كفری بە وەکالەت بووە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی  ئەمڕۆ چوارشەم 26ی ئاب  لە مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بە "وشە" دراوە، سبەی پێنجشەم یان لە ناوڕاستی هەفتەی داهاتوودا، دوای 10ساڵ لە بەرێوەبردنی پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەلایەن سەلاح كوێخاوە، ئەو پۆستە ڕادەستی جەلال شێخ نوری قایمقامی شارۆكەی كفری دەكرێ.

یەکێتی لەسەر دانانی كەسێك بەدیاریكراوی بۆ پۆستی ئیدرەی گەرمیان یەكلا نەبووەتەوە

ئەوەشی دركاند، قایمقامی كفری لەپاش دەستبەكاربوونی وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، وەك قایمقامی كفری دەمینێتەوە چونكە پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەوەكالەت وەردەگرێت.

كەریم عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە پێشتر مانەوەی سەرپەرشتیاری ئێستەی ئیدارەی گەرمیانی بەنایاسایی لە قەڵەم دابوو، ئەمڕۆ زانیارییەكانی سەرچاوەكەی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی  بۆ"وشە" پشتڕاست كردەوە، رای گەیاند: سبەی یا هەفتەی داهاتوو دەستاودەست لەو پۆستە دەكرێ.

"وشە" ئەوەشی بۆ دەرکەوتووە کە یەکێتی لەسەر دانانی كەسێك بەدیاریكراوی بۆ پۆستی ئیدرەی گەرمیان یەكلا نەبووەتەوە و بۆیان نەكراوە یەكلایی بكەنەوە بۆ شوێن گرەوەی سەرپەرشتیاری  ئیدارەی گەرمیان بەوەكالەت، بۆیە قایمقامی كفری  ئیدارەكە بەرێوە دەبات.

هەروەها هەڤاڵ ئیبراهیم گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان، سەبارەت بەو گۆڕانكاریەی لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا بڕیارە ڕوو بدات، بۆ "وشە"ی پشتڕاست كردەوە.

پێوسیتە بگوترێت، هەریەك لە محەمەد عەبدوڵا جێگری بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، محەمەد فایەق بەرێوەبەری پۆلیسی گەرمیان و چەند كەسێكی تر، چاویان لە پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - ڕێناس شابان