یەکێتی ئەوروپا بەرانبەر تورکیا هەڵوێستی توند وەردەگرێت

:: AM:11:56:27/08/2020 ‌
بڕیارە لە کۆبوونەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا سزای قورس بەسەر تورکیادا بسەپێنرێت و ئەو وڵاتە بۆ هەمیشە لە ئەندامێتی یەکێتیی ئەوروپا بێبەش بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا  لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا بەڕێوەدەچێت و کۆبوونەوەکەش تا سبەی هەینی درێژەی دەبێت. لەم کۆبوونەوەیەدا پێشبینی دەکرێ تورکیا بۆ هەتاهەتایە لە یەکێتییەکە دوور بخرێتەوە.

ئەردۆغان پێداگرە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەڕەشەکانی دژی یۆنان بەردەوامە و دەڵێت وەبەرهێنان و هەر جۆرە چالاکییەکی ئابووری و بازرگانی لە دەریاکانی ئیجە و ناوەراست  و رەش مافی خۆیەتی و رێگە بە وڵاتانی تر نادات ئەو مافەی داگیر بکەن.

کەشتیی تایبەت بە هەڵکەندن و گەڕان بە دوای نەوت و گاز لە کەنارئاوییەکانی قوبرس  و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست لە چالاکییەکانیان بەردەوامن.

بەگوێرەی رادیۆ زەمانە ئەو هەنگاوانە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەریای رەش دۆزینەوەی 320 ملیار مەترس سێجا گازی سروشتی راگەیاند.

دۆخەکە مەترسیدارە
ئەڵمانیا کە سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپای لە ئەستۆیە بەشوین ئەوە بووە ئەو ئاڵۆزییانە هێور بکاتەوە و هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی تورکیای کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دانوستان بکات. ئەو گوتبووی دۆخەکە مەترسیدارە و لەوانەیە کارەساتی گەورەی لی بکەوێتەوە.

سزای قورسی ئابووری بەڕێوەیە
هاوکات جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا گوتی هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن. لە سزای ئابوورییەوە بگرە تا بێبەش کردنی تورکیا لە ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەتاهەتایە دەکرێ بەشێک لەم سزایانە بن.

کارتی تورکیا بەرانبەر ئەوروپا کردنەوەی دەروازەکانە بۆ پەناخوازان و ساڵی رابردووش بەو هۆیەوە ئەوروپای تووشی تەنگژەیەکی گەورە کرد، هاوکات لە لیبیاش رۆڵی هەیە و دەتوانێت لەگەڵ لیبیا هەمان کێشەی ناردنی بەلێشاوی پەناخوازان دووبارە بکاتەوە.

سەرچاوەی کێشەکە
کۆتایی مانگی رابردوو حکوومەتی ئیسرائیل رەزامەندی دەربڕی لەسەر راکێشانی هێڵی گاز بۆ قبرس و یۆنان  وپاشان بەستنەوەی بە ئەوروپا . هێڵەکە بە درێژیی هەزار و 900 کیلۆمەتر، کێڵگە گازییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست  بە ئەوروپا گرێ دەدات. ئەمە بەرهەمی چەند ساڵ دانوستان و رێککەوتنی نێوان سێ وڵاتی یۆنان و قوبرس و ئیسرائیلە و راکێشانی ئەو هێڵەش شەش ملیار دۆلاری تێ دەچێت.

دوای ئەم هەواڵە تورکیا جووڵەکانی خۆی زیاتر دەست پێ کرد و هەستی کرد لەم کاروانە دواکەوتووە و بۆیە کەشتیی تایبەتی گەڕان بەدوای نەوت و گازی رەوانە کرد.

هەر ئەوکات هەندێک سەرچاوەی وەک  بلوومبێرگ پێشبینی کرد ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگێکی یەکلاکەرەوە لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا چونکە بەم هەنگاوەی برینەکانی تورکیای کولاندووەتەوە و کێشەمێژووییەکانی نێوان یۆنان و تورکیای دووبارە زیندوو کردووەتەوە.
فڕەنساش دژی تورکیایە

فڕەنسا بە کردەوە دژی ئەم هەنگاوانەی تورکیا هەڵوێستی هەبووە
هەر لە ماوەی رابردوودا فڕەنسا بە کردەوە دژی ئەم هەنگاوانەی تورکیا هەڵوێستی هەبووە و تەنانەت هیزیشی رەوانەی ناوجەکە کردووە.

دوای ئەوەی توركیا بەمەبەستی گەڕان بەدوای گازی سروشتی كەشتییەكی رەوانە كرد خێرا فڕەنسا هاتە دەنگ وداوای لە تورکیا كرد دەستبەجێ ئەم چالاكییانە بوەستێنرێن. ئیمانۆیل ماكرۆن هەنگاوەكەی توركیای یەكلایەنە هەژمار كردبوو و داواشی كرد وێڕای وەستاندنی چالاكییەكان دەرگای دانوستان بكاتەوە.

دواین هەڵوێست

لەبەرانبەر ئەو گوشارانەی ئەوروپا کردوویەتە سەر تورکیا، دەسەڵاتی ئەردۆغان سوور بووە لەسەر هەنگاوەکانی خۆی و یەک هەنگاویش پاشەکشەی نەکردووە و هەر ئەو پاشەکشە نەکردنەش وایکردووە دواجار یەکێتی ئەوروپا ناچار بێت لە ئاستی وەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوە رێک بخات.

بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا دوێنی چوارشەمیش دەستیان بە مەشقێکی سەربازیی لە نزیک یۆنان کرد و ئەو مەشقە سەربازییەش بە جۆرێک چاوسوورکردنەوە لە تورکیا هەژمار دەکرێت بەو هیوایەی  پاشەکشە لە هەڵوێستەکانیدا بکات.

مانۆڕە سەربازییەکە بە هاوبەشی لە نێوان یۆنان و فڕەنسا و ئیتاڵیا و قوبرس بەڕێوەدەچێت و مەڵبەندی مانۆڕەکەش دوورگەی کرێت و باشووری قوبرسە کە تورکیا بە هی خۆی دەزانێت.

ئەوروپا و رۆژئاوا چیتر لە تورکیای قبووڵ ناکەن
لەچەند ساڵی رابردوودا ئەردۆغان بە پلان و بەرنامە کاری کردووە بۆ بەهیزکردنی خۆی چ لە رووی ئابووری و چ لە رووی سیاسی لە دەرەوەی سنوورەکانی و هەموو ئەو هەنگاوانەشی سەرئێشەی بۆ دروست کردوون. تورکیا هەر ئێستە لە لیبیا هێزی هەیە و بەشێک لە خاکی سووریاشی داگیر کردووە  و سنووری هەرێمی کوردستانیشی بەزاندووە. تورکیا پێشتریش لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر پرسی کڕینی چەک کێشەی گەورەی هەبووە و بۆیەش چاوەڕوانی دەکرێ ئەوروپا و رۆژئاوا چیتر لە تورکیای قبووڵ نەکەن بەم شێوەیە ئەسبەکەی تاو بدات.


وشە - سلێمان تاشان