زێڕ تەنیا لە بەغداوە دەبێت هاوردە و هەناردە بكرێت

:: AM:11:38:02/09/2020 ‌
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و خراپی ئابووری لە دنیادا، زۆربەی ھاووڵاتییانی كوردستان ھەلەكەیان قۆستەوە و زێڕەكانیان كردە پارە، بازرگانان و زێڕنگرانیش ڕاستەوخۆ ئەو زێڕەی دەستیان دەكەوت دەیانكڕییەوە و بەهەلیان دەزانی ھەناردەی توركیا و دوبەی بكەن، بەڵام بڕیارێكی كازمی زێڕنگەرانی تووشی زیانی زۆر كردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، سەرباز باڵەكی خاوەنی زێڕنگری سەرباز بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "بەپێی بڕیارەكەی كازمی لە یەكی ئەیوولەوە دراوە، نابێت چیتر لە هەرێمی كوردستان و هیچ شارێكی عێراقەوە جگە لە بەغدا، زێڕ بچێتە دەرەوە".

زیاتر گوتی، بۆ ئەوەی ڕەسیدی زێڕ لە عێراق دانەبەزێت، چەند زێڕت ناردە دەرەوە دەبێت ئەوەندەیش بێنیتەوە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەو بازاڕەمان نییە و هاووڵاتییان زیانمەندی یەكەم دەبن.

زێڕ لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقیشەوە تەنیا دەبێت ببرێتە بەغدا
ڕوونی كردەوە، "ڕۆژی دووشەم 31ی ئابی ڕابردوو، ئۆنسەی زێڕ بە هەزار و 960 دۆلار بوو، زێڕ مسقاڵی عەیاری 21 نرخەكەی گەیشتە 330 هەزار. بەڵام بەپێی بڕیارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاو كرایەوە، هەناردەكردنی باری زێڕ لە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەغە كراوە. ئەوەش زیانی بە بازاڕی زێڕنگران گەیاند و ئێستە ناتوانن ئەو زێڕەی لە هاووڵاتییان وەریدەگرن هەناردەی دەرەوەی بكەن، بەو هۆیەوە نرخی مسقاڵی زێڕی نوێ و شكاو جیاوازیان زۆر بووە."

 ئاشكرای كرد، ڕۆژی سێشەم یەكی ئەیلوول ئەگەرچی لە هەموو دنیا ئۆنسەی زێڕ بەرز بووەوە بۆ هەزار و 992 دۆلار، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو ڕێگرییە مسقاڵی دەیكردەوە 325".

ئاماژەی دا، زێڕ لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقیشەوە تەنیا دەبێت ببرێتە بەغدا و لەوێوە ڕەوانەی تەواوی وڵاتانی دنیای دەكەن، ئێمە لەكاتی حەواڵە زیانمان زۆر پێ دەگات، بۆیە نرخی زێڕ ئەگەرچی بەرز بووەتەوە، بەڵام بۆ ئێمە زیانە، بۆیە نرخەكەی شكاوە.

دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات كە دوێنێ سێشەم یەكی ئەیلوول بە بڕیارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەناردەكردنی باری زێڕ لە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە كرا، بۆ ئەوەی زیان بە ڕەسیدی زێڕ نەگات و زێڕ لە عێراق بەبێ پلان هەناردەی دەرەوە نەكرێت.


وشە - محەمەد میران