تەوێڵە و بیارە بنكەی ئاگركوژێنەوەیان نییە

:: PM:04:42:02/09/2020 ‌
هەردوو شارەدێ تەوێڵە و بیارە لەگەڵ زیاتر لە 30 گوند، تا ئێستە بنكەی ئاگركوژێنەوەیان نییە و بەڕێوەبەری شارەدێ بیارەش دەڵێ، چەندان جار داوامان كردووە بنكەی ئاگركوژێنەوە لە بیارە بكرێتەوە، لەكاتی كەوتنەوەی ئاگریش لیژنەكەمان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.
پێشتر بنكەی ئاگركوژێنەوە هەبووە و دواتر بە بڕیارێك هەڵوەشێنراوەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، حەمید بارام بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شارەدێی بیارە ناوچەیەكی فراوانی پووش و پاوانی هەیە و ناوچەیەكی گرنگی گەشتیارییە و شارەدێ تەوێڵە و 30 گوندی لەگەڵه، كەچی‌ تا ئێستە بنكەی ئاگركوژێنەوەی نییە، ئەوەش گرفتێكی گەورەی شارەدێكەمانە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لە شارەدێی بیارە پێشتر بنكەی ئاگركوژێنەوە هەبووە و دواتر بە بڕیارێك هەڵوەشێنراوەتەوە و گوازراوەتەوە بۆ شارەدێی خورماڵ.

"لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ سەرووی خۆمان، بە نووسراو داوامان لێ كردوون كێشەی نەبوونی بنكەی ئاگركوژێنەوەمان بۆ چارەسەر بكەن، لەبەرئەوەی ساڵانە زیاد لە 30 ڕووداوی ئاگركەوتنەوە ڕوو دەدات، بەڵام تا ئێستە وەڵامێكی رژدمان وەرنەگرتووەتەوه". حەمید بارام وای گوت‌.

بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە دووپاتی دەكاتەوە، لە فەرمانگەكان لیژنەیەكیان پێكهێناوە، لە كاتی ئاگركەوتنەوە لە بری بەرگریی شارستانی ئاگرەكە دەكوژێننەوە‌، تاكە شتیش كە بەدەستیانەوە بێت بۆ كوژانەوەی ئاگر، تەنیا گەڵای دار و گوێنی تەڕە و زۆرجار كارمەندانمان ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە.

ناوچەی هەورامان ناوچەیەكی گرنگی گەشتیارییە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ساڵانە گەشتیارێكی زۆر ڕووی تێدەكەن و مەرجەكانی گەشتیاریی چوار وەرزی پایز و هاوین و بەهار و هاوینی تێدایە، بۆیە پێویستە دیمەنە جوان و ‌دڵڕفێنەكانی بپارێزرێت و ڕێ نەدرێت زیان بە جوانیی ناوچەكە بگات.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی


وشە - هیدایه‌ت جان