ئەو هونەرمەندانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیا دوور دەكەونەوە

:: AM:11:59:05/09/2020 ‌
لەم قۆناغەی ژیان و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیا و جۆرێك لە ئازادیی رەها كە لە سۆشیال میدیا دەبینرێت، هاوكات هەڵسوكەوتی خەڵك بەناوی ئازادیی بۆچوونەوە لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وایكردووە زۆرجار كێشە بۆ كەسایەتیی رۆشنبیری و هونەرمەندان دروست بكرێت. بۆیە زۆرن ئەو هونەرمەندانەی بەوهۆیەوە لە سۆشیال میدیا و بەتایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوور دەكەونەوە.
كات و شوێنی سازكردنی ئاهەنگەكانی شیرین عەبدولوەهاب چەواشە دەكران

لەوبارەیەوە پێگەی "ئەلعەرەبیە" كورتە راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە كە ئاماژەی بە چەندان ناوی هونەرمەندان داوە، بەهۆی كێشەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خۆیان دوور خستووەتەوە. هەموو ئەوانە بەهۆی دروستكردنی كێشە بۆیان سەرچاوەیان گرتووە.

زۆرجار كێشە زۆر تایبەتەكانی هونەرمەندان كە زۆرینەیان كێشەی خێزانین، كەچی بەناوی ئازادیی رەهاوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دێنە ورووژان، شریف مونیر یەك لەو هونەرمەندە ناودارانەی میسرە كە تووشی ئەو كێشەیە بووە. ناو و وێنەی خێزان و كچەكەی هاتە دنیای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لەو رێیەوە سووكایەتیی زۆریان پێ كراوە. بۆیە بڕیاری دا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوور بكەوێتەوە.

ماوەیەكی زۆر لە ڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە سووكایەتیی زۆر بە خاتوونە هونەرمەند شیرین عەبدولوەهاب كرا، پێوەندییە زۆر تایبەتەكانی لەو تۆڕانە بڵاو دەبوونەوە، جیالەوەی تەنانەت كات و شوێنی سازكردنی ئاهەنگەكانیشی چەواشە دەكران. بۆیە ناچار بوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوور بكەوێتەوە و بۆ ئەوەش گوتوویەتی "ئێستە زۆر ئاسوودەم بەو دووركەوتنەوەیە". بۆ ئەوەش ماوەی 10 مانگە هەواڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە بڵاو نەبووەتەوە.

ئەساڵە نەسریش كە گۆرانیبێژێكی زۆر ناوداری دنیای عەرەبییە، بەهەمانشێوە بەهۆی سووكایەتی پێكردنی لەڕێی سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ناچار بوو هەرچی وێنەی لە ئینستەگرام هەبوو، هەمووی بكێشێتەوە و فەیسبووكەكەیشی دابخات، لەگەڵ ئەوەشدا سووكایەتی پێی نەوەستاوە، بەڵام وەك خۆی گوتوویەتی، ئێستە زیاتر ئاسوودەیە وەك پێشتر لە رێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە تێكەڵی خەڵك دەبوو.

سابرین كە ئەكتەرێكی ناوداری میسرە، ماوەی نزیك لە 15 ساڵە سەر و باڵاپۆشیی بۆ خۆی هەڵبژاردبوو، بەمدواییە سەرپۆشەكەی فڕێ دا و لە وێنەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەوە، بەوهۆیەوە بەردەوام لەلایەن ئیسلامییەكانەوە هێرشی دەكرایە سەر و سووكایەتییەكی زۆریان پێ كرد، بۆیە ناچار بوو لە دنیای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوور بكەوێتەوە.

حەنان توركیش بەهەمانشێوەی سابرین تووشی ئەو كێشەیە بوو، بۆیە ناچار بوو لە سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوور بكەوێتەوە.

هونرەمەندان زۆرن كە بەهۆی بەڕەڵایی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەو دنیایە دوور كەوتوونەوە، هەندێكیان نەگەڕاونەتەوە و هەندێكشی تریشیان دوای ماوەیەك لە دووركەوتنەوە، دووبارە هاتنووەتە ناو ئەو دنیایە. نموونەیان عاسی حەلانی، راغب عەلامە، ئەلیسا، نەجوا كەرەم و زۆری تر.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د