توركیا چالاكێكی ئێرانی دەگرێ و مەترسی هەیە رادەستی ئێرانی بكاتەوە

:: AM:11:29:08/09/2020 ‌
دوای ئەوەی چالاكێكی ئێرانی لەلایەن توركیاوە گیراوە، مەترسیی پەناخوازانی تر ئەوەیە كە دەسەڵاتی توركیا ئەو ژنە چالاكە رادەستی ئێران بكاتەوە و بە رادەستكردنیشی ژیانی دەكەوێتە مەترسی.
ئەگەر رادەست بکرێتەوە ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە

پێگەی "ئەلعەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم هەشتی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی چالاكی ئێرانی مریەم شەریعەتمەداری دوێنێ لەلایەن پۆلیسی توركیاوە گیرا، چالاكانی ئێرانی مەترسیی ئەوەیان لێ نیشتووە كە توركیا رادەستی ئێرانی بكاتەوە، لەو حاڵەتەشدا ژیانی ئەو ژنە چالاكە دەكەوێتە مەترسی.

سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە تۆرینتۆ، داوای لە توركیا كردووە شەریعەتمەداری ئازاد بكات كە داوای مافی پەنابەری دەكات. ئەو سەنتەرە داوا لە توركیا دەكات رادەستی ئێرانی نەكاتەوە و ژیانی نەخاتە مەترسییەوە.

لەلایەكی تریشەوە كوڕی شای ئێران رەزا پەهلەوی، هۆشداریی دا لەوەی ژیانی شەریعەتمەداری لە مەترسیدایە و نابێ توركیا رادەستی ئێرانی بكاتەوە. ئەو چالاكە كە پێشتر لە ئێران گیراوە، لەگەڵ ئازادكردنی، خۆی گەیاندووەتە توركیا و داوای مافی پەنابەریی كردووە، بەڵام شەوی رابردوو لەلایەن پۆلیسی كۆچبەرانی توركیا گیراوە.

مریەم شەریعەتمەداری یەك لەوانەیە پێشتر خۆپێشاندانیان لە دژی سەپاندنی حیجاب لە ئێراندا كردووە. هەر دوێنێ گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو كرایەوە كە مریەم شەریعەتمەداری لەلایەن پۆلیسی توركیاوە دەگیرێت، ئێستەیش مەترسیی رادەستكردنەوەی بە ئێران هەیە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د