یه‌ڵماز گۆنای ئه‌كته‌ر، نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی باكوری كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی ناوێكی نه‌مری له مێژووی سینه‌مای دنیادا دروست كرد و ده‌یان كاری ناوازه‌ی بۆ نه‌وه‌كانی به‌جێ هێشت، 36 ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ به یه‌كجاری ماڵئاوایی له ژیان كرد.
یه‌ڵماز بۆتۆن ناسراو به یه‌ڵماز گۆنای، له یه‌كی نیسانی ساڵی 1937 له گوندی "یه‌نیجه"ى سه‌ر به شاری ئه‌ده‌نه له دایك و باوكێكی كورد و بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار له‌دایك بووه.
له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی و له منداڵی‌دا، له كێڵگه‌كانی گونده‌كه‌ی كاری كردووه، دواتر له ته‌مه‌نی گه‌نجیدا ڕوو ده‌كاته شاری ئه‌ده‌نه و خوێندنی سه‌ره‌تایی تا دوانه‌وه‌ندیی له‌وێ ته‌واو كردووه.
له ته‌مه‌نی 17 ساڵیش‌دا یه‌كه‌مین چیرۆكی بڵاو كردووه‌ته‌وه
گۆنای هه‌ر له ئه‌ده‌نه تێكه‌ڵی سینه‌ما و فیلم و خوێندنه‌وه ده‌بێت، له‌وێ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌كه‌ی ده‌ست به فرۆشتنی فیلم ده‌كات. ده‌ستی له نووسینی چیرۆكیشدا هه‌بووه، ئه‌مه‌ش وای لێ كردووه هه‌ر له ته‌مه‌نێكی زووه‌وه ده‌ست به نووسین بكات، له ته‌مه‌نی 17 ساڵیش‌دا یه‌كه‌مین چیرۆكی چاپكراوی به ناوی "لێكۆڵینه‌وه له سێ نادیار" بڵاو كردووه‌ته‌وه.
له ساڵی 1957 كه ته‌مه‌نی 19 ساڵ بووه، یه‌ڵماز گۆنای چووه‌ته كۆلیژی یاسا له زانكۆی ئه‌نقه‌ره، به‌ڵام ته‌نیا دوو مانگ لێی خوێندووه و وازی لێ هێناوه.
ساڵی 1958 جارێكی تر چووه‌ته‌وه به‌ر خوێندن، ئه‌مجاره كۆلیژی ئابووریی له زانكۆی ئیستانبووڵ هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام ئه‌و خوێندنه‌شی له‌به‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسینه‌كانی و به‌تایبه‌ت چیرۆكێكی كه له‌و كاته‌دا به بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی كۆمۆنیستی تۆمه‌تبار كراوه، گیراوه و له خوێندكه‌ی دابڕاوه.
كوردیش نه‌بوومایه، پشتگیریم له‌م گه‌له سته‌ملێكراوه ده‌كرد
سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، له دیمانه‌یه‌كیدا به یه‌كێك له ڕۆژنامه‌كانی ڕاگه‌یاندووه، به‌هۆی ئاشكراكردنی ئه‌وه‌ی كه كورده، له خوێندن دایانبڕاندووه و كێشه‌ی سیاسی‌یان بۆ دروست كردووه، كاتێكیش ڕۆژنامه‌نووسه‌كه پێی ده‌ڵێ، بۆچی ئاشكرات كرد كه كوردیت له كاتێكدا ده‌تزانی له به‌رژه‌وه‌ندیی تۆ نییه، یه‌ڵماز گۆنای ده‌ڵێ: "ده‌مزانی له به‌رژه‌وه‌ندیی من نابێت، به‌ڵام كوردیش نه‌بوومایه، پشتگیریم له‌م گه‌له سته‌ملێكراوه ده‌كرد".
گۆنای یه‌كێك بووه له به‌ناوبانگترین و كاریگه‌رترین چیرۆكنووسه‌كانی سه‌رده‌می خۆی، ئه‌مه‌یش وای لێ كردووه حه‌ز بكات چیرۆكه‌كانی به زیندویه‌تى پێشانی خه‌ڵك بدات، ئه‌م ئاواته‌یشی له به‌رهه‌مهێنانی فیلم‌دا هاتووه‌ته دی، هه‌ر بۆیه سه‌ركه‌وتنێكی ئێجگار زۆری له‌م بوارانه به‌ده‌ست هێناوه و وه‌ك نووسه‌ری چیرۆك و سیناریۆنووس و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر درێژه‌ی به سه‌ركه‌وتنه‌كانی داوه.
له فیمی "مێگه‌ل"دا ژیانی خاڵ و دایكی پیشان ده‌دات
نهێنیی سه‌ركه‌وتنه‌كانی یه‌ڵماز گۆنای ئه‌وه بووه كه هیچ فیلمێكی دوور نه‌بوون له ڕاستییه‌وه و هه‌مووی باسی له ژیانی نه‌هامه‌تیی خه‌ڵك كردووه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان زۆر نزیك بوون له ژیانی خۆی، بۆ نموونه فیلمی "هیوا" كه له سیناریۆ و ده‌رهێنانی خۆی بووه، باسی له خێزانه‌كه‌ی خۆی به گشتی و باوك و براكه‌ی به تایبه‌تی كردووه، له فیمی "مێگه‌ل"یشدا ژیانی خاڵ و دایكی پیشان ده‌دات.
خه‌ڵاتی چڵه‌خورمای زێڕینی له فێستیڤاڵی "كان"ى فڕه‌نسا پێ به‌خشراوه
فیلمی "ڕێگا"یش كه ساڵی 1982 به‌رهه‌م هاتووه، ناودارترین فیلمی یه‌ڵماز گۆنایه، یه‌كێكیشه له تراجیدیترین فیلمه‌كانی مێژووی سینه‌مای دنیا، له سه‌ره‌تا تا كۆتایی فیلمه‌كه هیچ هیوایه‌كی تێدا به‌دی ناكرێت، باس له بێهیوایی و نائومێدیی گرتووانی یه‌كێك له گرتووخانه‌كانی توركیا ده‌كات، هه‌موو ئه‌و سووكایه‌تییانه پیشان ده‌دات كه پێیان ده‌كرێت، به‌تایبه‌تتریش باس له پێنج له گرتووه‌كان به ناوه‌كانی، یوسف، عومه‌ر، مه‌ولوود، محه‌مه‌د و سه‌یدعه‌لی ده‌كات، به یه‌كێك له سیاسیترین فیلمه‌كانی توركیا داده‌نرێت، هه‌ر له‌و ساڵه‌ی به‌رهه‌م هاتووه، خه‌ڵاتی چڵه‌خورمای زێڕینی له فێستیڤاڵی "كان"ى فڕه‌نسا پێ به‌خشراوه.
كاتێك له‌سه‌ر بابه‌تی سیاسی گیراوه، ساڵی 1973 ڕۆمانی "ساڵپا"ی له گرتووخانه‌ی سه‌لیمیه چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا ڕۆمانه‌كه‌ی حه‌وت جار چاپ كراوه‌ته‌وه و بۆ ده‌یان زمانی تر وه‌گێڕدراوه، ڕۆمانه‌كه به پڕفرۆش‌ترین و كاریگه‌رترین ڕۆمانی ساڵ هه‌ڵبژێردراوه و خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بییش به‌هۆی ئه‌و ڕۆمانه‌وه به یه‌ڵماز گۆنای نووسه‌ر به‌خشراوه.
یه‌ڵماز گۆنای چه‌ندان ڕۆمانی تری له هه‌مان ئاستی ساڵپا بڵاو كردووه‌ته‌وه، دواتریش درێژه‌ی به نووسینی سیناریۆی فیلم داوه، ئینجا چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كی بڵاو كردووه‌ته‌وه كه زیاتر ناوی گۆنای پێ بڵاو بووه‌ته‌وه.
حه‌وت ساڵ و نیوی له گرتووخانه به‌سه‌ر بردووه
له‌ناو توێژینه‌وه‌كانیدا، توێژینه‌وه‌ی "پێكهاته سیاسییه‌كان"ی تێدا بووه كه له‌دوای نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه، له‌لایه‌ن سیاسییه‌كانی توركیاوه سكاڵای لێ كراوه، چونكه باس له گه‌نده‌ڵی و ڕووه ناشرینیه‌كانی پێكهاته سیاسییه‌كانی توركیا ده‌كات و سته‌م و زۆردارییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وكاته به‌رانبه‌ر كورد به به‌ڵگه‌وه ئاشكرا ده‌كات، به‌و هۆیه‌وه سزای گرتنی بۆ ده‌رچووه و حه‌وت ساڵ و نیوی له گرتووخانه به‌سه‌ر بردووه.
قانعی شاعیر ده‌ڵێ:
گه‌رچی ﺩﻭﮊﻣﻦ ﻭﺍ ﺩهﺯﺍنێ من ﺑﻪ ﺩﯾﻠﯽ ﻻڵ ئه‌بم
ﺑﺎﺵ ﺑﺰﺍنێ ﮐﻮﻧﺠﯽ ﺯﯾﻨﺪﺍﻧﻢ ﻗﻮﺗﺎﺑﯿﺨﺎنه‌یه
ﺑﯿﺮﯼ ﺋﺎﺯﺍﺩﯾﻢ ﻟﻪ ﺯﯾﻨﺪﺍﻧﺎ ﻓﺮﺍﻭﺍﻧﺘﺮ ئه‌بێ
ﻗﻮڕ به‌سه‌ر ﺋﻪو ﺩﻭﮊﻣﻨﻪﯼ ﻫﯿﻮﺍﯼ ﺑﻪ ﺑﻪﻧﺪﯾﺨﺎﻧﻪﯾﻪ
ئه‌م كۆپله شیعره بۆ نه‌وه به نه‌وه‌ی شاعیران و ئه‌دیبان و تێكۆشه‌رانی كورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان گونجاوه، یه‌ڵماز گۆناییش یه‌كێك بووه له‌وانه و له‌دوای گرتنی زیاتر په‌ره‌ی به داكۆكیردن له مافه‌كانی كورد داوه، بۆیه له گرتووخانه كتێبی "سه‌باره‌ت به فاشیزم"ی نووسی كه ئه‌مه‌ش لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ڕژد بوو سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ته فاشیزمه‌كان و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری دروست كرد.
سینه‌مای كوردی له‌پێش یه‌ڵماز گۆنای ناوێكی هێنده مه‌زنی نه‌بووه، به‌ڵام به هاتنی ئه‌و بۆ دنیای هونه‌ر و دووپاتكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر كوردبوون و به‌رزكردنه‌وه‌ی ناوی كوردستان، سینه‌ما و فیلمی كوردی هه‌نگاوێكی به‌رزی نا و وای كرد به مردنی گۆناییش ئه‌و تابلۆ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌ی له بواره‌كه‌دا نه‌خشێندرابوو، به ئاسانی كاڵ نه‌بێته‌وه.
كاره‌كانی یه‌ڵماز گۆنای بوون به قوتابخانه‌ی سینه‌ما بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و وڵاتانی تریش، تا ئێسته‌ش فیلمه‌كانی ڕێگا، دیوار، مێگه‌ل و باوك.. هتد كه به وردی باس له كورد و نه‌هامه‌تییه‌كانی به‌سه‌ریاندا هاتووه ده‌كات، له‌ناو دنیای سینه‌مادا به به‌رزی ماونه‌ته‌وه.
گۆنای ته‌نیا نه‌وه‌ی كوردستان نییە و چووەتە دڵی هه‌موو تاكێكی دنیاوه
یه‌ڵماز گۆنای كورد بووه و ئه‌مه‌یشی به گوێی دنیا دا، به‌ڵام به‌هۆی داگیركردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان و پارچه‌پارچه‌كردنی، گۆنای ناسنامه‌ی وڵاتی توركیای هه‌ڵگرتبوو، دواتر كاره‌كانی وایان لێ كرد، له موڵكی توركیا و كوردستان بێته ده‌ره‌وه و ببێته كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌زنی دنیا، ئه‌مه‌یش وای كرد، گۆنای ته‌نیا نه‌وه‌ی كوردستان نه‌بێت و بچێته دڵی هه‌موو تاكێكی دنیاوه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ئاشقی سینه‌ما و ئه‌ده‌ب بوون.
له ماوه‌ی ژیانیدا، یه‌ڵماز گۆنای 119 فیلمی به‌رهه‌م هێنا، تێیدا وه‌ك ده‌رهێنه‌ر، به‌رهه‌مهێنه‌ر، سیناریۆنووس، ئه‌كته‌ر و ده‌یان كاری تر ڕۆڵی بینی، به‌هۆیه‌وه سه‌تان خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی و جیهانیی وه‌رگرت و له چه‌ندان فێستیڤاڵیشدا خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی تایبه‌تی وه‌رگرتووه، ئه‌مه‌یش وای كردووه له‌ناو سینه‌مای دنیادا وه‌ك ئه‌ستێره ناوی بهێنرێت.
مردنی یه‌ڵماز گۆنای و له‌دایكبوونی سینه‌مای كوردی:
له نۆی ئه‌یلوولی ساڵی 1984، له كه‌شێكی پاییزیدا به ته‌مه‌نی 47 ساڵی له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی شاری پاریسی پایته‌ختی فڕه‌نسا، یه‌ڵماز گۆنای ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی سینه‌ما و ئه‌ده‌بیی كوردستان و دنیا به نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه گیانی سپارد، میدیاكانی دنیا ئه‌م هه‌واڵه‌یان كرده مانشێتی سه‌ره‌كیی گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان و به گه‌وره‌یی نووسییان "فیلم مرد".
له ڕۆژی پێنجشه‌ممه 13ی ئه‌یلوولی هه‌مان ساڵ، واته چوار ڕۆژ دوای مردنی گۆنای، گه‌وره‌ترین پرسه له پاریس بۆ مردنی دانرا، تێیدا گه‌وره‌پیاوان، سیاسییه‌كان، نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و سینه‌مادۆست و هاووڵاتییانی فڕه‌نسا و ده‌یان وڵاتی تری ئه‌وروپی به‌شدارییان كرد، ته‌نانه‌ت فرانسۆ میتران سه‌رۆكی ئه‌وسای فڕه‌نسا، وه‌زیری ڕۆشنبیریی فڕه‌نسا و ده‌یان وه‌زیری تر ماڵئاواییان له ته‌رمی یه‌ڵماز گۆنای كرد، دواتریش له ئه‌ڵمانیا و چه‌ندان وڵاتی تر به‌و شێوه‌یه پرسه‌ی بۆ دانرا.
ته‌رمى یه‌ڵماز گۆنای له گۆڕستانی پێرلاشزی تایبه‌ت به كه‌سایه‌تییه ناودار و گه‌وره‌كانی فڕه‌نسا له شاری پاریس نێژراوه، ده‌یان په‌یكه‌ریشی له فڕه‌نسا و وڵاتانی تر بۆ دروست كراوه و ساڵانه له یادی مردنیدا چالاكیی شایسته لای په‌یكه‌ره‌كان و گۆره‌كه‌ی به‌ڕێوه ده‌چێت و ڕێزی لێ ده‌نرێت.