مەترسیی داگیركردنی زەوییەكانی سلێمانی دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و داواكاری گشتی

:: PM:03:42:19/09/2020 ‌
پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەدەن لە داگیركردنی زەوییەكانی سلێمانی و ئەنجوومەنی وەزیران و داواكاری گشتی لێ ئاگادار دەكەنەوە.
داگیرکارییەکە بە پشتیوانی دوو بەرپرسی سەربازی و حزبی دەستی پێ کردووە

سووتاندنی دار سنەوبەرەكانی سلێمانی و گۆیژە، بە سادەیی تێدەپەڕن و تا ئێستە هیچ كەسێك لەسەر ئەو كارە نەگیراوە، ئەگەرچی بەرپرسانی شارەوانی سلێمانی ڕەتی دەكەنەوە كە ئاگری دار سنەوبەرەكان تازەبن، بەڵام تا دێت كاردانەوەكان زیاتر دەبن.

هاوكار عەسكەری بەڕێوەبەری شارەوانی ڕاپەڕین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئاگری سنەوبەرەكانی سەر ڕێی تاسڵووجە هی چەند مانگێك پێش ئێستەن و تازە نین، هیچ كەسێكیش داواكاری بۆ پڕۆژەی بازرگانی لە شوێنی ئەو سنەوبەرانە نەداوەتە ئێمە.

دابان محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، داگیركاریی زەوییەكانی سلێمانی بە پشتیوانی دوو بەرپرسی سەربازی و دەستڕۆیشتووی سلێمانی و بەرپرسانی تری حزبی دەستی پێ كردووە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، نامانەوێ جارێ ناویان بەرین، لەبەرئەوەی دوێنێ پێوەندییان پێوە كردووین و دەڵێن ئێمە لە پشت ئەو كارانەوە نین، بەڵام ئێمە گوتوومانە، دەبێت ئەستۆپاكی خۆیان بسەلمێنن.

"لەسەر ئەو داگیركارییانە سەرەتا ئەنجوومەنی وەزیرانمان ئاگادار كردووەتەوە و بەدەم پرسەكەوە هاتوون، دواتر دەیدەینە داواكاری گشتی". دابان محەمەد وای گوت.

بەپێی لێدوانی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، 12 شوێن لە سلێمانی رووبەڕووی داگیركاری بوونەتەوە كە سیانیان لەناو سەنتەری شاردان، لە 100 دۆنم بەرەو سەری تێدایە تا دەگاتە هەزار دۆنم، هەمووی بە نایاسایی داگیر كراون.

دابان محەمەد دووپاتی دەكاتەوە، ئێمە سەرەتا ئەنجوومەنی وەزیرانمان ئاگادار كردووەتەوە و دواتر كەیسەكە دەدەینە داواكاری گشتیش.

زیاد كاكە ڕەزا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، سبەی لیژنەیەكی كاتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سەردانی هەردوو شوێنەكە دەكەن لە گۆیژە و تاسڵووجە، بۆ ئەوەی لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكان بكۆڵنەوە.

زیاتر گوتی ئەگەر ڕێگری لەو داگیركارییانە لە سلێمانی نەكرێت و زەوییە كشتوكاڵییەكان بە ئاسانی لەلایەن بەرپرسانی حزبییەوە داگیر بكرێن و بۆ پڕۆژەی بازرگانی بەكاریان بێنن، ئەوكات گەنجانی سلێمانی ئینتیمای نیشتمانیان نامێنێ و سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەڕۆن.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نایشارێتەوە، وەك فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەتەواوی دژی ئەم هەنگاوە دەوەستینەوە و كار دەكەین بۆ ڕاگرتنی.

وەك ئاماژەشی پێ دەدات، هەر كەس و لایەنێك دژی ئەو داگیركارییە بوەستێتەوە، ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەستخۆشی لێ دەكەین.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - هیدایه‌ت جان