رفاندنی چالاكێكی خۆپێشاندانەكان ناكۆكی دەخاتە نێوان كازمی و عەسائیب

:: PM:06:13:22/09/2020 ‌

لە شەمووی رابردووەوە چالاكێكی خۆپێشاندانەكانی ناسڕییە بەناوی سەجاد عێراقی لەلایەن گرووپێكی حەشدی شەعبییەوە رفێنراوە، دوای گوشاری جەماوەری، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هێزێكی دژەتیرۆری رەوانەی پارێزگای زیقاڕ كرد بۆ ئازادكردنی، ئێستەیش ناكۆكی لە نێوان گرووپی عەسائیب و دژەتیرۆر پەیدا بووە.
میلیشیاكان هۆزەكان لە كازمی و دژەتیرۆر هان دەدەن
جەواد تڵێباوی، سەركردە لە عەسائیب بە سەرۆكایەتی قەیس خزعەلی گوتی، ئەگەر قوربانیدانی هۆزەكانی زیقاڕ نەبووایە، سەركەوتن نەدەهاتە دی و دەوڵەت شكۆ و دەسەڵاتی نەدەما، بۆیە نەنگییە كازمی هێزەكانی دژەتیرۆری هێناوەتە سەر هۆزەكانی زیقاڕ و بە پاساوی بوونی كەسێكی رفێنراو دەیانترسێنێت.   

دوێنێ دووشەم كازمی فەرمانی بە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكان كرد بۆ رەوانەكردنی هێزێكی دژەتیرۆری عێراق بە پاڵپشتی هەلیكۆپتەر بۆ ئازادكردنی رفێنراوەكە و گرتنی رفێنەرانی لە پارێزگای زیقاڕ، لەوكاتەی سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای كرد كە تا ئێستە پرۆسەی گەڕان بەردەوامە، بەتایبەتی لە ناوچەی سەید دەخیل و گوندەكانی.

لەوكاتەی سەرچاوەیەكی تەناهی دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی عێراق چوار كەسیان لە پرۆسەیەكی دابەزاندنی هێز لە زیقاڕ گرتووە لە میانەی گەڕانیان بەدوای سەجاد عێراقیدا، ئەوكاتەی ئەوان بە چەند ئۆتۆمبیڵێكی بێ تابلۆ هەوڵی هەڵاتنیان داوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل