هێزە سیاسییەكانی چەند داواكارییەكیان خستووەتە پێش كازمی

:: PM:08:51:22/09/2020 ‌

دوێنێ كۆبوونەوەیەكی گرنگی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و هێزە سیاسییەكان سەبارەت بە بازنەكانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردن بەڕێوە چوو، بەشدارانی كۆبوونەوەكە گەیشتنە دوو پێشنیاز بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو تەنگژەی سەری هەڵداوە، جیا لە چەند بابەتێكی گرنگ پێوەست بە دۆخی عێراق.
دەبێت كازمی بوێرانەتەر مامەڵە لەگەڵ چەكی نایاساییدا بكات
عەقیل ردێنی، سەركردە لە هاوپەیمانی "نەسڕ" گوتی، لە كۆبوونەوەی دوێنێ دوو پێشنیاز سەبارەت بە چارەسەركردنی بازنەكانی هەڵبژاردن خرانە روو، یەكەم هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت یان هەر شارۆكەیەك بكرێتە بازنەیەك، دووەم، هەر پارێزگایەك بكرێتە 3-5 بازنە و هەر بازنەیەك بۆ سێ كورسی پەرلەمانی بێت، لەوكاتەی بۆچوونی بەشدارانی كۆبوونەوەكە لە پێشنیازی دووەمەوە نزیك بوو.  

زیاتر گوتی، كۆبوونەوەكە باسی چەند دۆسیەكی گرنگی كرد، لەوانە دووبارە نەكردنەوەی كێشەكانی هەڵبژاردنی 2018 و مەترسیی چەكی بەڕەڵا و كردنەئامانجی ئۆتۆمبێلەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەشداران داوایان لە كازمی كرد كە بوێرانەتر مامەڵە لە دوو دۆسیەدا بكات، یەكەمیان لەگەڵ ئەوانەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەنە ئامانج و دووەم دادگاییكردنی گەندەڵكاران، بەگشتی ئەوانەی بەشداریان لە كۆبوونەوەكە كرد بەگرنگیان زانی دۆخەكە بەرەو سەپاندنی شكۆ و دەسەڵاتی دەوڵەت بچێت.
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل