چین ترەمپ بە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی سیاسی تۆمەتبار دەكات

:: PM:09:27:22/09/2020 ‌

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا چینی بە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمەتبار كرد و داوای لە دنیا كرد لێپرسینەوە لەگەڵ پەكین بكات، باڵوێزی چین لە نەتەوە یەكگرتووەكان ترەمپی بە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی سیاسی لە رێگەی بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما دژ بە پەكین تۆمەتبار كرد.
تاكە چارەسەری تێپەڕاندنی تەنگژەكە هاوشانییە
چانگ جۆن، باڵوێزی چین لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ شەموو لە وەڵامی ترەمپ گوتی، لەوكاتەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتوندی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەجەنگێت، ئەمەریكا ڤایرۆسێكی سیاسی لێرە لەبەردەم كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاو دەكاتەوە، وەك ئاژانسی فرانس پرێس گواستییەوە. 

زیاتر گوتی، چین بە توندی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی ئەمەریكا رەت دەكاتەوە و ئەو قسانە لەگەڵ كەشی ناو كۆمەڵەی گشتی ناگونجێت.

ئەوە لەوكاتەی شی جین بینگ، سەرۆكی چین لە وتەیەكی لەبەردەم كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند ئەوان لە بابەتی كۆرۆنادا بە سیاسیكردن و فەرامۆشكردن رەت دەكەنەوە و تاكە چارەسەری تێپەڕاندنی تەنگژەكە هاوشانییە، ئەو داوای لە سەرانی دنیا كرد خۆیان لە بەریەككەوتنی شارستانیەتییەكان بەدوور بگرن.

ئەمڕۆ ترەمپ لەبەردەم كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی، پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ چین بكەین بەهۆی ئەوەی بەرپرسە لە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا، چونكە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە، گەشتە ناوخۆییەكانی قەدەغە كرد، كەچی رێگەی بە گەشتی فڕۆكەكان بۆ دەرەوەی چین و بڵاوكردنەوەی پەتاكە لە دنیا دا.

روونی كردەوە، حكوومەتی چین و رێكخراوی تەندروستی جیهانی كە نزیكەی چین بەتەواوەتی كۆنترۆڵی كردووە، بەهەڵە رایان گەیاند كە هیچ بەڵگەیەك نییە بەوەی پەتاكە لە نێوان مرۆڤدا دەگوازرێتەوە، بۆیە پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان لێپرسینەوە لەگەڵ چین بكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل