یوتیوب بەشێك لە بەكارهێنەرانی ئایفۆن لە تایبەتمەندییەك بێبەش دەكات

:: AM:10:23:23/09/2020 ‌
بەشێك لە بەكارهێنەرانی مۆبایلی ئایفۆن لە تایبەتمەندیی PIP  تۆڕی كۆمەڵایەتیی یوتیوب بێبەش كراون، ئەمەش یوتیوبی تووشی ڕەخنە كردووە.

بەشێك لە بەكارهێنەرانی ئایفۆن كە سیستمی مۆبایلەكەیان بۆ IOS 14 بەرز كردووەتەوە، ڕەخنەیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی یوتیوب گرتووە، چونكە لە تایبەتمەندیی PIP بێبەشی كردوون.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤێرژنی نوێی سیستمی ئایفۆن كە بە IOS 14 ناسراوە، تۆڕی كۆمەڵایەتیی یوتیوب تایبەتمەندیی PIPی بۆ بەكارهێنەرانی زیاد كرد، ئەم تایبەتمەندییە وا دەكات لەگەڵ سەیركردنی ڤیدیۆیەك لە یوتیوب، بتوانی بڕۆیتە دەرەوە لە بەرنامەكە و خەریكی شتێكی تری وەك چاتكردن بیت لە مۆبایلەكەت.

لە تایبەتمەندیی PIP بێبەشی كردوون

ئەم تایبەتمەندییەی یوتیوب زیادی كردووە، بۆ بەكارهێنەران زۆر باشە و دەستخۆشییەكی زۆری بۆ هاتووە، بەڵام بۆ ئەو كەسانە كارا نییە كە بەرنامەی یوتیوبیان لەڕێی ئەپ ستۆرەوە بە خۆڕایی دابەزاندووە، واتە تەنیا بۆ ئەو بەكارهێنەرانەی ئایفۆن بەردەستە كە بەرنامەی یوتیوبیان لەڕێی پارەدانەوە بەكار هێناوە و YouTube Premiumیان هەیە.

بەكارهێنەرانی یوتیوب لە مۆبایلی ئایفۆن كە بەرنامەكەیان بەخۆڕایی دابەزاندووە، كاتێك كلیك لەسەر ئاماژەی PIP دەكەن، لە بەرنامەی یوتیوب دەیانكاتە دەرەوە، لە جیاتی ئەوەی تەنیا شاشەكەیان بۆ بچووك بكاتەوە و بەردەوام بن لە بەكارهێنانی بەرنامەكە.

تایبەتمەندیی PIP ماوەی چەند ساڵێكە لە مۆبایلەكانی سیستمی ئەندرۆید بەردەستە، بەڵام ئەمە یەكەم جارە سیستمی IOS بۆی زیاد بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا بۆ ئایفۆنە و لە ئایپادتدا كارا نییە، لە ئایفۆنیشدا كێشەی هەیە.


وشە - ڕێناس شابان