باری ژیانی ئێرانییەكان قورستر بووە

:: PM:04:55:23/09/2020 ‌
خەرجیی مانگانەی هەر خێزانێكی ئێرانی لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 34% زۆرتر بووە و نرخی پێداویستییە سەرەكییەكان زۆر گرانتر بووە.

ناوەندی ئاماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەم دواین پێنوێنی هەڵاوسان بۆ دواین مانگی هاوینی بڵاو كردەوە، بەگوێرەی ئامارەكەش ئەم مانگە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی هەڵاوسان 26% بەرز بووەتەوە.

لە بەشی خۆراك زۆرترین هەڵاوسان رووی داوە و زۆر لە پێداویستییە سەرەكییەكانی وەك خواردنەوە و ماست و شیر، نرخەكەیان بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
لە كابینەی حەسەن رۆحانی رێژەی هەڵاوسان 40%ی تێپەڕاند

بەگوێرەی ئەلعەرەبیە، لە زۆربەی كاڵاكانی تری وەك پێداویستییەكانی ناوماڵ و نرخی هاتوچۆ گران بوون. بە گشتی لە كابینەی حەسەن رۆحانی رێژەی هەڵاوسان 40%ی تێپەڕاند و لەوەتەی ئێران هەیە رێژەی هەڵاوسان تا ئەو ئستە زۆرە بەرز نەبووەتەوە.

بەشێك لەو هەڵاوسانە بۆ بێ بەهابوونی نرخی تمەن دەگەڕێتەوە و هەر ئەمڕۆ چوارشەم نرخی تمەن گەیشتە 28 هەزار تمەن بەرانبەر دۆلارێكی ئەمەریكا.

سزاكانی ئەمەریكا زۆرترین كاریگەریی لەسەر خەڵك هەبووە و بەهۆی ئەو سزایانە ژیانی خەڵك سەختتر بووە.


وشە - سلێمان تاشان