لە مانگێكدا 30 چالاكی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی كوردستان گیراون

:: PM:01:06:24/09/2020 ‌
لە دواین مانگی هاوینی ئەمساڵ لە رۆژهەڵاتی كوردستان، 30 چالاكی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە تۆمەتی جیاواز گیراون و سزای سێدارەدانی دوو بەندكراوی كوردیش پەسند كراوە.

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی مانگانەی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، زۆرینەی ئەو هاووڵاتییانەی رۆژهەڵاتی كوردستان تۆمەتەكەیان دیار نییە و بەشێكیشیان بە تۆمەتی دژایەتیكردنی كۆماری ئیسلامی یان هاوكاریكردنی حزبێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئێران گیراون.

ژمارەیەك لەم گیراوانە بە دەستەبەری ئازاد كراون، بەڵام بەشی زۆریان تەنانەت دیار نییە لە چ شوێنێك راگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

ئەوانەی گیراون هی شارەكانی سنە، كامیاران، ورمێ، كرماشان، مەریوان، جوانڕۆ، شنۆ، نەغەدە، بۆكان، پیرانشار و سەردەشتن.

لەو 30 كەسە چوار كەسیان بۆ جێبەجێكردنی گرتنی تاهەتایی رەوانەی گرتووخانە كراون  و زۆریان هیچ پێوەندییەكیان لەگەڵ خێزانەكانیان نییە و چارەنووسیان نادیارە.

هەر لەو مانگەدا سزای سێدارە بەسەر شاكێر بێهروزدا سەپێنراوە و داواكردنی پێداچوونەوەی سزای سێدارەدانی حەیدەر قوربانیش لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە رەت كراوەتەوە و مەترسی سێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە ئارادایە.

بە زەبری ئەشكەنجە و ئازاردان ددانپێدانیان لێ وەردەگیرێت
پێویستە بگوترێ زۆر لەو هاووڵاتییە كوردانەی سزای سێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت، بە زەبری ئەشكەنجە و ئازاردان ددانپێدانیان لێ وەردەگیرێت و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤیش لەم رووەوە بەردەوام ئێرانیان لەو كارانە ئاگادار كردووەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان