ئه‌فسه‌ر و به‌رپرسانی سوپا و هێزه‌كانی ڕووسیا له سووریا پرۆژه پێشنیازێكیان ئاراسته‌ی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان كردووه، تا ته‌واوی هێزه‌كانیان له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات بكشێننه‌وه و ته‌نیا به‌شێكی هێزه‌كانیان له فڕۆكه‌خانه‌ی قامیشلۆ بهێڵنه‌وه، ئه‌مه‌یش به كارتێكی فشار داده‌نرێ له‌سه‌ر كورد له ڕۆژئاوای كوردستان، چونكه هێزه‌كانی ڕووسیا له ناوچه‌كانی باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و له هێلی به‌ریه‌ككه‌وتنی هێزه‌كانی توركیا و هه‌سه‌ده بڵاوه‌یان كردووه و كشانه‌وه‌ی مه‌ترسی و ئه‌گه‌ری پێشڕه‌وی توركیا زیاد ده‌كات.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئه‌فسه‌ر و به‌رپرسانی ڕووسیا له سووریا له پرۆژه‌كه باسیان له‌وه كردووه، كه له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات هێزه‌كانیان ڕووبه‌ڕووی كۆسپ و ته‌گه‌ره و كێشه ده‌بنه‌وه و له بازگه‌كانی ئاسایشی ڕۆژئاوا كێشه‌یان بۆ دروست ده‌كرێت، بۆیه پێویسته له ناوچه‌كه بكشێینه‌وه و ته‌نیا هێزه‌كان له فڕۆكه‌خانه‌ی قامیشلۆ بمێننه‌وه و هێلی به‌یه‌كگه‌یشتنی هێزه‌كانی توركیا و هه‌سه‌ده جێ بهێڵن، كه هێزه‌كانی ڕووسیا وه‌ك نێوه‌ندگیرێك له نێوان هه‌ردوولا بڵاوبوونه‌ته‌وه، به ئامانجی ڕێگریكردن له ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی یه‌كتر، كه پێشتر له ئه‌نجامی ڕێككه‌وتنی ڕووسیا و توركیا ئه‌و هێزانه له شوێنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پاش كشانه‌وه‌یان بڵاوكرانه‌وه و توانیان كۆتایی به گرژی و كێشه‌كان بهێنن و هێرشی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات بوه‌ستێنن.
فه‌رید سه‌عدوون یه‌كێك له سیاسییه‌كانی كورد له ڕۆژئاوای كوردستان كه نزیكه له ڕژێمی به‌عسه‌وه له‌وباره‌وه دووپاتی له‌و زانیارییانه كردووه‌ته‌وه و ڕای گه‌یاندووه، كه داواكه‌ی هێزه‌كانی ڕووسیا له دوای ئه‌وه دێ، كه هێزه‌كانی هه‌سه‌ده هیچ هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كیان ناكه‌ن له جێبه‌جێكردن و ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیان له ناوچه‌كه و زۆرجاریش هێزه‌كانی ئاسایش و خه‌ڵكی ناوچه‌كه كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یان بۆ دروست ده‌كه‌ن، هاوكات ئه‌مه‌یش وه‌ك په‌یامێكه بۆ كورده‌كان له دوای هاتنی جێمس جیفری نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كورد و هه‌سه‌ده و دووپاتكردنه‌وه له مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه.
كارتی فشار دژی كورد به‌كارده‌هێنێت و هێزه‌كانی له نێوان سه‌نگه‌ری هه‌سه‌ده و هێزه‌كانی توركیا ده‌كێشێته‌وه
ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" نووسیویه‌تی، هه‌ریه‌ك له ڕژێمی به‌عس و ڕووسیا ده‌ستیان به هه‌وڵێكی چڕكردووه، بۆ ترساندنی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات، به نه‌هێشتنی هێزه‌كانی ڕووسیا له نێوانی هێزه‌كانی توركیا و هه‌سه‌ده و ڕێكردنه‌وه بۆ پێشڕه‌وی هێزه‌كانی توركیا بۆ داگیركردنی زیاتری ناوچه‌كه و ده‌ستكردنه‌وه به بۆردمانكردن له‌لایه‌ن تۆپخانه‌كان و فڕۆكه‌كانی جه‌نگی توركیاوه.
له به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه هاتووه، به دڵنیاییه‌وه دۆخێكه به ئارامی و ئاسایی نامێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر هاتوو هێزه‌كانی ڕووسیا له ناوچه‌كه بكشێنه‌وه و ڕێ له‌به‌رده‌م هێزه‌كانی توركیا چۆڵ بكه‌ن، له كاتێكدا هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش له‌وێ بوونیان نه‌ماوه و ته‌نیا له كێڵگه‌كانی نه‌وت جێگیربوون، ئیتر دۆخه‌كه به ته‌واوی له به‌رژه‌وه‌ندی توركیا ده‌شكێته‌وه و ئه‌گه‌رێكی دوور نییه كه توركیا ده‌ست به پێشڕه‌وی بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنی به كورد داوه كه چیتر ڕێ نه‌دات توركیا هێرشیان بكاته سه‌ر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌نكه‌ره پابه‌ندی داواكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نه‌بێ و گوێ نه‌دات به هه‌ڕه‌شه‌كانیان و ده‌ست به پێشڕه‌وی بكاته‌وه، ئه‌وا تاكه زیانمه‌ند له‌و نێوه‌نده‌دا كورده‌كان ده‌بن.
مه‌ترسی هه‌یه دوای كشانه‌وه‌یان توركیا ده‌ست به پێشڕه‌وی زیاتر بكات
له ئه‌نجامی ڕێككه‌وتنی نێوان ڕووسیا له‌گه‌ڵ توركیا و دواتریش له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده، هێزه‌كانی ڕووسیا له نێوان سه‌نگه‌ره‌كانی هه‌ردوولا بڵاوبوونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له به‌رده‌وامی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان بكه‌ن، به تایبه‌ت له ناوچه‌كانی گرێسپی و سه‌رێكانی و كۆبانێ تا ده‌گات به سنووری عێراق و سووریا و توركیا، ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه له ناوچه‌كه ماون له نزیك سنووره‌كانی توركیا كشاونه‌ته‌وه و له پارێزگه‌ی حه‌سه‌كه و به دیاریكراویش له كێڵگه‌كانی نه‌وت جێگیربوون كه كه‌وتووه‌ته ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری ڕۆژئاوای كوردستانه‌وه له نزیك پارێزگه‌ی دێرزوور و سنووری عێراقه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان بۆ ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌یان داوه، كه ئێسته ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كانی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی فورات خه‌ریكی نێوه‌ندگیرییه له نێوان كورد و هۆزه‌كانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه، له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش سه‌رپه‌رشتی دانوستاندنه‌كانی كوردی – كوردی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به ڕێككه‌وتن بگه‌ن و به هاوبه‌شی ناوچه‌كه به‌ڕێوه ببه‌ن، به دڵنیاییه‌وه له دروستبوونه‌وه‌ی كێشه له نێوان كورد و توركیا له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات فریای ئه‌و هه‌موو ناكۆكی و كێشه‌یه ناكه‌وێ و مه‌ترسی زۆر هه‌یه كه جارێكی تر كورد بكه‌ن به قوربانی و خۆیان ته‌نیا له ناوچه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ند له نه‌وت بمێننه‌وه، چونكه ئه‌وان ئامانجیان ئه‌وه‌یه كێڵگه‌كانی نه‌وت له ده‌ستی ئه‌وان بێ، كێ له ناوچه‌كه حوكم بكا و خاوه‌ن هێز و ده‌سه‌ڵات بێ، به‌لایانه‌وه گرنگییه‌كی ستراتیجی نییه.