عێراق.. هاوپەیمانان دەكرێنە ئامانج و ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دوێنێ ئاشكرا دەبن

:: PM:04:54:29/09/2020 ‌

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی ئەمرۆ سێشەم لە سنووری پارێزگای بابل لە خوار بەغدا، كاروانێكی هاوپەیمانان كەوتە بەر هێرش، لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە توانیویانە بگەنە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دوێنێی بەغدا كە تەواوی ئەندامانی خێزانێك كوژران.
كەمتەرخەمی هێزە تەناهییەكان تووشی سزایان دەكات
سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ سێشەم بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی پاڵپشتی لۆجیستی هاوپەیمانان لە نێوان پردی 15 و 16 لەسەر رێگەی خێرای شاری حلە، سەنتەری پارێزگای بابل تەقیوەتەوە، دووپاتی كردەوە كە هێرشەكە هیچ زیانێكی لێ نەكەوتەوە.

لای خۆیەوە نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق باسی چارەنووسی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دوێنێی ناوچەی رەزوانییە لە بەغدا كرد، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژ بەناوی نووسینگەكە رای گەیاند، ئەوەی دوێنێ رووی دا تاوانێكی ترسناك بوو و ئەو هێزە تەناهییەی ئەركی پاراستنی ناوچەكە بووە، راگیراون و هەر هێزێكی تر كەمتەرخەمی بكات هەمان چارەنووسیان دەبێت.

لای خۆیەوە عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە گەیشتوون بە ئەنجامدەرانی هەڵدانی دوو مووشەكەكەی رەزوانییە كە بووە هۆی كوژرانی تەواوی ئەندامانی خێزانێك، ئەو روونی كردەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق توانیویەتی بگات بە ئەنجامدەرانی هێرشە مووشەكییەكە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل