كوشتنی به‌ناز مه‌حموود له چه‌ند ساڵی ڕابردوو ده‌نگدانه‌وه و كاردانه‌وه‌ی زۆری له به‌ریتانیا به دوای خۆیدا هێنا و ئێسته‌یش كه‌ناڵی ئای تی ڤی به‌ریتانی چیرۆكی كوشتن و لێكۆڵینه‌وه و گرتنی تاوانبارانی كردووه‌ته درامایه‌ك و یه‌كه‌م ئه‌ڵقه‌ی پێشان درا، ڕۆژنامه‌ی "سكۆتش سه‌ن" له‌وباره‌وه بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و به دیاریكراوی به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره گه‌ڕاوه، كه ئێسته بكوژی به‌ناز كه باوكی خۆیه‌تی له كوێیه و كێیه و چی به‌سه‌رهاتووه.
پاش ئه‌وه‌ی میدیاكانی به‌ریتانیا ریكلام و تره‌یله‌ری درامای "شه‌ره‌ف"یان بڵاو كرده‌وه كه باس له چیرۆكی كوشتنی به‌ناز و لێكۆله‌رێكی پۆلیس ده‌كات كه به دوای تاوانبارانه‌وه ده‌چێ، زۆرترین پرسیار له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه له‌باره‌ی تاوانباری سه‌ره‌كی دروست بووه، كه ئێسته له كوێیه و چی به‌سه‌رهاتووه، پاش ئه‌وه‌ی كچه‌كه‌ی خۆی كوشت، ئایا گیراوه و له گرتووخانه‌یه، یان له كوێ ده‌ژی و چاره‌نووسی چییه.
زۆرێك له هاووڵاتییانی به‌ریتانیا پاش خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه هه‌واڵی دراماكه كه باس له‌و تاوانه ده‌كات، به‌رده‌وام پرسیویانه ئایا تاوانباره‌كان گیراون و سزای یاسایان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه؟ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له كۆتایی دراماكه ئه‌وه ڕوون ببێته‌وه، به‌ڵام پرسیاره‌كان یه‌كجار زۆرن و خه‌ڵكی به‌ریتانیا له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوای دۆسیه‌كه‌وه ده‌چن، بۆیه ڕۆژنامه‌ی "سكۆتش سه‌ن" زانیاری له‌باره‌ی چاره‌نووسی باوكی به‌ناز بڵاو كردووه‌ته‌وه و به "باوكه ئه‌هریمه‌نه‌كه" ناوی بردووه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، مه‌حموود مه‌حموود سه‌ربازێكی پێشووی ڕژێمی به‌عس بووه و له ڕیزه‌كانی سوپا له ساڵانی زوو ڕایكردووه و ڕووی كردووه‌ته به‌ریتانیا و داوای مافی په‌نابه‌ری له شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا كردووه، ته‌نیا خۆی نا به‌ڵكوو ماڵباته‌كه‌یشی له‌گه‌ڵیدا بوون.
له 2007ه‌وه گیراوه و حوكمی زیندانی هه‌میشه‌یی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه
مه‌حموود مه‌حموود و براكه‌ی به ناوی ئاری مه‌حموود، دوو كه‌سایه‌تی دیاری ناو ڕه‌وه‌ندی كوردی بوون له به‌ریتانیا، به تایبه‌ت ئه‌و په‌نابه‌ره كوردانه‌ی كه هه‌ست و خواستی مسوڵمانییه‌تی توندیان له هزردا بوو و به‌رده‌وام هاتوچۆی مزگه‌وتیان كردووه له باشووری له‌نده‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش كه مه‌حموودی باوكی به‌ناز به ده‌سته‌كانی خۆی كچه‌كه‌ی خۆی نه‌كوشتووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا به تاوانباری سه‌ره‌كی داده‌نرێت، هاوكات پێش كوشتنیشی به‌ناز چه‌ندان جار سكاڵای تۆمار كردووه و دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه باوكی به‌دوایه‌تی و كه‌سی تری ڕاسپاردووه تا بیكوژن، جارێكیش هه‌وڵی كوشتنی داوه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، له شه‌وی سه‌ری ساڵی 2006 به‌ناز له ماڵی خۆیان هه‌ڵاتووه و چووه‌ته ماڵی نه‌نكییه‌وه، باوكی به‌دوایدا چووه و ویستوویه‌تی هه‌ر ئه‌وكات بیكوژێت، به‌ڵام به‌ناز په‌نجه‌ره‌ی ژوورێكی شكاندووه و ڕایكردووه‌ته ده‌ره‌وه و ڕزگاری بووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له كاتی شكاندنی په‌نجه‌ره‌كه به‌ناز زامدار بووه و چووه‌ته نه‌خۆشخانه له‌وێ به په‌رستار و پزیشكه‌كانی گوتووه، كه ماڵباته‌كه‌ی هه‌وڵی كوشتنی ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر بیگه‌ڕێننه‌وه بۆ ماڵی باوكی یان نه‌نكی، به‌ڵام مه‌حموودی باوكی هاتووه‌ته نه‌خۆشخانه و له‌وێ دۆزیویه‌تییه‌وه و به‌ڵێنی زۆری پێداوه و قسه‌ی خۆشی زۆری بۆ كردووه، كه له‌گه‌ڵی بچێته ماڵه‌وه و هه‌موو شتێك باش ده‌بێ و له‌وپه‌ڕی ئاسایش و ته‌ناهیدا ده‌بێ و كه‌س ده‌ستی لێ نادات.
به تاوانباری سه‌ره‌كی و پلانداڕێژه‌ری تاوانه‌كه داده‌نرێت
به‌ناز به‌و قسانه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوه و بۆ ڕۆژی دواتر مه‌حموود مه‌حموودی باوكی كه ته‌مه‌نی 54 ساڵه ماڵه‌كه‌ی جێ ده‌هێڵێت له ناوچه‌ی میتشام و بكوژه‌كان ده‌نێرێته ماڵه‌وه، تا به‌ناز بكوژن و بیخه‌نه ناو جانتایاكه‌وه و ته‌رمه‌كه‌ی فڕێ بده‌ن و ئه‌م پلانه‌یش وه‌كو خۆی جێبه‌جێ كرا و كۆتایی به ژینی به‌ناز هێنرا.
پاش ساڵێك له كوشتنی به‌ناز، دواجار توانرا مه‌حموود مه‌حموود بگیرێت و ڕه‌وانه‌ی دادگه بكرێ له له‌نده‌ن و دادوه‌ر له كاتی دانیشتنه‌كه پێی گوتووه، ئێوه مرۆڤی زۆر دڵره‌ق و بێ‌ویژدانن، چۆن به ناوی نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه پێی ده‌ڵێن "شه‌ره‌ف" ده‌ستت چووه خوێن و گۆشتی خۆت و كچه‌كه‌ی خۆتت كوشت، ئه‌مه‌یش به سه‌ربه‌رزی و گێڕانه‌وه‌ی شه‌ره‌ف ناو ده‌به‌یت؟
دوای چه‌ندان دانیشتن، دادوه‌ر بڕیاری له‌سه‌ر دۆسییه‌كه‌دا و سه‌رجه‌م هه‌وڵ و داوای پارێزه‌رانی مه‌حموود مه‌حموودی ڕه‌ت كرده‌وه كه ده‌یانه‌ویست سزاكه‌ی سووك بكه‌ن و تاوانه‌كه له ئه‌ستۆی ئه‌و لابده‌ن، سه‌ره‌نجام مه‌حموود مه‌حموود له 2007ه‌وه خرایه گرتووخانه‌وه و دادگه سزای زیندانی هه‌میشه‌یی و تا مانه‌وه‌ی له ژیان به‌سه‌ردا سه‌پاند و ئێسته له یه‌كێك له گرتووخانه‌كانی به‌ریتانیا ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نی به‌ڕێ ده‌كات.
نه‌ك ته‌نیا مه‌حموود، به‌ڵكو دۆسییه‌كه فره‌وانتره و ئاری مه‌حموود كه ده‌كاته برای مه‌حموود و مامی به‌ناز، ئه‌میش به هه‌مانشێوه گیراوه و دادگه حوكمی زیندانیكردنی هه‌میشه‌یی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه و هه‌ردووكیان له نێو قه‌فه‌سی گرتووخانه‌ن و تا ته‌مه‌نیان ئازادی و ده‌ره‌وه نابیننه‌وه.