خەڵاتی باشترین وێنەكانی دنیای ئاژەڵان بۆ ساڵی 2020

:: PM:04:03:15/10/2020 ‌
خەڵاتی كێبەركێی باشترین فۆتۆكانی دنیای ئاژەڵان لە ساڵی 2020 بە بەشداری زیاتر لە 49 هەزار فۆتۆگرافەر بە 10 وێنەی بەخشرا، خەڵاتی یەكەمی ئەو فێستیڤاڵە درایە سێرگی گۆرشكۆف، ئەو فۆتۆگرافەرە بۆ ئامادەكردنی وێنەكەی 11 مانگ لەناو دارستاندا مایەوە.

لەناو وێنەكاندا كۆمەڵیك دیمەنی دڵخۆشكەر هەن كە هیوا بۆ ژیان لەناو سروشت دەگەڕێننەوە و هەندێك دیمەنی خەمبار دەبینرێت كە ناخی مرۆڤ دەهەژێنن، لەناویاندا وێنەی بێچووە مەیموونێك دەبینین كۆت و زنجیر كراوە و بە خەمباری دەڕوانێتە ئاسۆیەكی نادیار.

ئەمساڵ بۆ دیاریكردنی باشترین وێنەكان لە كۆی 49 هەزار وێنە 100 وێنە خرانە كێبەركێ و لەناویاندا 10 وێنە لە سێكتەری جیاواز خەڵاتیان وەرگرت، بەڵام خەڵاتی سەرەكی درایە سێرگی گۆرشكۆفی رووسی كە وێنەی بەورێكی كێشاوە درەختێكی لە ئامێز گرتووە.

خەڵاتی سەرەكی بۆ لەئامێزگرتنی درەختێك


خەڵاتی یەكەمی فۆتۆی دنیای ئاژەڵان بە سێرگی كۆرشكۆف، وێنەكە دیمەنی لەئامێزگرتنی درەختێكە كە بەورێكی سیبیریایی بۆ دەستنیشانكردنی قەڵەمڕەوی خۆی لە ئامێژی گرتووە، فۆتۆگرافەرەكە دەڵێ، ماوەی 11 مانگ لەناو دارستان مامەوە و بە كامێرای راو توانیم ئەو دیمەنە تۆمار بكەم. دیمەنەكە وەك تابلۆیەكە كە بە بۆیە كێشرابێتەوە، شێوە و رووناكییەكەی بە جۆرێكە وەك ئەوەی بەورەكە بەشێك بێت لە دارستانەكە، كلكی لەگەڵ دەماری درەختەكە تێكەڵ بووە و وەك ئەوەی لقێك بێت لە درەختەكە.

گرنگی ئەو وێنەیە لەوەدایە، بەوری سیبیریایی مەترسی لەناوچوونی لەسەرە و لەو دیمەنەدا بەورێكی مێ بۆ دانانی قەڵەمڕەو و لە وەرزی جووتبووندا لەشی خۆی لە دارەكە دەسوێت بۆ ئەوەی بەوری نێر هەست بە بۆنەكەی بكات و لێی نزیك بێتەوە، لیژنەی هەڵسەنگاندن ئەو وێنەیان وەك گەشبینییەك بۆ رزگاربوونی تۆرەمەی بەوری سیبیریا لە لەناوچوون دەستنیشان كردووە.

پۆرترەی مەیموون


وێنەی مەیموونی "قەپۆز زل" لووتدرێژ لەناو بەشی پۆرترەی ئاژەڵاندا خەڵاتی باشترینی پێ بەخشرا، مۆگنیس تۆڵی دانیماركی ئەو وێنەیەی لە دوورگەی بۆرینئۆ گرتووە، لووتی ئەو مەیموونە گەنجە لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی گەورەتر دەبێت و دەبێتە هۆكاری گڕبوونی دەنگی، هەرچەند گەورەبوونی لووتی رێ لە خواردنی دەگرێت، بەڵام هەستەكانی تری بەهێز دەكات.

بوونەوەرە دەریاییەكان


ماسی تێكەڵە خەڵاتی باشترین وێنەی بوونەوەرە دەریاییەكانی بەدەست هێنا، ئەو وێنەیە لەلایەن سۆندا كای، فۆتۆگرافەری چینییەوە گیراوە و وێنەكە لە كەنارەكانی دەریای فیلیپین تۆمار كراوە، ئەو جۆرە ماسییە كە متوربەی هەشتپێ و ماسی فلیپینییە، جۆرێكی دەگمەنە و بە یەك لە سەرسامهێنەرترین زیندەوەرە ئاوییەكان هەژمار دەكرێت.

بۆقی شووشەیی


بۆقی شووشەیی جۆرێكی دەگمەنە كە تەنیا لە ژینگەی ئیكوادۆر دەست دەكەوێت و بەرەو لەناوچوون دەچێت، لە وێنەكەدا دەردەكەوێ، بۆقەكە لەژێر باراندا جاڵجاڵۆكەیەكی راو كردووە و خەریكە قووتی دەدات. وێنەكە لەلایەن خایمە كولبراسی ئیسپانییەوە گیراوە و خەڵاتی باشترین وێنەی لە بەشی رەفتاری ئاژەڵان وەرگرتووە.

باشترین وێنەی میدیایی


ماكاك، بێچووە مەیموونێكی كۆت و زنجیركراوە و لەناو مەیدانی ئاژەڵفرۆشان چاوەڕوانی كڕیارێك دەكات، لەناو وێنەكەدا دەردەكەوێ ئەو بێچوە مەیموونە چەندە خەمبارە، وەك كۆیلەیەكی بێ زمان لە ژینگەی خۆی دوور خراوەتەوە و هێنراوەتە ناوشار بۆ فرۆشتن. وێنەكە لەلایەن پۆل هیڵتنەوە گیراوە و خەڵاتی باشترین وێنەهەواڵی دنیای ئاژەڵانی پێ بەخشرا

ئاژەڵە شیردەرەكان


ئەو بێچووە پشیلە كێوییانە لە ستیپهای كینگای تبت، لە باكوری رۆژئاوای چین دەژین، وێنەگرەكە لەكاتی گەڕانی ئەو پشیلە كێوییانە بۆ خواردن وێنەی لێ گرتوون، بەڵام لەناكاو دایكیان ئاگاداریان دەكاتەوە كە شوێنەكە مەترسیدارە و هەمووان بە ئاگاداركردنەوەی دایكیان رادەكەن.

فۆتۆی مێرمنداڵان


لینا هایكین كچە نەوجەوانی فینلەندی وێنەی رێوییەكی گرتووە كە قازێكی كێوی لە نێوان دوو بەرددا راو كردووە و بە بینینی كامێراكە حەپەساوە، ئەو وێنەیە لەلایەن لیژنەی فێستیڤاڵەكەوە بە "روانینی خۆشەویستی بۆ سروشت" ناو هێنراوە و خەڵاتی باشترین وێنەی مێرمنداڵانی فێستیڤاڵی پێ بەخشراوە.

فۆتۆی منداڵان


سام سیلووسی ئەندەنووسی تەمەنی 11 ساڵانە و وێنەی ئەو پشیلەماسییەی لە دەریای ئەندەنووسیا گرتووە، تا ئەوكاتەیش كە وێنەكەی خەڵاتی وەرگرت نەیدەزانی بۆچی ماسییەكە دەمی كردووەتەوە، بەڵام دواتر لیژنەی فێستیڤاڵەكە تێیان گەیاند كە ماسییەكە كەوتووەتە داوی ئەو رووەكە گۆشتخۆرانەی دەوروبەری و هەوڵی خۆرزگاركردن دەدات. ئەو وێنەیە خەڵاتی باشترین وێنەی منداڵانی پێ بەخشرا.









وشە - هیدایه‌ت جان