فالح فەیاز: سووتاندنی بارەگای پارتی تاوانكارییە

:: PM:10:49:19/10/2020 ‌

دوای ئەوەی شەمووی رابردوو گرووپێكی نزیك لە حەشدی شەعبی هەڵیان كوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و سووتاندیان، جیا لە سووتاندنی ئاڵای كوردستان، فاڵح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی چەند لایەنێكی یاساشكێنی بە كردنە ئامانجی نێردە دیپلۆماسییەكان تاوان بار كرد و دووپاتی كردەوە، بە هەڵدانی ئاڵای حەشدی شەعبی لەسەر بارەگای پارتی  هەستمان بە شەرمەزاری كرد.

فالح فەیاز ئەمڕۆ دووشەم لە لێدوانێكی بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمی عێراق گوتی، حەشدی شەعبی دەستەیەكی فەرمی لە چوارچێوەی دامەزراوەكانی دەوڵەتە، ئەوانەی نێردە دیپلۆماسییەكان دەكەنە ئامانج، لایەنی پێشێلكار و یاساشكێنن.
پێویستە لێكۆڵینەوە لە سووتاندنی بارەگای پارتی بكرێت
روونی كردەوە، سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا كارێكی بەداخەوەین بۆی و ئەوەی رووی دا تاوانكاری بوو و هەستمان بە شەرمەزاری كرد بە بەرزكردنەوەی ئاڵای حەشدی شەعبی لەسەر بارەگاكە. 

لای خۆیەوە بەها نووری، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوای لێكۆڵینەوەی لە سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا كرد و لە بەیاننامەیەكدا روونی كردەوە، پێویستە حكوومەتی عێراق لێكۆڵینەوە لە رووداوی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان بكات، ئاماژەی كرد، چەند لایەنێكی دزەكردوو هەن دەیانەوێ كارتەكان تێكەڵ بكەن و تۆوی دووبەرەكی لە نێوان رۆڵەكانی گەلی عێراق بچێنن.  
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل